پێشبینی دەکرێت تا ساڵی 2050 پلەی گەرما لە عێراق 2.5 پلە بەرز ببێتەوە

بە گوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی ژینگەی عێراق، تەنها 14 ملیۆن دۆنم زەوی لە عێراق بە کەڵکی کشتوکاڵ ماون و لە سەدا 71ـی زەوییە بەراوەکانی عێراق بە بیابان بوون، ئەمە جگە لەوەی ساڵانە 100 هەزار دۆنم زەوی بەهۆی بە بیابان بوونەوە بێ پیت دەبن.

بە بیابان بوون، بووەتە مەترسییەکی جددی بۆ سەر داهاتووی ژینگە و کەشوهەوای عێراق و خۆڵبارینیش هەڕەشە لە تەندروستیی عێراقییەکان دەکات.

بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی نەتەوە یەکگرتووەکان، عێراق لە نێو ئەو پێنج وڵاتانەی جیهاندایە، کە زۆرترین زیانی لە گۆڕانەکانی کەشوهەوا بەرکەوتووە، هەر ئەو ڕێکخراوەش پێشبینی دەکات تاوەکو ساڵی 2050 تێکڕای پلەی گەرمی لە عێراق، 2.5 پلە بەرز ببێتەوە.

رێکخراوی یونسکۆش، 25 وڵاتی جیهانی وەکو خراپترین وڵات دیاری کردوون لە قەیرانی کەمبوونەوەی ئاوی ژێرزەوی تێیاندا،  عێراق لە پلەی 12ـەمیندایە و ڕێکخراوەکە پێشبینی دەکات تاوەکو ساڵی 2050، عێراق لە سەدا 20ـی ئاوی ژێرزەوی خۆی لەدەست بدات.

هەروەها ناوەندی بەیدەر بۆ توێژینەوە و پلاندانان، بە پشتبەستن بە ئامارەکانی وەزارەتی ژینگەی عێراق توێژینەوەیەکی کردووە و تێیدا هاتووە، لە عێراق تەنها 14 ملیۆن دۆنم زەوی بە کەڵکی کشتوکاڵ کردن ماون و لە سەدا 71ـی زەوییە بەراوەکانی عێراق بوونەتە بیابان؛ ئەمە جگە لەوەی ساڵانە 100 هەزار دۆنم زەوی بەهۆی بە بیابان بوونەوە بێ پیت دەبن. ناوەندەکە ئاماژە بەوەش دەدات، لە سەدا 61ـی زەوی کشتوکاڵییەکان لەژێر هەڕەشەی بە شۆرەکات بوون دان، ئەمەش وای کردووە لە سەدا 70ـی بەرهەمی بەراوی عێراق کەم بکات. 

ئەو ئامارانەی باس کران، هۆکاری چەندین کارەساتی ژینگەیین، یەکێک لە دەرهاویشتەکانیشی خۆڵبارینە، کە عێراق ساڵانە لە وەرزی هاوین تووشی چەندان شەپۆلی خۆڵبارین دەبێت، هۆکاری سەرەکی ئەو حاڵەتەش کەمبوونەوەی باران و بە بیابان بوونی خاکە.

 بەگوێرەی توێژینەوەیەک کە هەردوو زانکۆی یەیڵ و کۆڵۆمبیای ئەمەریکی بە هاوکاری کۆڕبەندی ئابووری جیهانی کردوویانە، ئەو  خۆڵبارینانەی لە عێراق ڕوو دەدەن، هەڵگری 37 ماددەی ژەهراوی و زیاتر لە 147 بەکتریا و کەڕووی مەترسیدارن، هەر بەگوێرەی توێژینەوەکە عێراق لە ڕووی ئامادەکاری و پلانی حکوومەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا لە پلەی کۆتایی ڕیزبەندیی وڵاتاندایە.

ھەواڵی زیاتر