رۆژنامەی ھەولێر

پەیامی سەرۆك بارزانی بەبۆنەی جەژنی پیرۆزی قوربان

سەرۆک بارزانی پەیامێکی پیرۆزبایی بەبۆنەی جەژنی پیرۆزی قوربان بڵاوکردەوە، هەر لە درێژەی پەیامەکەدا داوا لە لایەنە سیاسییەکانی کوردستان کرد بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلی کوردستان بخەنە سەرووی ئامانجە بەرتەسکە حزبییەکان و کۆتایی بە چەقبەستوویی سیاسی بهێنن.

دەقی پەیامی پیرۆزبایی سەرۆک بارزانی:

بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان

بە بۆنەی هاتنەوەی جەژنی پیرۆزی قوربانەوە، پیرۆزبایی خۆم ئاراستەی موسڵمانانی كوردستان و عێراق و هەموو جیهان دەكەم. پیرۆزبایی تایبەتیش ئاراستەی خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەكان و سەرجەم هاووڵاتیانی خۆشەویستی كوردستان دەكەم. لەو بۆنە پیرۆزەدا لە خودای گەورە داواكارم خێر و خۆشی و ئاسوودەیی بۆ هەموو خەڵكی كوردستان و جیهان بەدی بهێننێت.

هەروەها لەو ساتە هەستیار و چارەنووسسازەدا پەیامم بۆ لایەن و هێزە سیاسییەكانی كوردستان ئەوەیە كە هەموو لایەك بیر لە بەرژەوەندییەكانی خەڵكی كوردستان بكەنەوە و بەرژەوەندییە باڵاكانی گەلەكەمان لەسەرووی ئامانج و بەرژەوەندیی بەرتەسك دابنێن و واز لەو ململانێیە بێ ئەنجامە و، ئەو خۆخۆرییە بێنن كە ماوەیەكە پڕۆسەی سیاسیی هەرێم بەدەستیەوە دەناڵێنێت. داوا دەكەم لەدوای جەژنی پیرۆزی قوربان لایەنە سیاسییەكانی هەرێم بە دڵسۆزی و هەستی نیشتیمانپەروەرانەوە بەیەكەوە كۆببننەوە و ئەو چەقبەستووییە سیاسییە چارەسەر بكەن و كۆتایی بەم دۆخە نالەبارە سیاسییە بهێنن. ئەمە ئەركێكی ویژدانی و نەتەوەیی و نیشتیمانییەو پێویستە هەموو لایەك بە هەستی بەرپرسیارێتییەوە مامەڵەی لەگەڵدا بكەن و بگەڕێنەوە سەر ڕێگەی ڕاست.

هیوادارم ئەم جەژنە دەستپێكێك بێت بۆ باشتربوونی بارودۆخی هەرێمی كوردستان و تێپەڕبوونی گرفتە سیاسییەكان و هەروەها بەرقەراربوونی ئاشتی و ئارامی و سەقامگیری لە ناوچەكەمان و سەرانسەری جیهان.

جەژنتان پیرۆز بێت و هەمیشە لە خۆشی و سەلامەتیدا بن.

مسعود بارزانی

9ی زیلحەججەی 1447ی كۆچی