رۆژنامەی ھەولێر

ئەمڕۆ سەندیکای هونەرمەندانی کوردستان جوانە سەعید خەڵات دەکات

شیڤان شێرزاد – هەولێر

 

لە درێژەی کار و چالاکییە هونەری و ڕۆشنبیرییەکانی سەندیکای هونەرمەندانی کوردستان لقی هەولێر بڕیارە ئێوارەی ئەمڕۆ کاتژمێر ٥ـی ئێوارە ڕێز لە تەمەنێکی لە بەخشش و داهێنانی هونەرمەند “جوانە سەعید” بگرێت، کە وەک ئەکادیمیستێک بووەتە نەخشە داڕێژەری پێشکەوتنی هونەری سینەما لە ڕووی پڕاکتیکی و زانستی ئەو هونەرە.

“هیوا سوعاد یونس” سەرۆکی سەندیکای هونەرمەندانی کوردستان لقی هەولێر سەبارەت بە ڕێزگرتن لە هەوڵ و بەخششی ئەو هونەرمەندە لە کایەی هونەری سینەمادا بە “هەولێر”ـی ڕاگەیاند: دیارە ئەزموونی هونەرمەندی سینەماکار جوانە سەعید لای هەمووان ڕوون و ئاشکرایە، کە چۆن لە ساڵانی ڕابردوودا توانیوویەتی بە هەموو توانای خۆی کار بۆ پێشکەوتنی هونەری حەوتەم و داهێنان دەکات لە ڕووی ئەکادیمییەوە و هەمیشە بە دوای نوێگەریدا دەگەڕێت و تا ئێستاش بەشداری لە چەندین کۆڕ و سیمیناری تایبەتدا کردووە و ئەزموونێکی بەرچاوی هەیە لە بوارەکە و بە یەکێک لە ناوە هەرە دیارەکانی نێو سینەمای کوردی هەژمار دەکرێت، کە دەتوانێت بە جوڵە هونەرییەکانی خۆی لەگەڵ ڕۆڵەکاندا بگونجێنێت، ئێمەش وەک سەندیکای هونەرمەندانی کوردستان، ڕێز لەو بەخششە دەگرێن، کە هونەرمەند پێشکەشی سینەمای کوردی کردووە.