رۆژنامەی ھەولێر

لە شەشەمین خولی جەژنەفیلمە نێودەوڵەتیەکەی سلێمانیدا

ئەرسەلان دەروێش

 

لەو سەردەمەوە کە مرۆڤ یەکەم شوێنپەنجەی خۆی لەسەر تاشەبەردەکانی ناو ئەشکەوتەکان هەڵکۆڵى و نەخشاند، هونەر وەک دیاردەیەکی فکری و جوانکاری، شانبەشانی پرسیارە گەورەکانی بوون و ژیان گەشەی کردووە. لە جیهانێکدا کە بەردەوام لە لێواری قەیرانی فکری، تووندوتیژی و داڕمانی بەهای مرۆڤایەتیدا گوزەر دەکات، هونەری حەوتەم تەنها ئامرازێکی چێژبەخش و کاتبەسەربردن نەبووە، بەڵکو بووەتە مینبەرێکی سەربەخۆ بۆ داکۆکیکردن لە ڕەهەندە ئەنتۆلۆژییەکانى ماناکانى بوون و ڕۆحی مرۆڤ.

دروشمی شەشەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتی سلێمانی، کە خۆی لە (شکۆی مرۆڤ)دا دەبینێتەوە، بانگەوازێکی قووڵە بۆ گەڕانەوەی کامێرا بۆ ئەرکە ڕەسەنەکەی؛ کە پاراستنی (شکۆى ئینسان)ـە، لە بەرامبەر میکانیزمەکانی سڕینەوە و بێڕەنگکردنی بەها مرۆییە بەرزەکاندا.
ئاخرشکۆی مرۆیی (Human Dignity) تەنها دەستەواژەیەکی یاسایی یان دروشمێکی سیاسی نییە، بەڵکو بنەمایەکی فەلسەفی ڕەهایە کە لە دەقە فکرییەکانی (ئیمانوێل کانت)ەوە تاوەکو جاڕنامەی گەردوونی مافەکانی مرۆڤ ڕەگی داكوتیوە. لە ژینگەیەکدا کە ستەم، جەنگ، هەژموونەکانی سیستەمی سەرمایەداری، یان پەراوێزخستنی کۆمەڵایەتی مرۆڤ دەچەوسێننەوە، یەکەم شت کە دەکەوێتە بەر هێرش، بریتییە لە شکۆو پایە مەعنەویی ئینسان , بۆیە لێرەوە هونەر و سینەما دەبنە زمانحاڵى ئەو مرۆڤانەی کە دەنگیان نییە و، تیشک دەخەنە سەر ئەو شوێنە تاریکانەی کە کەرامەتی مرۆڤ تێیدا پێشێل دەکرێت.
لە مێژووی سینەمای جیهانیدا، گەڕان بەدوای شکۆی مرۆڤدا قۆناغ بە قۆناغ گەشەی کردووە. لەسەردەمی فیلمى بێدەنگدا، چارلی چاپلین لە فیلمەکانیدا وەک (Modern Times) بەرگری لە کەرامەتی کرێکاری سادە دەکرد لە بەرامبەر دڕندەیی مەکینەی سەرمایەداری و پیشەسازیدا. پاشان لە ئەوروپادا و بە دیاریکراوی لە ڕەوتی (سینەمای ڕیالیزمی نوێی ئیتالی- Italian Neorealism)دا، کە کەسایەتییە گەورەکان وەک ڤیتۆریۆ دێ سیکا لە فیلمی (Bicycle Thieves) و ڕۆبێرتۆ ڕۆسێلینی پێشڕەوی بوون، کامێرا شۆڕشێکی بەرپاکرد. سینەما لە کۆشکی شازادەکان و پاڵەوانە خەیاڵییەکان دابەزییە خوارەوە بۆ سەر شەقامەکان، بۆ ناو هەژاران و لێقەوماوان و ئەو مرۆڤانەی کە لە کاتی جەنگدا شکۆیان پێشێلکرابوو.
لە قۆناغەکانی دواتریشدا، سینەمای نووسەر (Cinéma d’auteur) لە جیهاندا، لە فیلمەکانی ئیینگمار بێرگمان، تارکۆڤسکی و، کزیشتوف کیشلوفسکی پرسە فەلسەفییەکانی؛ شکۆ، ئازادی و، نەمریی ڕۆحی مرۆڤیان بە زمانێکی گەردوونی وێناکرد. بۆ نموونە، کیشلوفسکی لە تریلۆژیی (ڕەنگەکان)دا، بەتایبەت لە بەشی (شین)، بە قوڵاییەکی دەروونییەوە باسى چۆنیەتیی هەستانەوەی مرۆڤ دەکات لەناو خەم و نائومێدیدا بۆ گیڕانەوەی شکۆ و سەربەخۆیی تاکەکەسی.
ڕەوتى فیلمسازیی کوردیش، وەک ڕەوتێکی خاوەن تایبەتمەندیی جیۆپۆلەتیکی و کولتووری، جگەرگۆشەى دایکێکی بریندارە؛ دایکێک کە بە درێژایی مێژوو ڕووبەڕووی ستەمی نەژادیی، جینۆساید، کاولکاری و نکولیکردن لە بوونی نەتەوەیی بووەتەوە. هەر بۆیە، فیلمسازى کورد نەیتوانیوە وەک کایەیەکی جوانکاریی ڕووت لە هونەرى ( سینەما) بڕوانێت. لە سینەمای کوردیدا، کامێرا چەکێکی رۆشنبیری و مرۆییە بۆ سەلماندنی بوون و پاراستنی شکۆی نەتەوەیەک کە بێوچان لە هەوڵی پاراستنی زمان و خاک و کولتوورەکیدا بووە، بەو ئاراستەیەش سینەمای کوردی لە گێڕانەوەى چیرۆکەکانیدا، پرسی (شکۆ) لە سەر چەند رکێف و ئاستێکدا بەرجەستە کردووە، وەک:
• ئاستی نەتەوەیی: نیشاندانی مێژووى خەباتی ڕەوا، ستەمی جوگرافی و، ئازاری پەنابەری و دەربەدەری، کە تێیدا مرۆڤی کورد دەبێتە هێمای بەرخۆدان.
• ئاستی کۆمەڵایەتی: بەرەنگاربوونەوەی نەریتی توندوتیژ، ئازادیی ژنان و، پاراستنی کەرامەتی تاک لە ناو کۆمەڵگەیەکی پڕ لە گۆڕانکاری و تەنگژەدا.
ئەم ئەزموونە کوردییانە توانیویانە سنووری جوگرافی ببڕن و لە فێستیڤاڵە جیهانییەکاندا، شکۆی ونبووی مرۆڤی کورد بخەنە ڕوو.

یەڵماز گونەی؛ باوکی ڕوحی سینەمای کوردی و سیمبولی شکۆی نەشکاو:
لە مێژووی سینەمای کوردیدا، ناوێکی گەورە و درەوشاوە هەیە کە بووەتە چرای ڕێگەی نەوەکانی دوای خۆی؛ ئەویش سینەماکاری مەزن “یەڵماز گونەی”ـە.
گونەی تەنها دەرهێنەرێک نەبوو کە خەڵاتی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی وەک (پالم دۆڕ – (Palme d’Orی لە فێستیڤاڵە سینەماییەکەی کان بەدەست هێنابێت، بەڵکو ئەو بیرمەندێک و تێکۆشەرێکى ئازادیخواز و بوێر بوو کە لە پشت پەنجەرەى زیندانەکانیشەوە، فیلمى مەزنى وەک (Yol) و (Sürü)ی بەرهەم هێنا. یەڵماز گونەی کەرامەتی مرۆڤی چەوساوەی کردە سەنتەری تایتڵە سینەماییەکانی. ئەو نیشانی دا کە سینەما دەتوانێت هاوارێکى پڕ زایەڵە بێت دژی زیندان، ستەم و، دەسەڵاتی تۆتالیتار.
هەربۆیە، بەڕێوەچوونی شەشەمین خولى جەژنەفیلمە نێودەوڵەتیەکەی سلێمانی لە وادەی خۆیدا و لە ڕۆژی یادی ئەم کەسایەتییە مەزنەدا، پابەندبوونێکی ڕەمزی ژیرانەیە؛ بەو میراتە گەورەیەی گونەی بەجێهێشتووە؛ میراتێک کە بنەماکەی لەسەر ئازادی، دادپەروەری و، شکۆی مرۆڤ هەڵچنراوە.
ئەگەر رۆشناییەکیش بخینە سەر ڕۆڵی کۆمپانیای مەستی فیلم لە دامەزراندن و بەڕێوەبردنى جەژنەفیلمە نێودەوڵەتیەکەی سلێمانی، ئەوا دەبێت ئەو راستییە دووبارە بکەینەوە کە هەر کایەیەکی هونەری بۆ ئەوەی بگەشێتەوە، پێویستی بە ژێرخانێکی ڕێکخراو و ئیرادەیەکی پۆڵایین هەیە. کۆمپانیای (مەستی فیلم) وەک بزوێنەرێکی سەرەکی، لە خولی یەکەمەوە تاوەکو ئەم خولە نوێیە کە بە هاوبەشی لەگەڵ (KCG) سازی دەدات. توانیویەتی ئەم فێستیڤاڵە بکاتە یەکێک لە دیارترین و ڕۆشنترین سیماکانی کولتووری هەرێمی کوردستان و شارى سلێمانى، کە سەرەڕای قەیرانە داراییەکان، ئاستەنگە سیاسییەکان و، گرژییە بەردەوامەکانی ناوچەکە، بەردەوامبوونی ئەم فێستیڤاڵە بەڵگەیەکی حاشاهەڵنەگرە لەسەر زیندوویی پایتەختی ڕۆشنبیری و باوەڕی قووڵی بەڕێوەبەرانی بە گرنگیی دیالۆگی شارستانی لە ڕێگەی سینەماوە. ئەمساڵیش، لە کاتێکدا فێستیڤاڵەکە پێشوازی لە زیاتر لە ١٠٨ فیلم و ٢٥٠ میوانی نێودەوڵەتی و ناوخۆیی دەکات، لەگەڵ دەیان چالاکیی جۆراوجۆر، دەبێتە بەرزەک و مینبەرێکی گەورە بۆ پیشاندانی توانای ڕێکخراوەیی و هونەریی هەرێمی کوردستان لە میوانداریکردنی ڕووداوی گەورەی نێودەوڵەتیدا.
لە کۆتایییشدا دەبێت بڵێین هونەر هێزێکە بۆ ئازادى. سینەماش لەم دەڤەرەدا نەک هەر خواستێکی کولتوورییە، بەڵکو پێویستییەکی بوونگەراییە بۆ سەلماندنی ئەوەی کە گەلی کورد، لەگەڵ هەموو ئازار و قوربانیدانەکانیدا خاوەنی پەیامێکی مرۆڤدۆستانە و ژیارییە بۆ جیهان.
زەروورەتی بەردەوامبوونی ئەم ئیڤێنتە گەورەیە لەوەدایە کە دەتوانێت سلێمانی و کوردستان وەک ناوەندێکی گرنگی کۆبوونەوەی بەهرە داهێنەرەکانی جیهان بهێڵێتەوەو هەردەم چرایەکى بڵێسەداربێت بۆ پاراستنى شکۆى مرۆیی وهێزى هیواو خەونبینین بەئایندەیەکى ڕۆشنتر کە ئاشتى و ئازادى وئاسوودەیی بۆ مرۆڤایەتى تیابێتە دى .