رۆژنامەی ھەولێر

ڕۆڵی خێزان لە دروستکردنی کەسایەتیی منداڵدا

ڕێناس هاشم عوسمان

 

خێزان یەکەمین و گرنگترین یەکەی کۆمەڵگایە کە منداڵ چاوی لێ هەڵدەهێنێت و بەردی بناغەی کەسایەتیی لەوێدا دادەنرێت. ئەگەر جیهانی دەرەوە و قوتابخانە کاریگەرییەکی گرنگیان لەسەر فێرکردن و ئەزموونە جیاوازەکانی منداڵ هەبێت، ئەوا خێزان ئەو سەرچاوە سەرەکییەیە کە بنەما دەروونی، ئەخلاقی و ڕەفتارییەکانی مرۆڤ، بە تایبەتی لە قۆناغە سەرەتاییەکانی تەمەنیدا، دیاری دەکات.
منداڵ وەك پەڕەیەکی سپی وایە دایك و باوك بە ڕەفتار و کاردانەوەکانیان نەخشەی کەسایەتی ئەو پەڕەیە دەکێشن. لایەنی دەروونی یەکێکە لە هەستیارترین بەشەکانی کەسایەتی منداڵ و ڕاستەوخۆ پەیوەندی بەو سۆز، خۆشەویستی، بەخشندەیی و میهرەبانییەوە هەیە کە منداڵ لە ناوماڵدا وەری دەگرێت. کاتێك منداڵ لە ژینگەیەکی پڕ لە ئارامی، تێگەیشتن، خۆشەویستی و ڕێزدا گەورە دەبێت، هەست بە گرنگی و بەهاکەی خۆی دەکات و متمانەبەخۆبوونێکی بەهێز لە ناخیدا دروست دەبێت.
بە پێچەوانەوە، ئەگەر ژینگەی خێزانەکە پڕ بێت لە توندوتیژی، شەڕ و دەمەقاڵێی بەردەوام، یان منداڵ بەردەوام پەراوێز بخرێت و گرنگی پێ نەدرێت، ئەوا ئەگەری ئەوە هەیە کە منداڵ لە دڵەڕاوکێ، ترس و نائارامییە دەروونییەکاندا بژی. ئەم جۆرە ژینگەیە دەتوانێت کاریگەرییەکی نەرێنی لەسەر متمانە بەخۆبوون و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و شێوازی ڕەفتاری منداڵ دابنێت.
لە لایەکی ترەوە، خێزان یەکەمین قوتابخانەی فێربوونی بەها ئەخلاقی و کۆمەڵایەتییەکانە. منداڵ پێش ئەوەی گوێ لە ئامۆژگارییەکانی دایك و باوکك بگرێت، چاودێری ڕەفتار و مامەڵەکانیان دەکات. لە ڕێگەی تێبینی ‌کردن و لاساییکردنەوە، فێری شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ کەسانی تربە ڕاستگۆیی، ڕێزگرتن، بەرپرسیارێتی و هاوکاری دەبێت. بۆیە ڕەفتاری دایك و باوك زۆرجار کاریگەرییەکی زیاتر لەسەر منداڵ هەیە لە وشە و ئامۆژگارییەکان.
لە کۆتاییدا، خێزان شوێنێك نییە تەنها بۆ دابینکردنی پێداویستییە فیزیۆلۆژی و مادییەکانی منداڵ؛ بەڵکو شوێنی سەرەکیی پێکهێنانی کەسایەتی و بیرکردنەوە و بنەماکانی ژیانی ئەوە. بۆیە دروستکردنی ژینگەیەکی تەندروست، ئارام و پڕ لە خۆشەویستی لە ناوماڵدا بۆ منداڵ، یەکێکە لە گەورەترین وەبەرهێنانەکان کە دایك و باوك دەتوانن بۆ داهاتووی منداڵەکانیان و کۆمەڵگا بیکەن.