رۆژنامەی ھەولێر

کۆڵن وڵسن؛ ئەو نووسەرەی گەمژەیی ئەوانی تر ئازاری دەدا

ئارام كۆشكی – سلێمانی

 

هەندێک نووسەر هەن، ئەگەرچی خاوەنی ناوبانگێکی زۆریشن، بەڵام ئارەزووم نەبووە بیانناسم، یان بەرهەمەکانیان بخوێنمەوە، ئەمە بۆ هەندێک کتێبیش هەر وەها بووە، بەتایبەت ئەو کتێبانەی کە هەڵا و فەوزایان ناوەتەوە هیچ ئارەزوویەکم بۆ خوێندنەوەیان نەبزاوە، بەپێچەوانەی زۆر خوێنەری دیکەوە کە لەوکاتەدا دەکەونە هەڵپە بۆ ئەو کتێبانە. زۆر نووسەری ناودار هەن کە درەنگ ناسیومن، بێگومان پەشیمانم لە درەنگناسینیان،زۆر کتێبی گرنگ هەن درەنگ خوێندوومەتەوە، بۆ ئەمەشیان هەر پەشیمانم، بەڵام ئیدی من بەشێوەیەکی سروشتی و خۆکرد لەنێو ئەو جیهانەدام کە جیهانی خوێندنەوە و مەعریفەیە و بۆیە دەمەوێت هەموو شتێک بە سروشتی بێت و بەسروشتی خۆیشی بڕوات، نەک جۆرێک لە سەپاندنی تێدا بێت، چونکە وەکو پێشتریش پێداگرییم لەسەر کردووە، نووسین و خوێندنەوە ئەزموونکردنی ئازادییە، من شەیدای ئەو ئازادییەی نێو دونیای نووسین و خوێندنەوەم.
بەپێچەوانەی ئەو ناوبانگەی زۆرەی کە لەنێو نووسەران و ڕۆشنبیرانی کوردی نەوەکانی پێشوودا هەیبوو من زۆر درەنگ “کۆڵن وڵسن”ـم ناسی. یەکەم ناسیم لەڕێی ڕۆمانی “سەرگەردان لە سۆهۆ”وە بوو. ڕۆمانێک هێندە پێی کاریگەربووم کە هەرگیز لەبیرم ناچێت. پاڵەوانی ڕۆمانەکە لە شارۆچکەیەکی لاچەپەکی لەندەنەوە دێتە لەندەن و لەوێ تێکەڵ بە ژیانی کەسانی بێنەوا و بێپەناگە و سەعلوکان دەبێت. ئەوەی ئەو پاڵەوانە لە هەموان جیا دەکاتەوە ئەوەیە کە خۆی ون ناکات، لەنێو ئەو ژیانە پەڕپووت و وێرانەیەدا، کە کەوتووەتە ناوی، بەڵام هەر خەریکی خوێندنەوە و کاری خۆیەتی. ئەو لەوێیە نەک لەبەرئەوەی حەزی لەو ژیانەیە، یان بەشێکە لێی، بەڵکو لەبەرئەوەی دەیەوێت ئەزموون وەربگرێت. هەر بۆیە ژیانی خۆی ون ناکات.
کۆڵن وڵسن؛ ئەو نووسەرەی زۆربەی نووسەر و ڕۆشنبیرێکی کورد، بەتایبەت نەوەی حەفتاکان و هەشتاکان و تاڕادەیەکیش نەوەدەکان، سەرسامی ئەم نووسەرە بوون، بەڵام هەست دەکەم ئەو سەرسامییە، تەنها لە سەرسامیدا مایەوە و وەبەرنەهێنرا بۆ وەرگێڕانی بەرهەمەکانی، یان ڕەنگدانەوەکەیمان لەسەر ئاستی واقیعی دەقەکان نەبینی. چەند ساڵێک لەمەوبەر ڕۆمانی “سەرگەردان لە سۆهۆ” وەرگێڕدرا. لە ساڵی ڕابردووشدا دەزگای ڕۆسا دوو کتێبی دیکەی ئەم نووسەرەی بۆ زمانی کوردی وەرگێڕا. لەم ماوەی پێشوودا یەکێک لە کتێبەکانم خوێندەوە بەناوی “سێکس و گەنجانی ژیر” ئەم کتێبە پێشەکییەکی گرنگی هەیە، کە من لێرەدا تەنها هەڵوەستەیەکی کورت لەسەر پێشەکییەکەی دەکەم، چونکە پێموایە پێشەکییەکەی هێندەی تەواوی کتێبەکە گرنگە. لەوێدا خوێنەر هێندەی خوێندنەوەی چەند کتێبێک بەر بۆچوونی سەرسوڕهێنەر و سەرسامکەر دەکەوێت، کە لێرەدا چەند ڕستەیەکی دەخەمەڕوو.
لە جێگەیەکی ئەو پێشەکییەدا دەڵێت “دەمەوێت ئەوە دووپات بکەمەوە خەڵک کە گەورە دەبن، عاقڵتر و هۆشمەندتر نابن، بەڵکو زیاتر دەبەنگ دەبن.” لێرەوە ئەوە دەخرێتەڕوو، کە دەبەنگی و گەمژەیی مرۆڤەکان ئازاری ئەم نووسەری داوە، بۆیە لەم پێشەکییەدا لە چەند جێگەیەکی دیکەشدا ڕەخنەی خۆی لەبارەیانەوە دەخاتەڕوو. هەر لەم پێشەکیەدا پێداگریی لەسەر ئەو ڕۆحییەتە گەنجانەیە دەکات، کە مرۆڤ دەبێت لە خۆیدا بیپارێزێت. لە جێگەیەکدا ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، کە دوای ساڵانێکی زۆر لەوەی کە ویستوویەتی کەسێکی گەورە بکات بە ڕێبەری خۆی بەڵام دەڵێت ” بەجۆرێک کەسێکی گەورەم نەبینی بمەوێ وەکو ئەو بم.” دواتریش دەڵێت “ئێستا نموونەیەک لە گەورەکان نادۆزمەوە تا وەکو ئەو بم.”
دەشێ بپرسین ئەم نووسەرە بۆچی لە گەورەکان بێئومێدە. دەشێ لێرەوە بپەڕینەوە بۆ ئەوەی بەشێک لە گەورەکان خاوەنی عەقڵیەتی چەقبەستوون و وڵسن-یش دژ بەو چەقبەستنەیە. بۆیە بەبێ پەردە ستایشی گەنجایەتی دەکات و لایوایە ئەوەی پێشکەتن دروست دەکات ئەو ڕۆحیەتە گەنجانەیە، کە لەنێو کۆمەڵدا هەیە. هەر لەم بارەیەوە لە جێگەیەکدا دەنووسێت “تەواوی گەنجە ژیرەکان لە شتێکدا لەیەکتر دەچن: ئەوان ژیان جوان و دڵڕەق دەبینن.” کێشەی بەشی زۆری نەوەی ئێستا ئەوەیە کە چاوی جوانی ژیان نابینێ و تەنها دیوە دڵڕەقەکەی دەبینن، بەڵام ژیان تەنها دیوە دڵڕەقەکەی نییە، بەڵکو خاوەنی جوانی و ناسکییە و مرۆڤە ژیرەکان (نەک تەنها گەنجە ژیرەکان) تەنها نیوە بەتاڵەکەی پەرداخەکە نابینن، بەڵکو نیوە پڕەکەشی دەبینن.
هەر لەم کتێبەدا ئەم نووسەرە هانی هەموان دەدات، کە لە هەموو کارێکدا پشت خۆت ببەستیت و دەڵێت “ئەوەی پێویستی بە پشتبەستن بە کەسانێک بێت، کەسێکی لاوازە.” ئەم کتێبە مانیفێستێکە دژ بە لاوازی، بەڵام مانیفێستێک نا کە فوو بکاتە مرۆڤ (چەشنی جەماعەتی گەشەپێدانی مرۆیی)، بەڵکو مانیفێستێکە بۆ بەهێزی تاک، بەتایبەت تاکی گەنج، هاوکات پەرەدان بەو ڕۆحییەتە گەنجانەیە لەنێو هەمواندا، کە ڕۆحیەتێکە هەمیشە وزەیەکی ژیاندۆستی و داهێنەرانەی تێدایە.
کتێبەکانی کۆڵن وڵسن، ئەگەرچی درەنگ گەیشتنە کتێبخانەی کوردی و خوێنەری کوردزمان، بەڵام ئێستاش درەنگ نییە، بۆ ناسینی ئەم نووسەرە و دەکرێت هەر خوێنەرێکی شەیدای مەعریفە و خۆناسین، ببێتە خوێنەری ئەم کتێبە و کتێبەکانی دیکەی نووسەر کە بەردەستن، چونکە کۆڵن وڵسن؛ یەکێکە لەو نووسەرانەی کە گەمژەیی ئەوانی تر بە قووڵی ئازاریی دەدا و هەموو بەرهەمەکانی دژ بەو گەمژەییە نووسیوە.