رۆژنامەی ھەولێر

ناساندنی ڕۆمانی (مالینا) لە نووسینی (ئینگێبۆرگ باخمان)

کردنە کوردی: شۆڕش غەفووری – هەولێر

 

ڕۆمانی (مالینا – Malina) لە نووسینی (ئینگێبۆرگ باخمان – Ingeborg Bachmann)، نە تەنیا یەکێک لە گرنگترین بەرهەمە ئەدەبییەکانی ئەڵمانی‌زمانی دوای جەنگە، بەڵکو یەکێکە لە ئاڵۆزترین ئەزموونەکانی گێڕانەوە لە سەدەی بیستەم.

ڕۆمانەکە لەبارەی ژنە نووسەرێکە لە ڤیەننا کە لە نێوان دوو پیاو بە ناوەکانی (ئیڤان) و (ئەندرۆگنۆوس مالینا – androgynous Malina) دەژێت؛ بەڵام لە پشتی ئەم گێڕانەوە عاتیفی و سۆزدارانەیە، دونیایەک دڵەڕاوکێ، توندوتیژی، یادەوەری، زمان و سڕینەوە هەیە کە بەرامبەر بەم ژنە ڕوودەدات.
ڕۆمانی مالینا کە بە یەکەم بەشی پڕۆژەی تەواونەکراوی «شێوازەکانی مرگ» هەژمار دەکرێت، لە نێوان ژانرەکانی دەروونناسی، فەلسەفی، گێڕانەوەی ئۆتۆبیۆگرافی و کابووسی مۆدێڕن دەخوولێتەوە. باخمان لەم بەرهەمەدا، ئەزموونی ژنانەمان لە دونیای پیاوسالار، توندوتیژ و زمان‌پیس بۆ وێنا دەکات؛ دونیایەک کە تێیدا ئەشق، زمان و یادگە هەموویان ئاڵودەی دەسەڵات و مەحکوومن بە سڕینەوە.
هەر لە کاتی چاپ و بڵاوکردنەوەیەوە ڕۆمانی مالینا تا ئەمڕۆکە، شڕۆڤەی جیاوازی فیمینیستی و ئیگزیستانسیالیستی و دەروونشیکارانە و سیاسی لەسەر کراوە و تا ئێستاشی لەگەڵدا بێت ڕۆمانەکە وەک یەکێک لە قورسترین و درەوشاوەترین دەقەکانی دونیای مۆدێڕن ماوەتەوە.

پێکهاتەی ڕۆمانی مالینا
ڕۆمانەکە لە سێ بەش پێکهاتووە: «بەختەوەر لەگەڵ ئیڤان»، «پیاوی سێیەم» و «دواشتەکان». لە ڕووی ڕووکارەوە، گێڕانەوەکە لەبارەی ژنێکی نووسەرەوەیە لە ڤیەننا کە لە نێوان دوو پیاو دەژیت. ئیڤان نوێنەر و سیمبوولی ئەشق و حەز و ژیانی هەرڕۆژەیی و بەختەوەرییە. لە بەرامبەردا مالیناش کەسایەتییەکی سارد، لۆجیکی و تا ئاستێک بێ جێندەرە، کەسایەتییەک کە هاوماڵی گێڕەرەوەیە و زۆربەی جار ڕۆڵی چاودێر، شڕۆڤەکار یا تا ڕادەیەک ئەقڵانیەت دەگێڕێت.
هەرچەندی گێڕانەوەکەش دەچێتە پێشەوە، سنووری نێوان ئەم کەسایەتیانە هەڵدەوەشێتەوە و خوێنەر تێدەگات ڕۆمانەکە پێش ئەوەی چیرۆکی پەیوەندییە سۆزدارییەکان بێت، گۆڕەپانی داڕمانی هزر و زمانی گێڕەرەوەیە. یەکێک لە گرنگترین تایبەتمەندییەکانی ڕۆمانەکە، پێکهاتەی زمانەکەیەتی. باخمان لە گێڕانەوەی یەک ئاستی و کلاسیک دووردەکەوێتەوە و تێکستێک دەخوڵقێنێت کە تێیدا دیالۆگ، مۆنۆلۆگی دەروونی، خەیاڵ، بیرەوەری و بەش بەشی فەلسەفی تێکەڵ بە یەکتری دەبن. ئەم پێکهاتە پازێڵییە، تەنها ئەزموونێکی فۆرمالیستی نییە بەڵکو دەرەنجامی دۆزی سووژەیەکە کە زمان بە قەیرانی مێژووییەوە دەبەستێتەوە. زمان لە ڕۆمانی مالینا، نەک تەنیا ئامرازێک نییە بۆ پەیوەندی، بەڵکو پانتاییەکە بۆ توندوتیژیش، زمانێک کە دوای فاشیزم چیتر بێتاوان و بێگەرد نییە!

پیاوی سێیەم. کابووسی توندوتیژی و دەسەڵات
بەشی دووەمی ڕۆمانەکە، (پیاوی سێیەم)، چەقی تاریکی و هەترەشچوونی بەرهەمەکەیە کە تێیدا گێڕەرەوە دەکەوێتە ناو کابووسگەلێکەوە تێیاندا باوکی دەبێتە ئەشکەنجەدەر، بکوژ و نوێنەری دەسەڵاتی ڕەها. ئەم بەشە ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ ئەزموونی مێژوویی نازیزم، بەڵام باخمان دەیباتە ئاستێکی قووڵتر: توندوتیژی سیاسی و توندوتیژی پیاوسالاری دەبنە یەک.
باوک تەنیا کەسێکی ئەبستراکت نییە، بەڵکو پێکهاتەیەکە کە ژن دەسڕێتەوە، زمانەکەی لێ دەسێنێتەوە و بێدەنگی دەکات. لە خوێندنەوە فەڕەنسییەکان، بەتایبەت لە نەریتی پۆست پێکهاتەگەرایی، ئەم بەشە زیاتر وەک نمایشێکی سیمبولیک و هێزی یاسایی باوک شڕۆڤە کراوە.
لەم ڕووەوە، گێڕەرەوە نە تەنیا قوربانی مێژوو، بەڵکو قوربانیی زمانی پیاوانەشە. ئیڤان و مالینا، دوو ڕووخساری جیاوازی ژیانی گێڕەرەوەی باخمان، لەم ڕۆمانەدا پەیوەندیی ئەشق و لەنێوچوون بە وردەکارییەکی ئازارەوە تاوتوێ دەکات. ئەشقی گێڕەرەوە بۆ ئیڤان، هەرگیز تەواو و کامڵ نابێت.
ئیڤان، پیاوێکە حەزی بە ژیانی هەرڕۆژەیی، ئاسایی و تا ئاستێکیش سادەیە کە توانای تێگەیشتنی دونیای دەروونی نییە و خوازیاری پەیوەندییەکی سادە و بێ تەنگەژەیە. لە کاتێکدا گێڕەرەوە دەرگیری دڵەڕاوکێیەکی بناغەدارە کە ئۆقرە و ئارامی لێهەڵگرتووە. لە ئەنجامدا ئەشق لەبری ڕزگارکردن، دەگۆڕێت بۆ فۆڕمێکی لەنێوبەر.
ڕاوی یا گێڕەرەوە، بۆ خۆشەویستبوون دەبێت بەشێک لە خۆی لەبیر بکات و هەر ئەم لەبیرکردنەش دەبێتە هۆی لەنێوچوونی وردە وردەی خۆی. لە بەرامبەردا، کارەکتەری مالینا هەر لە سەرەتاوە تا کۆتایی ڕۆمانەکە خۆی ڕاز و نهێنییەکە. ئاخۆ ئەو پیاوێکی ڕاستەقینەیە؟ هاوماڵ و هاوڕای گێڕەرەوەیە؟ ڕەهەندی ئەقڵانیی زەینی گێڕەرەوەیە؟ یا کونجکۆڵێکی تەواوی پیاوانەیە کە ژن کۆنتڕۆڵ دەکات؟ ئەمە خۆی یەکێکە لە خاڵە بەهێزەکانی ڕۆمانەکە،
باخمان، وەڵامێکی ڕوون و بێ گرێ و گۆڵ ناخاتە بەردەست خوێنەر و لێدەگەڕێت کەسایەتییەکان لە ئاستێکی سیمبولیک و فرەواتایی بچنە پێشەوە. زۆرێک لە ڕەخنەگرانی ئینگلیزی زمان، بەتایبەت موتاڵا فیمینیستییەکانی دەیەی ١٩٨٠، مالینا بە ڕووخساری (دەروونیبوونی دەسەڵاتی پیاوانە) هەژمار دەکەن، دەنگێک کە ڕاوی ناچار بە سڕینەوەی خۆی دەکات.

کۆتایی مالینا. ئەمە کوشتنێک بوو
کۆتایی ڕۆمانەکە، یەکێکە لە بەناوبانگترین کۆتاییەکانی ئەدەبیاتی مۆدێڕن. گێڕەرەوە لە درزێکی ناو دیوار ون دەبێت و دوای ئەوە ڕستەیەکی کورت و شۆکهێنەر دێت: »ئەمە کوشتنێک بوو«. ئەم ڕستەیە هەموو ڕۆمانەکە دەخاتە بەردەم دید و ڕوانگەیەکی نوێوە.
مەرگی گێڕەرەوە، نە خۆکووژییە و نە داڕمانی دەروونی، بەڵکو ئەنجامی کردەیەکی مێژوویی، زمانی و جێندەرییە کە ژن مەحکووم دەکات بە نەمان و سڕینەوە. واتە ڕۆمانی مالینا تەنیا چیرۆکی ژنێک نییە، بەڵکو ڕاپۆرتێکی ئەدەبیشە لە سڕینەوەی سیستماتیکی دەنگی ژنان لە فەرهەنگی مۆدێڕن.

شێوازی نووسینی باخمان لە مالینا
ستایل و شێوازی باخمانیش لە سەرکەوتنی ئەم کتێبە ڕۆڵێکی بنەڕەتی هەیە. پەخشان و نووسینی باخمان هەم شاعیرانە، هەم چڕ و فەلسەفییە. ئەو کە بەر لەوەی ڕۆماننووس بێت، شاعیرێکی دیار بوو، هەستیارییەکی بێوێنەی بەرامبەر بە مۆسیقای زمان هەیە. زۆرێک لە ڕستەکانی ڕۆمانەکە فۆڕمێکی بڕگەیی و شاعیرانەیان هەیە و لە هەمان کاتیشدا واتایەکی گەورە و زۆر هەڵدەگرن.
ئەم تایبەتمەندییە، بووەتە هۆی ئەوەی کتێبی مالینا بۆ هەندێک لە خوێنەران قورس بێت و باش لێی تێنەگەن. ڕۆمانەکە پێویستی بە خوێندنەوەیەکی هێواش و شڕۆڤەیە، واتە ڕۆمانەکە دەقێکە بەر لەوەی بگێڕدرێتەوە، دەبێت کەشف بکرێت.

پاوڵ سیلان و ئینگێبۆرگ باخمان. زمانی دوای کارەسات
لە نەریتی ڕەخنەی ئەدەبیی ئەڵمانیدا، ڕۆمانی مالینا لە تەنیشت بەرهەمەکانی (فرانتس کافکا – Franz Kafka)، (ڕۆبێرت موسیل – Robert Musil) و (پاوڵ سیلان – Paul Celan) شڕۆڤەیان بۆ دەکرێت. کاریگەریی سیلان کە پەیوەندییەکی عاتیفی و هزریی ئاڵۆزی لەگەڵ باخماندا هەبوو، بە تایبەتی لە هەستیاربوون بەرامبەر بە زمانی دوای کارەسات، ڕوون و ئاشکرایە.
هەروەک چۆن سیلان هەوڵی دەدا بواری ئاخاوتن و قسەکردن دوای هۆڵۆکۆست تاقیبکاتەوە چونکە جوولەکە بوو، باخمانیش وەک ئەڵمانییەک دەپرسێت ئایا ژن دەتوانێت لە جیهانێکدا کە زمانەکەی پیاوانە و توندوتیژانەیە قسە بکات یان نا؟ کاریگەریی پوڵ سیلان لەسەر کتێبی مالینا، تەنیا لە ئاستی پەیوەندییە کەسییەکانی نێوان ئەو و ئینگێبۆرگ باخمان سنووردار نابێتەوە، بەڵکو لە ئاستە قووڵە زمانی و فەلسەفییەکانی کتێبەکشدا ئامادەیی هەیە.
سیلان، کە گەشەسەندنی شاعیربوونەکەی دوای ئەزموونی هۆڵۆکۆستەوە فۆرموولە بوو، زمانی بە برینێکی هەڵدڕاو و پیسبوو بە مێژوو دەزانی. هەر ئەم جۆرە تێڕوانینەش لە کتێبی مالینا دەبینرێت؛ شوێنێک کە زمان ئیتر ئامرازێکی ڕوونی پەیوەندیکردن نییە، بەڵکو بۆشاییەکی قەیراناوی و ناجێگیرە. باخمان وەک سیلان هەوڵ دەدات ئەگەری ئاخاوتن و قسەکردن دوای کارەسات تاقی بکاتەوە.
جگە لەمەش، پەیوەندییە عاتیفییە ئاڵۆزەکەی نێوان ئەو دووانە کە پڕ بوو لە تێنەگەیشتن، دوورکەوتنەوە و پێکەوەبەستراوی، کاریگەریشی لەسەر وێناکردنی ئەشق لە ڕۆمانەکەدا داناوە. زۆرێک لە ڕەخنەگران لەو بڕوایەدان دڵەڕاوکێی عاتیفی و ترسی لەناوچوون لە کتێبی مالینا، تا ڕادەیەک ڕەنگدانەوەی هەمان پەیوەندییە تراژیکییەکەی نێوان ئەم دوو نووسەرەیە.

بۆچی دەبێت ڕۆمانی مالینا بخوێندرێتەوە؟
لەگەڵ ئەوەی گرنگیی ڕۆمانی مالینا، تەنیا مێژوویی یان تیۆری نییە بەڵکو لە ڕووی عاتیفی و بوونگراییەوە بەرهەمێکی شۆکدار و کاریگەرە. ڕاڕایی گێڕەرەوە، ترسی لە سڕینەوە و دیارنەمان، لاوازی لە دروستکردنی پەیوەندی و هەوڵەکانی بۆ پاراستنی دەنگی خۆی، ئەزموونگەلێکن کە هێشتاش بۆ خوێنەری هاوچەرخ ئاشنا و ئازاربەخشن. باخمان سەركەوتوو دەبێت لەوەی ئەزموونێکی قووڵیی کەسی بگۆڕێت بۆ پرسێکی فەلسەفی و سیاسی، بێ ئەوەی بەرهەمەکەی بۆ بەیاننامەیەکی ئایدۆلۆژی بچووک بباتەوە.

دەرەنجام
لەکۆتاییدا، مالینا ڕۆمانێکە دەربارەی شکست: شکستی زمان، شکستی ئەشق و شکستی سوژە لە بەرامبەر پێکهاتەکانی دەسەڵات، بەڵام هەر ئەم شکستە بە هۆی هێزی ئەدەبیی باڵای باخمان دەگۆڕێت بۆ فۆڕمێک لە بەرگری. ئەگەرچی گێڕەرەوە لە کۆتاییدا ون دەبێت، بەڵام دەق و تێکستەکەی دەمێنێتەوە؛ تێکستێک کە دژی بێدەنگی سەپێنراو قسە دەکات. ڕەنگە بتوانین بڵەین کتێبی مالینا نە تەنیا گێڕانەوەیەکە لە سڕینەوە، بەڵکو هەوڵێکی تازە و درەوشاوەشە بۆ تۆمارکردن و سەلماندنی دەنگێک کە بەردەوام دونیا هەوڵی کپکردنی دەدات.

سەرچاوە: ماڵپەڕی ئاڤانگارد