رۆژنامەی ھەولێر

شاندێکی شاری هەولێر لە پۆلیسک پەیوەندییە کەلتووری و هونەرییەکان ئاڵوگۆڕ دەکەن

عەبدولقەهار هەولێری/ هۆڵەندا

 

شاندێکی پارێزگای هەولێر، بە سەرپەرشتیی سیروان عوسمان، بەڕێوەبەری گشتیی هونەر و رۆشنبیری هەولێر و بەشداری سابیر حوسێن، بەڕێوەبەری راگەیاندنی پارێزگای هەولێر، هیمداد لەشکری، بەڕێوەبەری تیپی هونەرە میللییەکانی هەولێر و دکتۆر رائید یاوەری شاند، بە بانگهێشتی ئەند جی نۆڤاکۆفیسکی پارێزگاری شاری پۆلیسک، سەردانی ئەو شارەیان کرد.

شاندەکە لە ماوەی سەردانەکەیدا، لەگەڵ پارێزگاری پۆلیسک دیدارێکی تایبەتی ساز دا و سەردانی چەند شوێنەوارێکی مێژوویی و ئایینی و، وەرزشی و، گەلەرییە هونەرییەکان و ناوەندە کەلتوورییەکانی شارەکەیان کرد.
لە دیدارەکەدا، پارێزگاری پۆلیسک بە خۆشحاڵییەوە پێشوازی لە شاندی هەولێر کرد و جەختی کردەوە کە بۆ یەکەم جار ناوی تیپی هونەرە میللییەکانی کوردستانی لە فیستیڤاڵەکەدا هێناوە. ئەو هەروەها باسێکی لە تایبەتمەندییە سروشتی و ئابوورییەکانی پۆلیسک کرد و ئاماژەی بەوە دا کە ئەو شارە بە بوونی سەرچاوەکانی کانزا و نەوت ناسراوە.
پارێزگاری پۆلیسک هیوای خواست کە پەیوەندییەکانی نێوان پۆلیسک و هەولێر لە داهاتوودا هەنگاوی زیاتر بنێن، بە تایبەتی لە بوارە هاوبەشەکاندا. ئاماژەی بەوەش کرد، کە لە سەردانی پێشووی خۆیدا بۆ هەولێر، چەندین خاڵی هاوبەشی لەنێوان گەلی کورد و گەلی پۆلۆنی هەست پێ کردووە، بۆیە ئەم دیدارەی بەلاوە مەبەست بووە .
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، پارێزگاری پۆلیسک ئاماژەی بە پەیوەندییەکانی شارەکە لەگەڵ شارە گەورەکانی جیهان، لەوانە ئەمریکا و چین کرد و، جەختی کردەوە کە دەرگای پۆلیسک بۆ هاوکاری و پەرەپێدانی پەیوەندییەکان کراوەیە. هەروەها خوازیاری بەردەوامبوونی هاوکارییەکان، بە تایبەتی لە بوارەکانی کەلتوور، وەرزش، هونەر و تەواوکردنی خوێندنی باڵا بوو.
پارێزگاری پۆلیسک هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە ساڵانە لە هەردوو بوارەکانی هونەر و وەرزشدا چاڵاکی و فیستیڤاڵی جۆراوجۆر بەڕێوە دەچن و دەیانەوێت دامەزراوە و تیپە هونەری و وەرزشییەکانی هەولێر لەم چالاکییەکاندا بەشداری بکەن.
لە کۆتاییدا، سیروان عوسمان، بەڕێوەبەری گشتیی هونەر و رۆشنبیری هەولێر وێرای ئاماژەدان بە مێژوویی دێرینی شاری هەولێر و پێگەی ئێستای وەک پایتەخت، هاوکات لەگەڵ پارێزگاری پۆلیسک، لەسەر گرنگی پەرەپێدانی پەیوەندییە کەلتووری و هونەرییەکان و بەهێزکردنی هاوکارییەکان، هەروەها بیرۆکەی «شارە خوشکەکان» لەنێوان هەولێر و پۆلیسک، بیروڕایان ئاڵوگۆڕ کرد و، جەختیان کردەوە لە بەردەوامبوونی هەنگاوەکان بۆ بەدیهێنانی ئەم پەیوەندییە.