رۆژنامەی ھەولێر

ئازیتا زارعی گۆرانی (تەزان)ـی بڵاوکردەوە

عەبدولغەفار عەبدوڵڵا – هەولێر

خانمە هونەرمەندی گۆرانیبێژی کورد، ئازیتا زارعی، نوێترین بەرهەمی خۆی بەناوی “تەزان”، لە تێکستی سەهین موفتی بڵاوکردەوە.

سەهین موفتی، شاعیر و ڕۆژنامەنووس، دەربارەی تێکستەکە و گوتنەوەی لەلایەن ئەو خانمە هونەرمەندە گوتی: ئەو گۆرانییە من تێکستەکەم بۆداناوە و ئەفشین شوکری ئاوازی موزیکەکەی بۆ داناوە و ئەو بەرهەمە بە هاوکاری ژمارەیەک لە هونەرمەندان و داهێنەرانی ناوچەی کوردستان ئامادەکراوە و لە نێوان هەولێر، سنە و مەهاباد بەرهەم هاتووە. ئەم هاوکارە هونەرییە وەک نمونەیەک لە یەکگرتنی توانا داهێنەرییەکانی ناوچە جیاوازەکانی کوردستان دەبینرێت.
سەهین موفتی گوتیشی: تێکستی گۆرانییەکە هاوشێوەی چیرۆکی خۆشەویستییەکە کە دوای لێکجیابوونەوەی دوو کەس دەگێڕێتەوە؛ چیرۆکێک کە تێیدا هەستی بەتاڵبوون و نەگونجان لەگەڵ شوێنگرتنەوەی کەسێکی تر دەخرێتەروو.
سەهین موفتی باس لە گرنگیی تێکستەکە دەکات و دەڵێت: ئەو تێکستە پێشتر نووسیبووم، بەڵام بۆ ئەم بەرهەمە بە شێوەیەکی نوێ دامڕشتووە تا لە زمانی ژنەوە پێشکەش بکرێت و هەست و سۆزی کارەکتەری ژن بە شێوەیەکی راستەوخۆ بگوازێتەوە.
ئازیتا زارعی، خانمە هونەرمەندی گۆرانیبێژ، خەڵکی سنەی رۆژهەڵاتی کوردستانە و دانیشتووی کەنەدایە. بەرهەمەکانی پێشتری بە فارسی بۆ دۆزی کورد چڕیوە، چەند گۆرانییەکی هونەرمەندانی وەکو عەباسی کەمەندی و عەدنان کەریمی گووتۆتەوە، بەڵام وەک بەرهەمی خۆی، ئەمە یەکەمین بەرهەمێتی.