رۆژنامەی ھەولێر

لە هەولێر فیلمی شەوی یەکەمی هەژدە ساڵی نمایشکرا

شیڤان شێرزاد – هەولێر

کاتێک سینەما دەبێتە پردی نێوان دوو کولتوور سەکۆیەکی پڕ لە متمانە، هۆڵێکی لێوانلێو لە عەشق و ئامادەبوونێک، کە قورسایی هونەری پێوە دیار بوو؛ بەڕێوەبەرایەتی سینەما و شانۆی هەولێر، لە درێژەی کاروانە جەماوەرییەکەیدا و لە چوارچێوەی پڕۆژەی (سینەما و جەماوەر) بۆ وەرزی هاوین، دەرگای ئەزموونێکی نوێی بەڕووی هۆگرانی حەوتەمین هونەردا کردەوە.

لە کەشێکی شایستە و بە ئامادەبوونی بەرچاو و قورسی کارەکتەرە دیارەکانی دونیای هونەر، دەرهێنەران و شەیدایانی شاشەی زیوینی، شانبەشانی ئامادەبوونی (سەلیم قادر) جێگری بەڕێوەبەری گشتیی ڕۆشنبیری و هونەری هەولێر، (شاخەوان مستەفا) بەڕێوەبەری سینەما و شانۆی هەولێر، پەردە لەسەر شاکارێکی ناوازەی سینەمای فارسی لادرا.
فیلمی (شەوی یەکەمی هەژدە ساڵی) لە دەرهێنانی سینەماکار (حامد تەهرانی)، ئەمجارە بە ڕەنگ و دەنگێکی نوێوە هاتە سەر شاشە. دۆبلاژکردنی ئەم بەرهەمە بۆ زمانی کوردی، تەنها وەرگێڕانی وشەکان نەبوو، بەڵکو گواستنەوەی ڕۆح و قووڵایی دراماکە بوو بۆ ناو جەرگەی هەست و نەستی بینەری کوردی.
ئەم نمایشە سەلماندی، کە سینەما تەنیا کات بەسەربردن نییە، بەڵکو زمانێکی جیهانییە کاتێک بە کوردی دەپەیڤێت، ڕاستەوخۆ دەچێتە ناو قووڵایی دڵی جەماوەرەکەیەوە.