رۆژنامەی ھەولێر

لووتکەی بۆکس‌ئۆفیس؛ ململانێی توندی ئەنیمەیشنەکان لە جەژنی سەربەخۆییی ئەمریکادا

محمد لادێ – هه‌‌ولێر

ئامارە پشتڕاستکراوەکانی بۆکس‌ئۆفیسی ئەمریکای باکوور بۆ کۆتایی هەفتەی پشووی ٤ی تەممووز، سەرکەوتنی فیلمی ئەنیمەیشنە نوێیەکەی (Minions & Monsters) ڕاگەیاند، کە توانی بە کۆکردنەوەی ٣٦.٤ملیۆن دۆلار پلەی یەکەم بەدەست بهێنێت، هەرچەندە کەمتر بوو لە پێشبینییەکانی ستۆدیۆی یونیڤێرساڵ.

لەم کێبڕکێیەدا، فیلمی (Toy Story 5)ـی سەر بە کۆمپانیای دیزنی و پیکسار، لە سێیەم هەفتەی نمایشیدا بە جیاوازییەکی کەم و بە ٣١ملیۆن دۆلار لە پلەی دووەمدا جێگیر بوو، بەمەش کۆی داهاتی جیهانییەکەی گەیاندە ٧٦٦ملیۆن دۆلار. هاوکات فیلمە مێژووییەکەی (Young Washington) بە ٢٠.٨ملیۆن دۆلار پێشبینییەکانی تێپەڕاند و پلەی سێیەمی گرت.
لەلایەکی دیکەوە، فیلمی (Supergirl)ـەکەی وارنەر برۆز تووشی داڕمانێکی گەورە هات و داهاتەکەی بە ڕێژەی ٪٧٤ دابەزی و تەنها ٩.٦ملیۆن دۆلاری کۆ کردەوە. لە کۆتاییدا، فیلمە ژیاننامەییەکەی (Michael) بە فەرمی ڕیکۆردی مێژوویی شکاند؛ کۆی داهاتی گەیشتە ٩٩١ملیۆن دۆلار و بە تێپەڕاندنی فیلمی (Oppenheimer)، بوو بە پڕداهاتترین فیلمی ژیاننامەیی لە مێژووی سینەمادا.