رۆژنامەی ھەولێر

گەزیزە و ڕێزان لە زیورخ دەنگێکی کوردی لە دڵی شانۆی جیهانیدا

سەردار ئەکرەم/ بەریتانیا

 

لە دڵی شاری زیورخی سویسرا، لە نێوان ڕۆژانی ٢٥ بۆ ٢٧ی حوزەیران، پەردە لەسەر شانزەهەمین خولی کۆنفرانسی نێودەوڵەتی هنریک ئیبسن لادرا. ئەم کۆنفرانسە، کە وەک چەترێک بۆ کۆکردنەوەی گەورەترین شانۆکاران و توێژەرانی ئەکادیمی جیهان دەناسرێت، ئەمساڵ سیمایەکی تایبەتی وەرگرت بە بەشداریی دوو ئەستێرەی درەوشاوەی شانۆی کوردی خاتوو گەزیزە عومەر و خاتوو ڕێزان ساڵح. ئەوان نەک تەنها نوێنەرایەتییەکی شایستەیان بۆ هونەری کوردی کرد، بەڵکو پەیامێکی قووڵیان گەیاند کە ئیبسن، سەرەڕای تێپەڕبوونی سەدەکان، هێشتا لە ناخی کێشە هاوچەرخەکانی مرۆڤایەتیدا دەژی.
تەوەری سەرەکی کۆنفرانسی ئەمساڵ، کە بە ناونیشانی “هینریک ئیبسن و لە ترۆپکدا و مانەوەی کارەکانی – چۆن و بۆچی ئیبسن هێشتا هاوچەرخ و پەیوەندیدارە بە کێشەکانی جیهانی ئەمڕۆ” بوو، وەک بانگەوازێک بوو بۆ قووڵبوونەوە لەو ڕاستییەی کە چۆن شاکارەکانی ئیبسن، وەک “ماڵی بووکەشوشە” (A Doll’s House) کە باس لە ئازادیی ژنان دەکات، یان “دوژمنی گەل” (An Enemy of the People) کە ڕووبەڕووبوونەوەی تاک لەگەڵ کۆمەڵگادا نیشان دەدات، هێشتا لە هەموو گۆشەیەکی جیهاندا دەنگ دەدەنەوە.
ئەم کۆنفرانسە هەوڵیدا ئەو پرسیارە گەورەیە وەڵام بداتەوە کە چۆن ئیبسن باوکی شانۆی ڕیالیزمی نوێیە، توانیویەتی سنوورە کاتی و جوگرافییەکان تێپەڕێنێت و ببێتە دەنگێکی نەمر بۆ کێشە کۆمەڵایەتی و دەروونییەکان.
هەربۆیەلە پەراوێزی کۆنفرانسەکەدا، خاتوو گەزیزە شانۆکارە دیارەکەی کورد، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ میدیاکان، گرنگیی ئەم بۆنەیەی خستەڕوو: “فێستیڤاڵی ئەمساڵ، بەتایبەت تەوەری ‘ئیبسن تۆپیکالەتی’، دەرفەتێکی زێڕین بوو بۆ ئەوەی بزانین چۆن دەقەکانی ئیبسن، وەک ‘هێدا گابلەر’ و ‘جۆن گابریل بۆرگمان’، هێشتا لەگەڵ ژیانی ئێمەدا دەگونجێن. من لە توێژینەوەکەمدا لەسەر ‘جۆن گابریل بۆرگمان’ هەوڵمدا ئەو لایەنە مرۆییانە دەربخەم کە لە کولتووری کوردیشدا بوونیان هەیە و چۆن کێشەکانی ناو ئەو شانۆنامەیە دەتوانن لە کۆمەڵگای ئێمەشدا ڕەنگ بدەنەوە. ئەم کۆنفرانسانە پردێکن بۆ ئاڵوگۆڕی کولتووری و تێگەیشتنێکی قووڵتر لە هونەری شانۆ.” خاتوو ڕێزان ساڵحیش، بە توێژینەوەکەی لەسەر “هێدا گابلەر”، لایەنێکی دیکەی ئەم هاوچەرخییەی ئیبسنی خستەڕوو، بە تایبەت لەبارەی ئاڵۆزییەکانی ژیانی ژنان و سنووردارکردنی ئازادییەکانیان لە چوارچێوەی کۆمەڵگادا.پێشەنگایەتی و ئایندەی شانۆی کوردیبەشداریی ئەم دوو شانۆکارە کوردە لە کۆنفرانسێکدا کە دوو ساڵ جارێک لە وڵاتێکی جیاوازی ئەوروپا سازدەکرێت و پێشتر لە چەندوڵاتێکی تربەڕێوەچووە، و ئەم بەژداری کردنە نیشانەیەکە لەسەر پێشکەوتنی شانۆی کوردی و توانای هونەرمەندانی کورد بۆ بەشداریکردن لە گفتوگۆ و لێکۆڵینەوەی جیهانیدا. ئەمەش دەرفەتێکە بۆ ناساندنی زیاتری کولتوور و هونەری کوردی بە جیهان و هەروەها سوودوەرگرتن لە ئەزموون و دیدگای نێودەوڵەتی بۆ پەرەپێدانی زیاتری شانۆی کوردی و کردنەوەی دەرگای نوێ بۆ داهاتوویەکی گەشتر. ئیبسن، وەک هەمیشە، چرایەکە ڕێگای هونەرمەندانی جیهان، لەوانەش هونەرمەندانی کورد، ڕووناک دەکاتەوە بۆ گەڕان بەدوای ڕاستی و قووڵایی مرۆڤایەتیدا