محمد لادێ – ههولێر
دوای ساڵانێک چاوەڕوانی و تێپەڕاندنی ئاستەنگی جۆراوجۆر، دواجار لەمساڵدا (٢٠٢٦) مۆزەخانەی گەورەی میسر (GEM) لە نێوان شارستانیەتی کۆن و مۆدێرندا، لە نزیک هەرەمەکانی جیزە بە فەرمی دەرگاکانی بە ڕووی گەشتیاران و خولیایانی مێژوودا کردەوە. ئەم پڕۆژە زەبەلاحە کلتورییە، بە گەورەترین مۆزەخانەی جیهان دادەنرێت کە تەنها بۆ یەک شارستانیەتی مرۆڤایەتی تەرخانکرابێت.
گرنگیی ئەم ڕووداوە لەوەدایە کە بۆ یەکەمجار لە مێژوودا، تەواوی کۆکراوە و کەلوپەلە تایبەتەکانی پاشای ناوداری فیرعەونەکان “توت عەنخ ئامۆن”، کە زیاتر لە ٥,٠٠٠ پارچەی شوێنەواریی دەگمەن و کەموێنە لەخۆ دەگرێت، بە شێوازێکی زانستیی سەرنجڕاکێش پێکەوە لەژێر یەک بنمیچدا نمایش دەکرێن. مۆزەخانەکە بە تەلارسازییە هاوچەرخەکەی و بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو لە پێشاندانی پارچەکان، ئەزموونێکی بێپێشینە پێشکەشی سەردانیکەران دەکات.
ئەم کردنەوەیە نەک تەنها وەک دەستکەوتێکی گەورە بۆ کەرتی گەشتیاریی و ئابووریی میسر سەیر دەکرێت، بەڵکو وەک ڕووداوێکی کلتوریی جیهانی گرنگ دەنگدانەوەی هەبووە؛ چونکە ڕێگە بە مرۆڤایەتی دەدات لە نزیکەوە و بە قووڵی تەماشا و تێڕامان لە نهێنی و دەستڕەنگینییەکانی یەکێک لە دێرینترین و کاریگەرترین شارستانیەتەکانی سەر زەوی بکەن.

