عەبدولغەفار عەبدوڵڵا – هەولێر
کیژان ئیبراهیم خەیات، خانمە هونەرمەندی گۆرانیبێژ، نوێترین گۆرانی خۆی بەناوی “ئەوین”، بەشێوەی ڤیدیۆ کلیپ بڵاوکردەوە.
کیژان ئیبراهیم خەیات، خانمە هونەرمەندی گۆرانیبێژ دەربارەی بڵاوکردنەوەی بەرهەمە نوێیەکەی گوتی: گۆرانی “ئەوین”، تێکستەکەی لەلایەن نزار ناشاد نووسراوە و ئاوازەکەی لەلایەن خۆم دانراوە، هەروەها رێکخستنی موزیکەکە لەلایەن بەژار دیلان ئەنجامداوە و پڕۆسەی ماستەرکردنی بەرهەمەکەش لە ستۆدیۆی کاتینگ رووم لەلایەن بیۆرن ئێنگلمان جێبەجێ کراوە، هەروەها رزگار باهیر، شاناز ئیفتیخار عەلیخان و ماریجان لاراکەر بەشێک بوون لە تیمی کارکردن لەسەر ئەم بەرهەمە نوێیەم.
کیژان ئیبراهیم خەیات گوتیشی: لەو بەرهەمە نوێیەکەم دا، هەوڵمداوە چیرۆکی هەست و ئەوین بە شێوازێکی نەرمی مۆسیقیی بگێڕمەوە، ناوەڕۆکی بەرهەمەکە لە دەوری هەستی نزیکی، دڵپڕی، چاوەڕوانی و ئەو ساتانە دەسوڕێتەوە کە مرۆڤ لە ناو پەیوەندییە سۆزدارییەکاندا تێیدا دەژی.”
ئەو خانمە هونەرمەندە باس لە بەرهەمەکەی دەکات و دەڵێت: لەو بەرهەمەدا هەوڵمداوە ئەو هەستانە بخەمە ناو زمانێکی هونەری کە تێکەڵەیەکە لە ئارەزوو، بیرەوەری و ئەو هیوایانەی کە لە دڵی مرۆڤدا ماونەتەوە. هیوادارم بەدڵی هەموو لایەک بێت و بەدڵ گوێی لێبگرن و چێژی لێوەربگرن.
کیژان ئیبراهیم خەیات، خانمە هونەرمەندی گۆرانیبێژ، لە ساڵی 1985 لە شاری سلێمانی لەدایکبووە. کیژان خاوەنی چەندین ئەلبووم و گۆرانی و ڤیدیۆ کلیپە، ھەروەھا بەشداریی لە چەندین فێستیڤاڵ و کۆنسێرتی ناوخۆیی و نێودەوڵەتیدا کردووە.

