عەبدولغەفار عەبدوڵڵا – هەولێر
کیژان ئیبراهیم خەیات، خانمە هونەرمەندی گۆرانیبێژ، نوێترین بەرهەمی هونەری خۆی بەناوی “خۆشمژدە” بە شێوەی ڤیدیۆکلیپ بڵاوکردەوە.
کیژان ئیبراهیم خەیات، هونەرمەندی گۆرانیبێژی کورد، دەربارەی بڵاوکردنەوەی بەرهەمە نوێیەکەی گوتی: ئەم گۆرانییە لە شیعری شاعیری ناسراوی کورد ساڵح بێچارە و ئاوازەکەشی لەلایەن منەوە دانراوە. هەروەها بژار دیلان ئەرکی ئامادەکردن و دابەشکردنی موزیکەکەی لە ئەستۆ گرتووە، لە کاتێکدا ستیڤان کاول دەرهێنانی ڤیدیۆکلیپەکەی بەڕێوەبردووە و بە شێوەیەکی هونەری و مۆدێرن خستویەتیە بەر دیدی بینەران.
کیژان ئیبراهیم خەیات گوتیشی: گۆرانی “خۆشمژدە”، لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا ئامادەکراوە و تیمی کار لەسەر هەموو وردەکارییەکانی بەرهەمەکە بە شێوەیەک1قی،12ی ورد و پیشەیی کاریان کردووە. ئەم گۆرانییە جیاواز لە هەندێک لە بەرهەمەکانی پێشوومە، چوونکە خاوەنی ریتمێکی خێرا و توانایەکی بەرزە و هەوڵمداوە رووخسارێکی شاد بۆ گوێگران پێشکەش بکەم.
دەربارەی تۆمارکردنی ئەو بەرهەمە نوێیەی، کیژان ئیبراهیم خەیات دەڵێت: ئەو بەرهەمە گۆرانییەکی شادە و لە دڵی بەهارەوە سەرچاوەی گرتووە. ویستم کارێک پێشکەش بکەم کە بتوانێت هەستی خۆشی و گەشبینی بگوازێتەوە بۆ گوێگران. ئەمە یەکەم جارە گۆرانییەک دەڵێم کە ئەم جۆرە ریتم و توانایەی تێدایە.
کیژان ئیبراهیم خەیات ئاماژەی بەوەش دا: هیوادارم ئەم بەرهەمە لەلایەن جەماوەری هونەرەوە پێشوازییەکی باشی لێ بکرێت و بتوانێت شوێنێکی تایبەتی لە دڵی خۆشەویستانی مۆسیقای کوردی وەرگرێت.
کیژان ئیبراهیم خەیات، خانمە هونەرمەندی گۆرانیبێژ، لە ساڵی 1985 لە سلێمانی لەدایکبووە. کیژان خاوەنی چەندین ئەلبووم و گۆرانی و ڤیدیۆ کلیپە، ھەروەھا بەشداری لە چەندین فێستیڤاڵ و کۆنسێرتی ناوخۆیی و نێودەوڵەتیدا کردووە.

