ئاری ئاغۆک
هەندێ ناونیشانی کتێب وەک کورتترین تایتڵ دەبێتە کلیلی دەروازەی چوونە نێو ناوەڕۆک و پەیامە گشتییەکەیەوە، ئەوا موگناتیسئاسا وا لە خوێنەری بەئاگا دەکات وشە بە وشە بچێتە قووڵاییی بابەتەکەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی کە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر هزری خوێنەر دەبێت، چونکە پوختەی مەبەستەکە لە لایەن نووسەر و خاوەن کتێبەوە دەگەیەنرێت.
(بۆنی ئەخلاق) یەکێکە لەو کتێبانەی وا لە خوێنەری گشتی دەکات بیخوێنێتەوە، چونکە ناونیشانەکە خۆی پرسیارە ئایا ئەخلاق چییە؟ ئەو بۆنە لە چییەوە سەرچاوە دەگرێ؟ کێن ئەوانەی خۆیان لە بازنەی ئەخلاقیبوون و بۆنداری دەدۆزنەوە؟ ئایا ئەوکەسەی ئەو بۆنەی نەبێ، یا بیری لەو بۆنە نەکردبێتەوە، ئایا چ ناوێکی لێ دەنرێ؟
لەکاتێکدا ئەخلاق وەک ماددە نابینرێت و بەرکەوتنی جەستەییمان لەگەڵی نییە، بەڵام وەک ڕەوشت و ئاکار و کردارە هەمیشەییەکان لە ژیانی مرۆڤدا ڕەنگ دەداتەوە، ئەخلاق یاسایەکی گشتیی مرۆڤایەتی نییە، بەڵام لە سەرووی یاساوە لە فۆرمی ویژداندا خۆی دەدۆزێتەوە، ئەخلاق ئەو بۆنەیە کە لە منداڵێکی ڕێزدار و بەحورمەت بەدی دەکرێت، ئەخلاق ئەو دەنگەیە کە لە ناوەوەی کەسێکی خاوەن پێداویستی تایبەتی (کەڕوڵاڵ)ـدا، بە هەڵوێستێکی بەرانبەر بە ژینگە و ژینگەپارێزی دەبیسرێ و هەموومان هەست بە بوون و بۆنی ئەو کارە جوانە دەکەین و پێی دەڵێین ئەخلاقی ژینگەیی، ئەخلاق ئەو تابلۆ جوانەیە تۆ بتوانی لە زەمەنی بێبەهاییدا بە جوانی نمایشی بکەی! کەواتە ئەخلاق لە ناخی مرۆڤەکاندا هەیە و گەلێ جار بە چرکەیەک و هەڵوێستێک لە کەسایەتیی مرۆڤدا ڕەنگ دەداتەوە، کاتێ دوو شۆفێر لە تلافیک ڕووبەڕووی یەکتر دەبنەوە بەهۆڕن لێدانێک تووڕەیی خۆیان بەرانبەر بەیەکتر دەردەبڕن ئەوە زمانی ئاماژەیە بۆ بۆنێکی ناخۆشی نائەخلاقی، لەتەک ئەوەشدا شوفێرێکی دیکە گەرچی بۆ وادەی شوێنی مەبەست دواکەوتووە، بەڵام کاتێ لە دوورەوە دەنگی ئەمبۆڵانسی فریاکەوتن هاتە بەر گوێی، دەبێ ئەوە ڕێگاکەی بۆ چۆڵ دەکات هەرچەندە خۆشی بەدەرەنگدا کەوتووە، بەڵام ویژدان و ئەخلاق ڕێگەی پێ نادات ئەمبۆلانس دوا بخات و ژیانی کەسێک لە مردن نزیکتر بکاتەوە؛ ئا ئەمەیە بۆنی ئەخلاقی ڕەسەنایەتی.
بۆیە کاتێ مرۆڤ بەدوای هەقیقەتی خۆیدا دەگەڕێ ڕەنگە لە چەند بەشێکی ونبوودا خۆی بدۆزێتەوە، بەڵام بە ئەنجامدانی کاری باش و چاکە و چاکەخوازی ئەوا ئەگەر ژیانئاوایشی کرد و خۆی خۆی نەدۆزییەوە ئەوا بۆنی کارە چاکە و مرۆییەکانی لە باخچەی ژیاندا بە بۆنخۆشی دەمێنێتەوە، ئەم مانەوەیە دەبێتە دۆزینەوەی پارچە ونبووەکانی کە هەمیشە هەست بە بۆنخۆشی و بوونی دەکەین، کەواتە دەبێ بگەڕێینەوە سەر پرسیارەکانی سەرەتا ئایا ئەخلاق دەبینرێت؟ یا دەمێنێت؟
ئەمە پرسیارە قووڵ و فەلسەفیەکەیە، بەو نموونە زیندووانەی کە ئاماژەم پێیان کرد ئەوا هەم بۆنی دەمێنێ، هەم بوونی.
زۆرجار قسەیەکی ڕەق لە یادەوەریماندا هەر بەڕەقی و ناخۆشی دەبینرێ، ئەمە دەچێتە بازنەی بۆن ناخۆشی و تا هەمیشە هەستی پێ دەکەین، بۆیە ئەخلاق بڕوانامەیەک نییە مرۆڤ لە شوێنی کاری یا لە ماڵەوە هەڵیواسێ، بەڵام لە نێوان مرۆڤێکی بڕوانامەبەرز و کەسێکی بێبڕوانامە لە یەک چرکە هەست بە جوانی و ئاست بەرزی دەکرێ.
* کتێبی بۆنی ئەخلاق لە نووسینی محەمەد جەمیل عەلی لە ڕێگەی ٢٠ ناونیشانەوە دەروازەی چوونە نێو بابەتەکانی دەست پێ دەکات کە بریتین لەوانە: (ڕەفتارە ئەخلاقیەکان، پێناسەکانی ئەخلاق، بەشەکانی ئەخلاق، سیفەتەکانی کەسی خاوەن ئەخلاقی باش، جیاوازیی نێوان ئەدەب و ئەخلاق، پاڵنەرەکانی کاری ئەخلاقی، سوودەکانی ئەخلاقی باش، متمانە لە وڵاتی فینلەندا، ئەخلاق لە ڕابرودوو و ئێستادا، بە هەڵە تێگەیشتن لە ئەخلاق و بەهاکانی، ئەخلاق و پەروەردە لە کۆمەڵگەی کوردەواری، ئەخلاق و فەلسەفە، قوتابخانەکانی فەلسەفەی ئەخلاق، ئەخلاق لە کارکردندا، پەیوەندیی نێوان ئەخلاق و ئایین، ئەخلاق و ئایینی ئیسلام، کەسایەتییە ئەخلاقییەکان، ئەخلاق لە هۆنراوەی کوردیدا، ئەخلاق لە پەندی کوردیدا، وتەی زانایان لەبارەی ئەخلاق).
لە ڕێگەی ئەم ناونیشانانەوە نووسەر چەندین چیرۆک و بەسەرهات و بابەتی پەیوەست بەم بابەتە نموونەی زیندووی هەمەچەشنی ئاماژە پێ کردوە کە هەریەکەیان وەک وانە و پەندێک وایە بۆ ئێستا و داهاتوو، پێویستە خوێنەر سوودی لێ وەربگرێ، لەبەر ئەوەی نموونەکان زیندوون، وەئاگا هاتنەوەیە بۆ هەمووان، ئەوەتا لە یەکەم بابەت بە چیرۆکێکی جوان دەستی پێ کردووە بە ناونیشانی:
• مافی لەبەرگرتنەوەی پارێزراوە
ئەو قوتابییەک بوو، زۆر گرنگی بە نوێژکردن دەدا، لە کۆتاییی قۆناغی زانکۆ بۆ توێژینەوەی دەرچوون، پێویستی بە کتێبێک بوو، دەبوو لە ئەنتەرنێت دایبگرێت، مامۆستاکەی پێی گوت: بڕۆ لە ئەنتەرنێت داونلۆدی بکە و وەک سەرچاوە بەکاری بهێنە بۆ توێژینەوەکەت، ئەویش وتبووی: ئاخر لەسەری نووسراوە (مافی لەبەرگرتنەوەی پارێزراوە) مامۆستاکەی وتی: پێویستییە و فەتوای لەسەر دراوە، ئاساییە بڕۆ داونلۆدی بکە و بەکاری بهێنە، ئەویش وتی: چۆن داونلۆدی بکەم؟! من لە قیامەتدا لە بەردەم خودا ڕادەوەستم؛ داونلۆدی نەکرد، بەدواداچوونی کرد و پرسیاری کرد تا ژمارەی مۆبایلی نووسەرەکەی دۆزییەوە کە لە وڵاتی میسر دەژیا، قسەی لەگەڵ کرد و داوای ڕوخسەتی لێ کرد، رێگەی پێ دا ئینجا کتێبەکەی داونلۆد کرد.
-ڕەفتارە ئەخلاقیەکان، لاپەڕە ١١
ئەم بابەتە باسێکی زۆر هەڵدەگرێ بەرامبەر ئەم پرسە گرنگە، بەداخەوە لەم سەردەمەدا ئەمانەتی ڕۆژنامەوانی و ئیعلامی و ڕۆشنبیری بە ئاشکرا غەدر لە خاوەنبابەت و نووسەر دەکرێ، گەلێ جار بیرۆکە دزراوە، بەرنامەی تەلەفزیۆنی کۆپی کراوە، قوتابی نەک داونلۆد، بەڵکو لە کاتی تاقیکردنەوەی ئەزموونەکان بە ئاشکرا گزی دەکات، فێڵ لە مامۆستا دەکات، نووسەر بابەتی وەرگێڕدراو بە ناو خۆیەوە بلاو دەکاتەوە و، هتد.
ئەم نموونانە و چەندین نموونەی دیکەی زیندوو هەن، بەداخەوە لە ڕەفتارە ئەخلاقیەکان دوورن و بە ئاشکرا هەستی پێ دەکرێت!
-دووەم چیرۆک و بابەت لە هەمان لاپەرە جێی سەرنج و تێڕامانە؛ بۆیە ئاماژەی پێ دەکەین و دواتر شرۆڤەی دەکەین.
*قوتابییەکانی جێ نەهێشت
مامۆستایەکی بەتەمەن و زیرەک بوو، لە قوتابخانەیەکی دەرەوەی شار دەوامی دەکرد، قوتابییەکانی قوتابخانەکە منداڵی خێزانی هەژار بوون، ڕۆژێکیان داوایان لە مامۆستاکە کرد، کە بێتە ناو شار وانە بڵێتەوە و لە قوتابخانەیەکی باشیش دایدەنێن بەناوبانگ دەبێت و پارەی زیاتری دەست دەکەوێت، مامۆستاکە وتی: قوتابییەکانی ئەم قوتابخانەیە منداڵی خێزانی هەژارن و ناتوانن مامۆستای تایبەت بگرن و بچنە خول، پێویستییان بە من هەیە لەبەر ئەوە ئەم قوتابییانە جێ ناهێڵم.
ئەم نموونەش بە هەمان شێوە و بە پێچەوانەی ئەم نموونە و ڕەفتارە جوانە، بەداخەوە (بەشێک لە مامۆستایان) نەک بۆ گواستنەوە بەڵکو بۆ پشوودانی خۆیان و دەوامنەکردن، ڕاپۆرتی پزیشکی دێنن بۆ پەروەردە تا مۆڵەتی تەندروستی وەربگرن و دەوام نەکەن!
یا (بەشێک لە مامۆستایانی دیکە) بۆ ئەوەی چەند خولەکێک لە قوتابخانەیەکی دیکە نزیکتر بێت بۆ ماڵەوە ئەوا داوای گواستنەوە دەکەن! وەک ئاماژەم پێ کرد (بەشێک لە مامۆستایان) نەک هەمووی بەڵام ئەمە واقیعێکە و بەداخەوە هەستی پێ دەکرێت، بوونی مامۆستای خسووسی و قوتابخانەی ناحکومیش لەلایەک کە ئەمەش بە ئاشکرا چینایەتیی لێ بەدی دەکرێت، بۆیە ئەم چیڕۆکە زیندووانەی ناو ئەم کتێبە بە شێوەیەکی گشتی بۆ زێتر گەڕانەوەیە بۆ ڕەفتاری باش و بۆنی خۆش. .
وەک ئاماژەم پێ کرد نموونەکان زۆرن، بابەتەکان هەمەچەشنن بەڵام هەمووی خۆی لە ئەخلاقی باش و بۆنخۆشیدا دەدۆزێتەوە، لێرەدا ئەوانی دیکە بۆ خوێنەر جێ دێڵین، بەڵام دەبێ ئەو چەمک و بەهاو گرنگەی ویژدان و ئەخلاق لای هەموومان بە زیندوویەتی بمێنێتەوە، تاوەکو لە گوڵزاری ژیاندا یەکێک بین لەو کەسانەی دوای مردنیش هەر بۆنخۆشیەکەمان لە کۆمەڵگە هەست پێ بکرێت، هەروەک نووسەر لە پێشەکیی کتێبەکەدا لە گۆشەیەکدا دەڵێت:
بابەتی ئەخلاق پێناسەی جیاوازی بۆ دەکرێت لە لایەن کۆمەڵگە و ئایین و کلتوور و دابونەریتە جیاوازەکان، بگرە تاکە کەسەکانیش، ئەم کتێبە کە بۆ گەنجان و خوێنەری گشتی دەربارەی ئەخلاق نووسراوە، جەخت دەکاتەوە لە ئەخلاقی باش، بەبێ ئەوەی باسی ئەخلاقی خراپ بکات، وا لە خوێنەر دەکات درک بە ئەخلاقە باشەکان بکات، هەولێکە بۆ ئەوەی بە سادەیی و بە ڕوونی باس لە ئەخلاق و بەها و ڕەهەندەکانی ئەخلاق بکات.
-ژێدەر:
ناوی کتێب: بۆنی ئەخلاق
نووسەر: محەمەد جەمیل عەلی
پێداچوونەوە: دکتۆر ئەیوب عەبدوڵڵا
وەشان: کتێبخانەی حاجی قادری کۆیی
چاپ: چاپی یەکەم ٢٠٢٦

