رۆژنامەی ھەولێر

تێگەیشتنی کولتووری کۆمەڵگەی کوردی و هۆڵەندی، له‌ ئاهەنگێکی ناوەندی ڕەوەندی کوردستانی فێنلۆ

عەبدولقەهار هەوڵێری/ هۆڵەندا

لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکان بۆ پاراستن و بڵاوکردنەوەی کولتوور و ناسنامەی کوردی لە تاراوگە، ناوەندی ڕەوەندی کوردستانی لە شاری فێنلۆی هۆڵەندا، بە هاوکاری ژمارەیەک لە ڕێکخراوە مەدەنی و کۆمەڵایەتییەکان، ئاهەنگێکی گەورەی کولتووری و هونەرییان سازکرد کە بەشداربوونی بەرچاوی کوردانی هەر چوار پارچەی کوردستان و هاووڵاتییانی هۆڵەندی بەخۆوە بینی.

ئەم ئاهەنگە بە ئامادەبوونی قارەمان عوسمان، بەرپرسی نووسینگەی سەرپەرشتیاری ڕەوەندی کوردستان، نوێنەرانی ڕێکخراوەکان و کەسایەتییە کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکان و خەڵکێکی زۆر لە کۆمەڵگەی کوردی لە هۆڵەندا بەڕێوەچوو.
بەرنامەکە بە خوولەکێک وەستان بۆ ڕێزلێنان لە گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان دەستی پێکرد و پاشان سروودی نەتەوەیی «ئەی ڕەقیب» گوترا. دوای ئەوە سۆزان جەمال، بەرپرسی ڕەوەندی کوردستانی لە فێنلۆ، وتەیەکی پێشوازی پێشکەشکرد و تیایدا ئاماژەی بە گرنگی ئەو جۆرە چالاکییانە کرد کە دەبنە هۆی پاراستنی ناسنامەی نەتەوەیی و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان لەنێوان کوردانی تاراوگە هەروەها ڕێزلێنان لە چەند کەسایەتی ناودارو ماندووبووانی کارکردن بۆ کوردانی دیاسپۆرا لە ئەورووپا، منیش وەکوو ڕۆژنامەنووس و پەیامنێری ڕۆژنامەی هەولێر خەڵاتی ڕێزلێنانم پێ بەخشرا.
لە بەشی وتارە فەرمییەکاندا، وتاری شیفا بارزانی، سەرپەرشتیاری گشتی ڕەوەندی کوردستان، لەلایەن قارەمان عوسمان خوێندرایەوە. هەروەها وتاری د. ئیسماعیل کامل، بەرپرسی فیدراسیۆنی ئەورووپا، و وتاری ئاوات مستەفا، نوێنەری دەزگای بارزانی لە بەریتانیا، پێشکەشکران و تێیاندا جەخت لەسەر گرنگی یەکگرتوویی کوردان، پاراستنی میراتی کولتووری و بەهێزکردنی پەیوەندییەکان لەنێوان نەوە جیاوازەکانی کورد لە دەرەوەی وڵات کرا.
ڕێکخەرانی ئاهەنگەکە ئاماژەیان کرد کە ئامانجی سەرەکی ئەم فیستیڤاڵە بریتییە لە کۆکردنەوەی کوردان لە ژێر چەتری کولتوور و هونەر و ناساندنی ڕووی ڕاستەقینەی کورد و مێژوو و نەریتەکانی بە کۆمەڵگەی هۆڵەندی. هەروەها ئەم چالاکییە دەرفەتێکی گونجاو دابین دەکات بۆ ئەوەی نەوەی نوێی کوردی لە تاراوگە زیاتر ئاشنا ببن بە زمان و کولتوور و بەها نەتەوەییەکانی خۆیان.
لە ماوەی ئاهەنگەکەدا ژمارەیەک لە هونەرمەند، میوزیکژەن و گۆرانیبێژی کورد و هۆڵەندی بەشداربوون و بە پێشکەشکردنی گۆرانی، میوزیک و سەمای فۆلکلۆری، ڕەنگ و جوانییەکی تایبەتیان بە بەرنامەکە بەخشی. هەروەها چەندین نمایش و پێشکەشکاری هونەری و کولتووری، خواردن و خواردنەوەی نەتەوەیی و پیشاندانی کورتە فیلمە دیکۆمێنتارییەکانیش بەشێکی دیکەی بەرنامەکە بوون.