شیڤان شێرزاد – هەولێر
شانۆگەریی “مافیا؛ وڵاتێ رەش”، لەژێر درووشمی “هونەر زمانی راستییە لە جیهانێکی تاریک دا”، لە دهۆک لەهۆڵی محەمەد عارف جەزیری نمایشکرا.
حەمرین جەمیل، دەرهێنەری شانۆگەرییەکە ڕایگەیاند: “شانۆگەریی “مافیا؛ وڵاتێ رەش” هەوڵێکی هونەرییە بۆ ناساندنی ئەو جیهانە تاریک و ئاڵۆزانەی کە مرۆڤ تێیدا لەنێوان ترس و بێدەنگیدا ژیان بەسەر دەبات. چیرۆکی نمایشەکە لە وڵاتێکی خەیاڵیدا روودەدات؛ وڵاتێک کە مافیا و هێزە نادیارەکان بەسەر چارەنووسی خەڵکدا زاڵبوون، کە هەموو شتێک لەژێر سایەی ترس و گوماندا دەگوزەرێت.”
دەشڵێت؛ “ڕووداوەکان بە دەوری کۆمەڵێک کەس دەسووڕێنەوە، کە هەر یەکەیان بە شێوەیەک قوربانی ئەو سیستەمە تاریکەن. هەندێکیان بۆ مانەوە ناچار دەبن بێدەنگ بن، هەندێکی تر هەوڵی بەرهەنگاری دەدەن، بەڵام لە هەموو هەنگاوێکدا راستی و درۆ تێکەڵ بە یەکتر دەبن. نمایشەکە بە زمانێکی رەمزی و پڕ لە نیشانە هونەرییەکان، ئەو بارودۆخە نیشان دەدات، کە مرۆڤ چۆن دەگۆڕێت کاتێک ترس دەبێتە یاسای ژیان.”
ئەو دەرهێنەرە باس لە کەسایەتییەکانی ناو نمایشەکە دەکات و دەڵێت؛ “لە ناو چیرۆکەکەدا کەسایەتییە سەرەکییەکان هەریەکەیان نوێنەری بیر و هەستێکی جیاوازن؛ یەکێک نوێنەری ملکەچیبوون و کەسێکی دیکەش نوێنەری ئەو مرۆڤەیە کە لەنێوان هەڵبژاردنی راستی یان پاراستنی ژیانی خۆیدا سەرلێشێواوە. بەهۆی ئەم ململانە دەروونی و کۆمەڵایەتییانە، نمایشەکە تەنیا گێڕانەوەی چیرۆکێک نییە، بەڵکوو
ئاوێنەیەکە بۆ ئەو واقیعەی، کە زۆر جار لە کۆمەڵگەکاندا بە شێوەی جیاواز دووبارە دەبێتەوە.”
شانۆگەری “مافیا؛ وڵاتێ رەش”، نمایش بکرێت و بۆ ماوەی سێ ڕۆژ بەردەوام بوو.

