یەڵدا هەرکی
لە کوێوە دەست پێ دەکەی؟
لەوێوە کە ڕەنگەکان یاخی دەبن و
جوگرافیا…
ئەو پێشمەرگە ماندووەیە،
کە دوایین فیشەکی ئەشقی خۆی
لە قووڵاییی ئەشکەوتێکی برینداردا حەشار داوە.
ئەو سپییەی سەر شانت،
کۆچی بەفری کزۆڵی زاگرۆسە بۆ ڕوومەتی مەهاباد؛
شیری دایکانی کۆچەرە لە سینگی قەندیلدا،
کە پێش فڕین،
مێژوویەکی ژانگرتوویان
دەرخواردی باڵات دا.
ڕەش، بێدەسەڵاتیی تاریکییە لەژێر کێلی برژانگەکانتدا،
داستانی مانەوەی هەڵەبجەیە لە تەپوتۆزی حەماسەتدا.
ئەوە چاو نییە،
شەوێکی ساردی بارزانە
لە بیلبیلی چاوانتدا دەچۆڕێتەوە؛
زیکرێکی حەماسییە لە قەدپاڵی دۆڵەکاندا،
کاتێ پیرە هۆزانەکان لە دەوری ئاگر،
مەرگی خۆیان بە گۆرانی دەگوتەوە…
ڕۆحت… شینێکی عاسییە؛
نە هێمن وەک خەون،
نە شێواو وەک گەردەلوول.
تێکەڵەیەکە لە تووڕەیی ڕووبارێکی دێرسیم،
شەڕێکی ناوخۆیی لە دڵی هەورەکانی ئامەد،
تەقینەوەی شیعرێکی بێنیشتمان لە ناخی سلێمانیدا!
خاکی، فەلسەفەی مانەوەیە،
تۆ نەتویست ببیتە باڵندەیەکی کۆچەری؛
فڕینت بەخشی بە فریشتەکان و
لێرە بوویتە ڕەگ،
تا لە عەفرینەوە بۆ شنۆ،
خاک بە زمانی برینەکانی خۆت بێنیتە گۆ.
خۆزگە کچێک بوویتایە، کوردستان!
تا من تەنیا نەخشێک بوام لە سۆخمەکەت؛
نیشتەجێی سەرزەمینێکی بچووک لە نێوان دڵ و خاکدا،
تا لە لەرینەوەی چینی کراسەکەتدا،
گوێ لە ترپەی دڵت بگرم…
کاتێ تۆ بێدەنگ دەبیت،
سەفین، وەک مرید
لە بەردەم چاوانتدا کڕ دەکەوت؛
نەبزت…
وەک خوتبەیەکی نەنووسراوی مەولانا
لە ناو خوێندا دەسووڕێتەوە!

