رۆژنامەی ھەولێر

لە ڕواندزدا دیداری ١٠٠ساڵەی زاری کرمانجی و حوزنی موکریانی بەرێوە دەچێ

ئەمڕۆ ”دیداری ١٠٠ ساڵەی زاری کرمانجی و حوزنی موکریانی پێشەنگی گوتاری نیشتمانی” لە ڕواندز، لە هۆڵی حوسێن حوزنی موکریانی- لە شنگلبانە ساز دەکرێت. سەد ساڵ لەمەوبەر، گۆڤاری ‘زاری کرمانجی’ لە یەکەم چاپخانەی کوردی لەسەر خاکی نیشتمان لە ڕواندز چاپ کرا و بڵاو کرایەوە.
ئەمڕۆ ناوەندە ڕۆشنبیری و ڕاگەیێنەوانی و ئەکادیمیکە کوردیەکان پێ دەنێنە نێو سەدەمین ساڵوەگەڕی دەرچوونی گۆڤاری زاری کرمانجی و ڕۆڵ و پێگەی حوزنی موکریانی لە ڕۆشنبیری کوردیدا بەرز دەنرخێنن.
ئەم دیدارە جگە لە وتار و پەیڤ و دانانی چەپکەگوڵ لە بەردەم پەیکەری حوزنی و پەردەلادان لەسەر تابلۆی شەقامی حوزنی و نمایشکردنی چەند برگەیەکی موسیقی و پێشانگا، لە دوو پانێلدا چەندین بابەتی ئەدەبی لە جۆری توێژینەوە لەم بوارانەی خوارە ڕەنگ دەداتەوە:
بواری نووسینی مێژوو، رۆژنامەگەری، چیرۆک، زمانناسی، پێشەنگی لە هێنان و دامەزراندنی ئامێری چاپ و چاپخانە و فۆتۆگرافی و زینۆگرافی و مورهەڵکەنی، دنیابینی و نوێخوازی و هونەرکاری، میراتی کەلتووری و ناسنامەی نەتەوەیی و گوتاری نیشتمانپەروەری.
ئەم بابەتانە لە لایەن نووسەران و ئەدیبان و ئەکادیمییەکانی کوردستان پێشکەش دەکرێن.
دوا برگەی دیدار خوێندنەوەی راسپاردەکانە کە لە لایەن لیژنەی ئامادەکردنی راسپاردەوە بۆ بەرزراگرتنی بەرهەم و شاکارەکانی حوزنی پێک هێنراوە.
هەر لە بارەی چالاکییەکانی دیکەی یادی سەد ساڵەی زاری گۆڤاری زاری کرمانجییەوە هەر ئەمساڵ کۆنفراسی زانستیی سەد ساڵەی زاری کرمانجی کە زانکۆی سۆران بریاری ئەنجامدانی دابوو لە مانگی پێنج، دوا خراوە بۆ مانگی نۆی ئەمساڵ و لە ساڵرۆژی کۆچی دوایی حوزنی موکریانیدا دەبەسرێ، بە چەندین توێژینەوەی زانستی بە بەشداری دەیان ئەکادیمیستی کوردستانی لە زانکۆکانی ناوەوەی وڵات و دەرەوە و، ژیان و بەرهەم و پێگەی حوزنی بەرز رادەگیرێ.