رۆژنامەی ھەولێر

فیلمێکی کوردی بەشداری لە فێستیڤاڵێکی هۆڵەندا کرد

شیڤان شێرزاد – هەولێر

 

فێستیڤاڵێکی هونەری لە وڵاتی هۆڵەندا بە بەشداری فیلمی کوردی لە شاری ئەمستردامی پایتەختی ئەو وڵاتە بەڕێوەچوو.

رێکار بارزان، کە بە فیلمێک لە بەشی پێشبڕکێی فێستیڤاڵەکەدایە ڕایگەیاند: “فێستیڤاڵەکە 35 فیلم لە گشت جیهان پیشان دەدات، کە چەندین فیلمی نوێ و کلاسیکی کوردی لە خۆدەگرێت، لە فیلمی درێژ و دۆکیۆمێنتارییەوە بۆ فیلمی کورت.
دوای هەندێک پێشانگەکان، دانیشتن و گفتوگۆی راستەوخۆ لەگەڵ داهێنەران بەڕێوەدەچێت، کە دەرفەتێک دەڕەخسێنێت بۆ گفتوگۆ لەسەر ئەزموون و ئاستەنگەکانی فیلمسازی کوردی.
گوتیشی، “ئامانجی سەرەکیی فێستیڤاڵەکە بریتییە لە پێشخستنی سینەمای کوردی و دروستکردنی پەیوەندییەکی راستەوخۆ لەنێوان هونەرمەندانی کورد و بینەران و دامەزراوە سینەمایییەکانی ئەوروپا.
هەوڵدەدات ململانێی نێوان پاراستنی ڕەگەزە کولتوورییەکان و گۆڕانە نوێیە کۆمەڵایەتییەکان بخاتە بەر باس.
سەرنجێکی تایبەتیش دراوە بە بابەتەکانی ناسنامەی کوردی، زمان، و فشارەکانی تێکەڵبوون و دابڕان لە رەگەزە رەسەنەکان، بە تایبەتی لە ناوچەی باکووری کوردستان.”
ئەو دەرهێنەرە باس لە بەشداریکردنی فیلمەکان لەو فێستیڤاڵە دەکات و دەڵێت، “هەروەها فێستیڤاڵەکە تەنیا بە فیلم کۆتایی نایەت، بەڵکو چالاکیی کولتووری، میوزیک و دیدارە هونەرییەکانیش لەخۆدەگرێت، بۆ ئەوەی فێستیڤاڵەکە ببێتە شوێنێکی زیندووی یەکگرتنی کۆمەڵگەی کوردی و دۆستانی هونەر. هەروەها فێستیڤاڵەکە بۆ زۆرێک لە فیلمسازە گەنجەکانیش، دەرفەتی یەکەمە بۆ ئەوەی بەرهەمەکانیان لە ناوەندێکی نێودەوڵەتیی پێشان بدەن و پەیوەندی لەگەڵ بینەر و پیشەسازی سینەما دروست بکەن.”
ئاماژەی بەوەشدا، “من بە فیلمی “مردن لەنێوان ژیاندا” بەشداری فێستیڤاڵەکەم کردووە، کە فیلمەکە باس لە چیرۆکی کوڕێک دەکات کە بارودۆخی ژیان و بەربەستەکانی ناچاری دەکەن بە رێگەی نایاسایی کۆچ هەڵبژێرێت؛ لێرەدا چاوەڕوانی هیچی تر ناکات جگە لە سێ دەرئەنجام، ئەوانیش رزگار بوون یان مردن یاخود گەڕانەوە، ئەمەش وا دەکات رێگەی ژیان و مردن تاقی بکاتەوە بۆ ئەوەی ژیانێکی باشتر و بەختەوەرتر بدۆزێتەوە.”