رۆژنامەی ھەولێر

فیلمێکی کوردی خەڵاتێک لە ئەمریکا بەدەست دێنێت

شیڤان شێرزاد – هەولێر

 

فیلمی “دەریای هیوا”، کە لە دەرهێنانی جوبرائیل ئەبوبەکرە، لە فێستیڤاڵی میدیایی جەنگاوەرانی پێشووتر لە ئەمریکا، خەڵاتی تایبەتی لێژنەی دادوەرانی بەدەست هێنا.

هونەرمەند “جوبرائیل ئەبوبەکر”، دەرهێنەری فیلمەکە ڕایدەگەیەنێت، “لەم فێستیڤاڵەدا لە کۆی 1600 فیلم لە 100 وڵاتی دونیا، تەنیا 80 فیلم وەرگیرا، فیلمی ئێمە تاکە نوێنەری کوردستان و عێراق بوو کە بەشدار بوو لەم فێستیڤاڵە، خۆشبەتانە فیلمەکان توانی خەڵاتی تایبەتی لێژنەی دادوەران بەدەست بهێنێت.
دەشڵێت: ” فیلمی “دەریای هیوا” کورتە فیلمێکە کە پەردە لەسەر زیانە وێرانکەرەکانی مرۆیی شەڕ لە چاوی ئەو مەدەنییانەی کە لە دوای جەنگەوە گیریان خواردووە، ئاشکرا دەکات، فیلمەکە بە گرنگیدان بە شوێنەواری سۆزداری و جەستەیی ئاوارەبوونی زۆرەملێ، شوێنپێی گەشتەکانی تاکەکان دەگرێتەوە، کە ناچارن لە ماڵەکانیان هەڵبێن، هەموو شتێک دەخاتە مەترسییەوە کاتێک بە ڕێگاکانی مەترسیدار دا دەڕۆن کە مردن و خنکان لە هەموو وەچەرخانێکدا دەڕوانن، لە گەڕانێکی بێ هیوادا بۆ سەلامەتی و ژیانێکی به کەرامەت.