بـــەهرە حەمەڕەش
بە شێوەیەکی گشتی کاتێک بە چاویلکەی کۆمەڵزانی سەیری شیعری شاعیرانی کورد دەکەی، چەندین وێنە لە (خەباتی کۆمەڵایەتی)، (خەباتی نەتەوەیی)، (خەباتی چینایەتی) و (خەباتی ڕەگەزی) تاد.. دەبینی، چونکە شیعر پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی بە واقیع و ژینگەی کۆمەڵایەتییەوە هەیە و کاریگەریی ئەم ژینگەیە لە شیعرەکانیاندا ڕەنگ دەداتەوە، ئەو زمانەی شاعیر پێی دەدوێت، وشە و ڕستەی پێدا دەڕێژێت، گوزارشتە لە پێگەی کۆمەڵایەتی شاعیر، بۆیە کاتێک هۆنراوەی هەر یەکێک لە شاعیران بە تایبەتیش شاعیرانی کلاسیک دەخوێنیتەوە، درک بە کێشەی کۆمەڵایەتی و پەیوەندییە ئاڵۆزەکانی ئەو سەردەمە دەکەیت، هەروەها کارلێکی کۆمەڵایەتی لەنێوان تاکەکان و زاڵبوونی چینایەتی لە هۆنراوەکانیاندا وێنا دەکرێت.
(یاخیبوون)، (کێشە کۆمەڵایەتییەکان) و(خەباتی نەتەوەیی) تاد.. لە شیعرەکانیاندا بەدیدەکرێت هەروەها هاندانی ژنان بۆ (خوێندەواری) و خەبات دژی (ڕەگەزسالاری) و تاد.. بەشێکی تر لە شاکارەکانیانە. لەم نووسینەدا بەیتێک لە شیعری شاعیری بەناوبانگی کورد (نالی) لە ڕوانگەیەکی کۆمەڵناسییەوە دەخەمە بەرچاو، کە چۆن (نالی) مەزن لە ڕێگەی (کۆمەڵزانیی زمان)، (یاخیبوون لە نەریتەکان) لە شیعرێکدا دادەڕێژێت و مافی هەڵسەنگاندن و قسەکردنی باو لەسەر (مەحبووبە) لە کۆمەڵ دەستێنێتەوە و پێیان دەڵێت: من بە چاوی ئێوە نابینم و ناخوێنمەوە دیدی من بۆ ڕوانین لە نیگاکانی مەحبووبە جیاوازە و ئەوەی ئێوە وەکو (کەموکورتی) دەیبینن لای نالی (پلەی باڵای جوانییە) و جوانی لە پێوەر و پێناسە باوەکان وەردەگرێتەوە لە پەیڤی نوێ و لە ملوانکەیەکی شیعریدا بە مانا و دەلالەتی نوێ دەهۆنێتەوە و دەیکاتە ملی مەحبووبە:
پێم دەڵێن: مەحبووبە خێل و قیچە، مەیلی شەڕ دەکا
خێل و قیچە، یا تەرازووی نازی نەختی سەر دەکا؟
خێل و قیچە، یا بە غەمزە بۆ نیشانەی دڵ بە چاو
مەیلی ڕاست هاوێتنی موژگانی دڵ پەیکەر دەکا؟
چاوی هەم ڕەنگی گوڵی، مەستی شەو و ڕۆژن مەدام
یەک لە نەشگوفتەی بە نەفشە، یەک لە نەیلۆفەڕ دەکا
عەکسی چاوی تۆ لە چاویدا بە خواری تێدەگەی
کەچ نەزەر کەی فەرقی خوار و ژوور و، خێر و شەڕ دەکا؟
نالی مەزن لەم بەیتە شیعرەدا تەنیا وەکو شاعیرێک دەرناکەوێت، بەڵکو وەکو کەسێکی(یاخی) لە نەریت و پێوەرە کۆمەڵایەتییەکان بۆ (هەڵسەنگاندن)ـی کەسانی تر و پێوەرەکانی (جوانی باو) دەدوێت، دەیەوێت بڵێت، ئەوەی ئێوە بە پێوەری جوانی دەزانن و لە جەستەی یاردا بە (نەنگی) دەچوێنن، لای من (ئەشق) و (خۆشەویستی) جەستەی تێپەڕ کردووە و گەیشتووەتە (ڕۆح) و بارێکی ڕۆحی، کە (چاوی دڵ) لە جیاتی (چاوی سەر) دەیبینێ، ئەو (توانج و پلار)ـەی ئێوە لە چاوی (یار)ـی دەدەن لە لای من (ناز) و (عیشوەیە)، نالی تەنیا شیعر ناهۆنێتەوە، بەڵکو دەیەوێت لەم ڕێگەیەوە وزە نەرێنییەکانی کۆمەڵگە و ئەقڵیەتی باو، دروێنە بکات و ملوانکەی وەفا و پەیڤی جوان بهۆنێتەوە و بیکات بە بەر (دڵبەر)ـدا، دەیەوێت ڕەگەزەکەی خۆی فێری یاخیبوون لە ڕێسا کۆمەڵایەتییە لارەکان بکات و لە ڕێگەی ئەم هۆنینەوەی شیعرەدا چاکسازیی کۆمەڵایەتی لەو بەهایانەدا بکات، کە مرۆڤ لە چوارچێوەی پێدراوە سرووشتییەکاندا بێبەها بکات.
نالی کۆمەڵزانییی زمان، بەکار دەهێنێت و بەرەنگاری ئەو واقیعە کۆمەڵایەتییە دەبێتەوە، کە ڕەگەزەکانی پیاوسالاری ڕەگی تێدا داکوتاوە و بە پێوەری مرۆڤانە و تێکەڵکردنی بە زمانی شیعر، شەن و کەوی نەریتی باو دەکات و لەبەریەک هەڵیان دەوەشێنێتەوە، دەیەوێت بڵێت ئەوەی ئێوە بە (خێل و قیچ) دەیبینن، لای من (لاسەنگی تەرازووی نازی چاوی مەحبووبەیە).
نالی، لە ڕێگەی چنینی وشە و هەستەوە دەچێتە سەنگەری بەرگری لە (وتی وتی) و دژایەتیی نەریتی پێوانەکردنی ئەشق لە ڕێگەی هەڵسەنگاندنی جەستەوە، ئەو لە ڕێگەی شیعر و ئەدەبیاتەوە هەوڵی گۆڕینی دابی (کینەی کۆمەڵایەتی) لە کۆمەڵگەدا دەدات و دەیەوێت بڵێت، بۆ بینینی مەعشوقەکەم ناتوانن بڕۆنە ناو دنیابینیی مرۆڤانە و بێ خەوشی جیهانی خۆشەویستی من.
لەم بەیتەدا دەیەوێت ببێتە ئاوێنەی (کێشە کۆمەڵایەتییەکان) و پەنجە بخاتە سەر ئەو برینانەی لە ڕێگەی قسە و قسەڵۆکەوە لەسەر دڵی خەڵک دروست دەبن. ئەو کێشمەکێشمەی لەنێوان (عەوام) و (عاشق) بە هۆکاری دیدگای جیاوازەوە بۆ خۆشویستن و ژیان دروست دەبێت، نالی دەیخاتە تەرازووی ویژدان و جوان بینی پێیان دەڵێت، ئەوەی ئێوە بە (نەنگی) دەیبینن لای من (نازکردنی زۆرە) بووەتە هۆکاری ئەوەی بە ئاسانی تیرەکانی دڵ بپێکێت. ئەوە دەرخەری ئەوەیە، کە نالی دەیەوێت لە ڕێگەی شیعرەوە (شۆڕشی کۆمەڵایەتی) بەرپا بکات و دیوە جوانەکەی خۆشەویستی پیشان بدات.
دەیەوێت شەڕی کۆمەڵایەتیی کۆمەڵگە و پێوەرەکانی جوانی لە جەستە بکاتەوە و مافی ئەم هەڵسەنگاندنە لە عەوام وەربگرێتەوە، بیداتەوە بە خودی عاشق، (چاودێریکردنی کۆمەڵایەتی)، کە یەکێک لە نەخۆشییە باوەکانی کۆمەڵگەیە بخاتە چوارچێوەیەک و دەستدرێژیی وشە لەسەر تایبەتمەندییەکانی تاک لابدات.
لە ڕێگەی ئەم شیعرەوە بانگەوازی جێگیری پێوەرەکانی جوانی لە بڵندگۆی ویژدانی دەستەجەمعی وەردەگرێتەوە و دەڵێت، پێوەرەکانی جوانی جێگیر نین، دەکرێ ئەوەی لای عەوام ناشیرینە چاوی من جوان بیبینێت، بەڵکو لەوەش سەرتر بە ناز و تیرهاویشتن بۆ دڵدار وێنای بکات. گۆڕانکاری بەسەر پێوەرەکانی جوانیشدا جێگیر نین، جاران (لێوی قەیتان) دەخرایە چوارچێوەی هۆنراوە و دەکرا بە گۆرانی بەڵام ئێستا بە پێچەوانەوە (لێوی گۆشتن) بووەتە یەکێک لە وەسفکردنی پێوەرەکانی جوانی، (مەمک فنجان) لە زۆربەی هۆنراوە و گۆرانییەکاندا یەکێک لە خەسڵەتەکانی جوانی ژن بووە، بەڵام ئێستا ئەم پێوەرە پێچەوانە بۆتەوە، هەروەها پێوەرەکانی جوانی لە کۆمەڵگەیەک بۆ کۆمەڵگەیەکی تر و بە پێی کەلتوورە جیاوازەکان گۆڕانکاری بەسەردا دێت. پێشتر پێستی سپی پێوەری جوانی بوو، ئێستا خانمان هەوڵ دەدەن پێستیان برۆنزی بێت و ئەم جۆرەی پێست بۆتە یەکێک لە پێوەرەکانی جوانی. بۆیە نالی بەو پەڕی بوێرییەوە لەم بەیتەدا یاخی دەبێت و جوانی پێناسە دەکاتەوە، هەروەها پەیامێک دەدات بە عاشقان، کە دەکرێت لە جیاتی ڕادەستبوونی نەریتەکان جوانبینیی خۆتان بکەنەوە بە پێناسە و ناونیشانی نوێ بۆ جوانی مەعشوقەکانتان.
نالی، ئەو خەسڵەتەی کە خەڵک بە (بێئاگایی) لە شێوەی دلبەرەکەیدا بە توانج باسی دەکەن، دەکات بە سیمبولی جوانی و هێز لە مەحبووبەدا و وەکو کەسایەتییەکی بەهێز و خاوەن تایبەتمەندییەکی دەگمەن پیشانی دەدات. دەیەوێت ڕۆح بکاتەوە بە بەرجەستەی توانج لێدراوی مەحبووبە و لە نێچیرێکی پێکراوی بەر هێرشی کۆمەڵایەتی باو، بیکات بە کەسایەتییەکی پڕ لە هێز و وزەی بەرەنگاربوونەوە.
جەستەی ژن، لە کەرەستەیەکی مامەڵەپێکراو و نمایشکارەوە دەگۆڕێت بۆ جەستەی مرۆڤێک، کە دەتوانێ گیانی بەرەنگاریی تێدا بێت و لە بری هەڵبژێردراو ببێت بە بڕیاردەر و مافی بڕیاردان لە خەڵک وەردەگرێتەوە. وێنای (ژن) لای نالی ئەو وێنا باوە کۆمەڵایەتییە نییە، بەڵکو مرۆڤێکی خاوەن (هێز) و (ئیرادەیە) دەتوانێ سنورە نەریتییەکان بشکێنێت و بەگژ وزە نەرێنییەکاندا بچێتەوە. کاتێک دەڵێت (خێل و قیچە، یا بە غەمزە بۆ نیشانەی دڵ بە چاو مەیلی ڕاست هاوێتنی موژگانی دڵ پەیکەر دەکا؟) ڕووبەڕووی ئەو ستەمە کۆمەڵایەتییە دەبێتەوە، کە لۆمەی نیگاکانی مەحبووبە دەکەن و ئەوەی ئەوان بە (لاری) دەیبینن ئامانجە و (تیرهاویشتنی ڕاستە) لە چاوی مەحبووبەوە بۆ دڵی نالی، ناز و غەمزەیە نەک نەنگی، (دیدی کۆمەڵگە) پەراوێز دەخات و (دیدی شاعیر) دەکاتە سەنگی مەحەک بۆ بینینی چاوی پڕ لە نازی یار، پێمان دەڵێت جوانی تەنیا لە چوارچێوەی فیزیکیدا پێناسە ناکرێت و دەکرێت (بابەتێکی تەواو ڕۆحی) بێت، چونکە دیدی شاعیر لە دیدی خەڵگی نا ئاگا جیاوازە و ئەم جیاوازییەش وا دەکات شاعیر ببێتە نموونەی باڵای مرۆڤ دۆستی و جوانبینی، سنوورە نەریتییەکان تێک بشکێنێت.
نالی مەزن، لەم بەیتەدا پێمان دەڵێت، شیعر سنوورە کۆمەڵایەتییەکان دەبەزێنێت و جیهانی فیزیکی بەجێ دەهێڵێت، ئەوەی ئێوە لە جیهانی فیزیکیدا دەیبینن لای من بایەخی نییە و من سەربە جیهانێکم سەرووی ئەم جیهانەیە، دیدی من سنوورە کۆمەڵایەتییەکان دەبڕێت و توانجەکانی ئێوە بەتاڵ دەکاتەوە، دەکرێت ئەوە بۆ هەموو عاشقێک ڕاست بێت. بۆیە باشترە کۆمەڵ واز لە (توانجگرتن) بهێنێت و فێری جوانبینی ببێت.

