هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی ئێران هونه‌رمه‌ندێكی كورد ده‌ستگیرده‌كه‌ن

رێكخراوی هه‌نگاو بۆ مافه‌كانی مرۆڤ رایگه‌یاند، ئێوارەی ڕۆژی شەممە 23ی3ی2024، هێزەکانی ئیتلاعاتی ئێران لە شاری بۆکان له‌ كوردستانی ئێران، هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی حەسەن کاکەیی، گۆرانیبێژ و هونەرمەندی خەڵکی ئەو شارە، بە شێوەیەكی دڕندانە دەستگیریان کردووە و لێیان داوە.

هه‌نگاو ڕایگەیاندووە، ئەو هونەرمەندە تەمەن 64 ساڵە، کاتژمێر 8ی شەوی شەممە تاوەکوو بەرەبەیانی ڕۆژی دواتر لێپرسینەوە و لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا کراوە و لێی دراوە، دواتر ئازاد کراوە.

رێكخراوی هه‌نگاو بۆ مافه‌كانی مرۆڤ ئاماژه‌ی به‌وه‌ش داوه‌، ئەشكەنجەدان و لێدان لە حەسەن کاکەیی ئەوەندە زۆر بووە، کە شینبوونەوە و کوتراوی لەسەر دەموچاوی بە ڕوونی دیار بووە.

له‌ كۆتاییدا راگه‌یاندراوه‌  لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا، ئەم هونەرمەندە کوردە بەشداریی ڕێوڕەسمەکانی نەورۆزی لە شارەکانی بۆکان و سەقز کردووە و چەند گۆرانی و سروودێکی نەتەوەیی گوتووە.

ھەواڵی زیاتر