ئەژین عەبدوڵڵا – هەولێر
هەڵوەرینی قژ لەنێو خانماندا یەکێکە لە کێشە بەربڵاوەکان کە هەم لە ڕووی تەندروستی و هەم لە ڕووی دەروونییەوە نیگەرانیی دروست دەکات. هۆکارەکانی ئەم کێشەیە بۆ چەندین هۆكار دەگەڕێتەوە لە ناهاوسەنگیی هۆرمۆنەکانەوە دەست پێدەکەن تا دەگاتە خووە خۆراکییەکان، کاریگەریی دەرمان و دۆخی بەرگریی جەستە د. گزنگ کاکل عەزیز پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشییەکانی ئافرەتان و لەدایکبوون، تیشک دەخاتە سەر دیارترین ئەو هۆکارانەی دەبنە هۆی هەڵوەرینی قژ لە خانماندا.
دیارترین هۆکارەکانی هەڵوەرینی قژ لە خانماندا
١. کێشەکانی ڕژێنی پەریزادە (غودەی دەرەقی)
ڕژێنی پەریزادە ڕژێنێکی شێوە پەپوولەییە و دەکەوێتە بەشی پێشەوەی مل؛ ئەرکی سەرەکیی دەردانی ئەو هۆرمۆنانەیە کە چەندین پرۆسەی زیندەیی لەش ڕێکدەخەن. تێکچوونی ئەم ڕژێنە چ بە تەمبەڵی بێت یان فرەدەردان کاریگەریی نەرێنی لەسەر سووڕی گەشەی قژ دروست دەکات. شایانی باسە زۆرجار هەڵوەرینی قژ بە تەنیا دەرناکەوێت، بەڵکو لەگەڵ نیشانەکانی وەک:
• دابەزین یان زیادبوونی بەرچاوی کێش.
• هەستیاریی زۆر بە سەرما یان گەرما.
• تێکچوونی لێدانی دڵ.
٢. فرەکیسیی هێلکەدان (PCOS)
ئەو خانمانەی دووچاری ئەم گرفتە دەبن، بەدەست ناهاوسەنگییەکی درێژخایەنی هۆرمۆنەکانەوە دەناڵێنن. ئەم دۆخە دەبێتە هۆی:
• گەشەکردنی مووی زیادە لەسەر دەموچاو و جەستە.
• تەنکبوونەوەی قژی سەر.
• ناڕێکی لە کاری هێلکەدان و زیادبوونی کێش.
د. گزنگ کاکل جەخت دەكاتەوە كە لە هەندێک حاڵەتدا، ڕەنگە تەنکبوونەوەی قژ تاکە نیشانەی ئاشکرای نەخۆشییەکە بێت.
٣. سەرڕووتاوی و نەخۆشییە بەرگرییەکان (ڕێوی / ئەلۆپێشیا)
لە حاڵەتی نەخۆشییە خۆبەرگرییەکاندا، کۆئەندامی بەرگریی لەش بە هەڵە هێرش دەکاتە سەر بنکە و تاڵەکانی قژ، ئەمەش دەبێتە هۆی هەڵوەرینی قژ بە شێوەی پەڵەی بازنەیی. لە زۆربەی حاڵەتەکاندا زیانەکە هەمیشەیی نییە و دوای شەش مانگ بۆ ساڵێک قژەکە سەرلەنوێ دەڕوێتەوە، بەڵام لە حاڵەتی دەگمەندا دەکرێت تەواوی مووی سەر و جەستە بڕووتێتەوە.
٤. هەوکردنی کەڕوویی پێستی سەر:
تووشبوون بە هەوکردنی کەڕوویی دەبێتە هۆی دەرکەوتنی پەڵەی سوور کە بەهۆی کڕاندن و خورانی بەردەوامەوە قژ لەو ناوچانەدا دەوەرێت. چارەسەری ئەم گرفتە لە ڕێگەی دەرمانی دژەکەڕوو دەکرێت. لەبەر ئەوەی ئەم کەڕووە بە بەرکەوتنی ڕاستەوخۆ دەگوازرێتەوە، پێویستە ئەندامانی خێزانی نەخۆشەکەش لە کاتی دەرکەوتنی نیشانەکاندا پشکنین ئەنجام بدەن.
٥. قۆناغی دوای منداڵبوون
لە ماوەی دووگیانیدا بەهۆی بەرزبوونەوەی هۆرمۆنەکان، تەمەنی مانەوەی تاڵەکانی قژ درێژتر دەبێتەوە و پڕتر دەردەکەوێت. بەڵام دوای منداڵبوون، کاتێک ئاستی هۆرمۆنەکان دەگەڕێنەوە باری ئاسایی، بەشێکی زۆر لەو مووانە بە خێرایی دەکەونە وەرین. ئەم دۆخە لە ماوەی چەند مانگێک تا دوو ساڵ دوای منداڵبوون بە تەواوی ئاسایی دەبێتەوە.
٦. بەکارهێنانی حەب و دەرمانە پزیشکییەکان
کاریگەرییە لاوەکییەکانی بەشێک لە دەرمانەکان دەتوانن ببنە هۆی لاوازبوون و هەڵوەرینی قژ، لەوانە:
• حەبی ڕێگری لە دووگیانی: بەتایبەت لەو خانمانەی کە پێشینەی بۆماوەیی تەنکبوونی قژیان هەیە، یان لە کاتی ڕاگرتنی حەبەکەدا.
• دەرمانەکانی تر: دەرمانی چارەسەری بەرزیی پەستانی خوێن، نەخۆشییەکانی دڵ، هەوکردنی جومگەکان و دەرمانەکانی دژەخەمۆکی.
هۆکارە بۆماوەیی و خۆراکییەکان
پسپۆڕان ئاماژە بەوە دەکەن کە هۆکاری بۆماوەیی، چوونە تەمەن و گۆڕانکارییە هۆرمۆنییەکانی سەردەمی وەستانی سووڕی مانگانە (تەمەنی نەشۆران) دەبنە هۆی تەنکبوونەوەی گشتیی قژ لە تەواوی سەردا؛ جێگەی باسە پاشەکشەی هێڵی قژ لە ناوچەی نێوچەوان لەنێو خانماندا حاڵەتێکی دەگمەنە.
هاوکات، لایەنی خۆراکی ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوە دەگێڕێت؛ کەمیی هەندێک ماددەی بنەڕەتی ڕاستەوخۆ دەبێتە هۆی هەڵوەرینی قژ، لەوانە:
• کەمیی ڤیتامینەکان، بەتایبەت ڤیتامین دى و بى.
• کەمخواردنی پڕۆتین لە ژەمەکاندا.
• کەمخوێنی، بەتایبەت ئەو جۆرەی بە هۆی کەمیی ئاسنەوە دروست دەبێت.

