رۆژنامەی ھەولێر

کەی سەردانیکردنی پزیشک پێویستییەکی بەپەلەیە؟

ئەژین عەبدوڵڵا – هەولێر

 

سەرئێشە لە ناو منداڵاندا حاڵەتێکی باوە و کۆمەڵێک هۆکاری جیاوازی هەیە کە زۆربەی جار جێی مەترسی و ترس نییە، بەڵام لە هەندێک حاڵەتدا دەکرێت نیشانەی نەخۆشییەکی جدی و مەترسیدار بێت. لەم بارەیەوە، د. سۆران سابر عوسمان، پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشییەکانی منداڵان، ڕۆشنایی دەخاتە سەر هۆکارە نوێیەکان و نیشانە مەترسیدارەکانی سەرئێشە لە منداڵاندا.

شاشە ئەلیکترۆنییەکان؛ تۆمەتباری یەکەمی سەرئێشەی منداڵان
بەپێی وتەی ئەو پسپۆڕەی نەخۆشییەکانی منداڵان، لە ئێستادا بەکارهێنانی زۆری ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان و تەماشاکردنی بەردەوامی شاشەی مۆبایل، ئایپاد و تەلەڤیزیۆن، بوونەتە هۆکارێکی سەرەکیی سەرئێشە لەناو منداڵاندا؛ بەجۆرێک رۆژانە بەهۆی ئەم کێشەیەوە منداڵێکی زۆر سەردانی نەخۆشخانە و کلینیکە پزیشکییەکان دەکەن.
د. سۆران ئاماژە بەوە دەدات کە خۆشبەختانە بە وازهێنان و دوورکەوتنەوە لەو هۆکارانە سەرئێشەکە ڕاستەوخۆ چارەسەر دەبێت. بۆیە ڕێنمایی دایکان و باوکان دەکات بۆ پاراستنی منداڵەکانیان لە سەرئێشە و گیروگرفتەکانی تری شاشەکان، کاتی سەیرکردنی ئەو ئامێرانە کەم بکەنەوە بەجۆرێک لە شەو و ڕۆژێکدا زیاتر نەبێت لە دوو کاتژمێر.

١٠ نیشانەی مەترسیدار کە پێویستە بەپەلەی بچیتە لای پزیشک:
ئەو پسپۆڕەی منداڵان جەخت دەکاتەوە، کاتێک سەرئێشەی منداڵەکە یەکێک لەم نیشانانەی خوارەوەی لەگەڵدا بوو، پێویستە بە زووترین کات سەردانی پزیشک بکرێت:
1. تای بەرز و ڕشانەوە لەگەڵ سەرئێشەدا.
2. سەرئێشەی توند و بەردەوام کە بە دەرمانی ئازارشکێن باش نەبێت.
3. سەرئێشەیەک کە ببێتە هۆی تێکچوونی خەو یان هەڵسان لە خەو.
4. سەرئێشەی بەیانیان یان زیادبوونی ئازارەکە لە کاتی پاڵکەوتندا.
5. تێکچوونی هاوسەنگیی منداڵەکە، یان دروستبوونی کاریگەریی خراپ لەسەر ڕۆیشتن، قسەکردن و بینینی.
6. گەشکەلێهاتن و گەشکەگرتن یان دروستبوونی گۆڕانکاری لە بیرکردنەوە، هەڵسوکەوت و کەسایەتیی منداڵەکەدا.
7. سەرئێشەی لەناکاوی زۆر توند.
8. دروستبوونی سەرئێشە دوای زەبرپێکەوتن بە سەری یان کەوتنەخوارەوە.
9. دابەزینی کێشی منداڵەکە بەبێ هۆکار.
10. دڵەراوکێی دایک و باوک: بەگشتی هەر کاتێک سەرئێشەی منداڵەکە بووە هۆی نیگەرانی و دڵەڕاوکێی دایک و باوک، پێویستە بەبێ دوودڵی سەردانی نەخۆشخانە بکەن.