ماكوان عيززهت-هەولێر
بەرگریی ئەنسۆلین وەک یەکێک لە سەرەکیترین هۆشداری پێشوەختەکان بۆ تووشبوون بە نەخۆشیی شەکرە دادەنرێت. لەمبارەیەوە، د. یوسف بەهائەدین خەتێ، پسپۆڕی ڕاوێژکاری شەکرە و هۆرمۆنەکان، تیشک دەخاتە سەر گرنگی و مەترسییەکانی ئەم دیاردە تەندروستییە و شێوازەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی ڕوون دەکاتەوە.
بەرگریی ئەنسۆلین چییە؟
ئەم دۆخە کاتێک ڕوودەدات کە هۆرمۆنی ئەنسۆلین (کە بەرپرسە لە ڕێکخستنی ڕێژەی شەکر) لەناو لەشی مرۆڤدا هەیە، بەڵام کارایی خۆی لەدەستدەدات. لەم دۆخەدا، وەرگرەکانی خانەکان بەرگریی نیشان دەدەن بەرامبەر بە کاری ئەنسۆلینەکە؛ ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی سەرەڕای بوونی هۆرمۆنەکە، شەکری ناو خوێن بە بەرزی بمێنێتەوە.
ژەهراویبوونی خانەکانی پەنکریاس
د. یوسف ڕوونیدەکاتەوە کە گرنگیی ئەم بابەتە لەوەدایە کە بەرگریی ئەنسۆلین قۆناغێکی سەرەکییە بەرەو تووشبوون بە نەخۆشیی شەکرە. بەردەوام بەرزبوونەوەی شەکری خوێن دەبێتە هۆی ژەهراویبوونی خانەکانی پەنکریاس. ئەم ژەهراویبوونەش بەهۆی دوو هۆکاری سەرەکییەوە ڕوودەدات: چەوریی زۆر و شەکری زۆر. لە ئەنجامدا، خانەکانی هێنانەکایەی ئەنسۆلین لە پەنکریاسدا دەپووکێنەوە و ڕێژەی ئەنسۆلین کەم دەکات، ئەمەش ڕێگە خۆش دەکات بۆ سەرهەڵدانی جۆرێکی ترسناک لە نەخۆشیی شەکرە.
سەرچاوەی بەرگریی ئەنسۆلین لە کوێوەیە؟
بەرگریی ئەنسۆلین ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە کۆبوونەوەی چەورییەوە هەیە، بەتایبەت بەزی ناو سک و دەوروبەری ئەندامە ناوخۆییەکانی لەش. هەروەها ئەم حاڵەتە لە قەڵەوییەوە سەرچاوە دەگرێت و وەک بەشێک لە “کۆنیشانی زیندەپاڵ” (Metabolic Syndrome) سەر هەڵدەدات؛ کە بریتییە لە کۆبوونەوەی نیشانەکانی وەک: بەرزەپەستانی خوێن (زەخت)، بەرزیی چەوری و، تێکچوونی ڕێژەی شەکری خوێن لەگەڵ قەڵەویی سکدا.
ڕێگاکانی چارەسەرکردن
بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم کێشەیە، چەندین بژاردەی پزیشکی بەپێی کێشی کەسەکە هەن:
1- نەشتەرگەری: پشتبەستن بە جۆرەکانی نەشتەرگەریی بچووککردنەوەی گەدە بۆ ئەوانەی بەدەست قەڵەوییەکی زۆرەوە دەناڵێنن.
2- دەرزییەکان: بەکارهێنانی دەرزییەکانی وەک (ویگۆڤی، مۆنجارۆ، ئۆزێمپیک) بۆ ئەو کەسانەی قەڵەون.
3- چارەسەر بە حەب: بۆ ئەوانەی تەنها کێشیان زیادە، دەتوانن سوود لە حەبەکانی وەک (ئۆرلیستات و مێتفۆرمین) و دەرمانی تری هاوشێوە وەربگرن.
گۆڕینی ستایلی ژیان؛ چەک و چارەسەری سەرەکی
دکتۆر یوسف جەخت دەکاتەوە کە لە پاڵ تەواوی ئەو چارەسەرە پزیشکییانەی ئاماژەیان پێکرا، پێویستە گۆڕانکاریی ڕیشەیی لە ستایلی ژیاندا بکرێت بە ئاراستەی کەمکردنەوەی کێشی لەش. ئەمەش بەهۆی ئەوەی مرۆڤایەتی لە داهاتوودا لەبەردەم ئاڵۆزی و ئالنگارییەکی زۆر گەورەدایە کە بەدەست کێشەی کێشزێدی و قەڵەوییەوە دەناڵێنێت. بۆیە پەیامەکە ئەوەیە کاتێک بەم مەترسییە دەزانین، پێویستە کار بکەین بۆ ڕێگەگرتن لێی، بۆ ئەوەی هەمیشە بە تەندروستی بمێنینەوە.

