رۆژنامەی ھەولێر

نیشانەکانی، هۆکارەکانی گواستنەوە و گرنگترین ڕێکارەکانی خۆپاراستن

ماكوان عيززه‌‌ت-هەولێر

 

نەخۆشیی کۆلێرا یەکێکە لەو نەخۆشییە گواستراوە و مەترسیدارانەی کە زیاتر لە وەرزی گەرمادا و بەهۆی پیسهەڵگەڕانی سەرچاوەکانی ئاو و خۆراکەوە بڵاودەبێتەوە. فەرامۆشکردنی نیشانەکانی یان درەنگ چارەسەرکردنی، مەترسیی توند لەسەر ژیانی کەسی تووشبوو دروست دەکات.

نەخۆشیی کۆلێرا چییە؟
کۆلێرا نەخۆشییەکی بەکتریاییە، بەهۆی جۆرە بەکتریایەکەوە کە پێی دەوترێت (Vibrio cholerae) مرۆڤ تووش دەکات. ئەم بەکتریایە لە ژێر مایکرۆسکۆپدا لە شێوەی فاریزەدایە (,) و چەندین جۆری جیاوازی هەیە؛ بەڵام تەنها جۆرە تایبەتەکانی دەبنە هۆی سەرهەڵدانی پەتای کۆلێرا. سەرچاوەی سەرەکیی گواستنەوەی ئەم بەکتریایە، خواردنەوەی ئاوی ناپاک و خواردنی ئەو خۆراکانەیە کە لە ژینگەیەکی ناتەندروستدا ئامادە کراون یان بە ئاوی پیس ئاودێری کراون.

چ کەسانێک زیاتر تووشی ئەم نەخۆشییە دەبن؟
هەموو تەمەنەکان لەبەردەم مەترسیی تووشبووندان، بەڵام ئەم کەسانە زیاتر ڕووبەڕووی کۆلێرا دەبنەوە:
• ئەو کەسانەی لەبەر هۆکاری جیاواز ناچارن ئاو یان خۆراکی ناتەندروست و ناپاک بەکاربهێنن.
• ئەو کەسانەی سیستمی بەرگریی جەستەیان لاوازە یان ترشەڵۆکی گەدەیان کەمە، زیاتر توانای بەرگرییان بەرامبەر بەم بەکتریایە کەم دەبێتەوە.
• بە پێچەوانەوە، هەر کەسێک بە تەواوی پابەندی بنەماکانی تەندروستی بێت و خۆی لە سەرچاوە گوماناوییەکان بەدوور بگرێت، جەستەیەکی ساغ و پارێزراوی دەبێت.

نیشانە سەرەکییەکانی کۆلێرا کامانەن؟
نیشانەکانی کۆلێرا لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر دەگۆڕێت، بەڵام دیارترین نیشانە باوەکانی بریتین لە:
١. سکچوونی توند و ئاوی: پیسایی کەسی تووشبوو شل دەبێتەوە و لە شێوەی ئاوی برنجدا دەبێت، بێ ئەوەی ئازارێکی ئەوتۆی لەگەڵدا بێت.
٢. ڕشانەوەی بەردەوام: هاوشانی سکچوونەکە، ڕشانەوەش سەرهەڵدەدات کە پرۆسەی وشکبوونەوە خێراتر دەکات.
٣. دابەزینی پەستانی خوێن و خێرا لێدانی دڵ: بەهۆی لەدەستدانی لەپڕی شلەمەنییەکانەوە ڕوودەدات.
٤. وشکبوونەوەی توندی جەستە (Dehydration): لەدەستدانی ئاو و ماددە کانزاییە گرنگەکان دەبێتە هۆی وشکبوونی دەم و پێست، چاوقوچبوون، گرژبوونی ماسولکەکان و بێهێزییەکی توند کە پێویستی بە گەیاندنی دەستبەجێ هەیە بۆ نەخۆشخانە.

چۆن خۆمان لە پەتای کۆلێرا بپارێزین؟
بۆ ئەوەی خۆت و خێزانەکەت لەم پەتایە بەدوور بگریت، پێویستە ئەم ڕێسایانەی خوارەوە بکەیتە ڕاهێنانی ڕۆژانە:
• بەکارهێنانی ئاوی پاک: تەنها ئاوی دڵنیا و پاک بۆ خواردنەوە، چێشتلێنان و ششتنی ددان بەکاربهێنە. ئەگەر لە پاکیی ئاوەکە دڵنیا نەبوویت، پێویستە پێشوەختە بیكوڵێنیت یان حەبی کلۆری تایبەتی تێبکەیت.
• پاکڕاگرتنی دەستەکان: بەردەوام دەستەکانت بە ئاو و سابوون بە باشی بشۆ، بەتایبەت پێش نانخواردن، پێش ئامادەکردنی خۆراک و دوای بەکارهێنانی تەوالێت.
• دوورکەوتنەوە لە خواردنی سەر شەقام: خواردنی سەر عارەبانەکان و ئەو جێگایانەی خۆراکەکانیان دانەپۆشراون، ژینگەیەکی ئامادەن بۆ گواستنەوەی بەکتریاکە، بۆیە پێویستە بە تەواوی لێیان دوور بکەوینەوە.
پاراستنی پاکوخاوێنیی خۆت و دەوروبەر (کەسی و گشتی)، تەنها وەک ئەرکێکی تەندروستیی سادە نییە، بەڵکو هێڵی یەکەمی بەرگرییە بۆ بنبڕکردن و ڕێگەگرتن لە تەشەنەسەندنی پەتای کۆلێرا لە ناو کۆمەڵگەدا.