رۆژنامەی ھەولێر

وێنەی مـــــــــــــرۆڤ

عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا

 

ئەو زنجیرە توێژینەوەیە لە گۆڕانی بوونناسیی مرۆڤ دەکۆڵێتەوە؛ کاتێک تەکنەلۆژیا “واقیع” بۆ “هایپەر-واقیع” دەگۆڕێت و ڕوخساری مرۆڤ لە بکەرێکی مەعریفیی خاوەن ئەزموونەوە، دەکاتە داتایەکی دیجیتاڵیی بێ‌ خەرمانە و کاڵایەکی بازرگانیی پێشبینیکراو؛ ئەو توێژینەوەیە لەسەر سێکوچکەی (مرۆڤ، تەکنەلۆژیا، بەکاڵابوون) کار دەکات.

(3)
سوبێکتی مۆدێرن
(لە کارگەوە بۆ سەر شاشە)
کاتێک تەماشای دیمەنی کۆڵانێکی کۆن، چۆڵ و بێدەنگ دەكەین، ئێمە تەنیا لەبەردەم فۆتۆگرافێکدا نەوەستاوین، بەڵكە لەبەردەم کایەیەکی ئاڵۆزی بینراوداین؛ پرسیارەكە ئەوەیە: جیاوازیی نێوان «دەسەڵاتی دیمەن» و «دەرکەوتنی وێنە» چییە؟! چۆن دیمەن و وێنە چەمكی «جیاوازی» و «ئاڕاستەکردن» لە ناو هۆشیاریی مرۆڤی هاوچەرخدا بەڕێوە دەبەن؛ بە مانایایەكی دیكە چۆن دیمەنە گشتییەكەی تەكنەلۆژیا (ئاراستەكردن) و وێنەی نا-میكانیكی مرۆڤ (جیاوازی) لە كاتی هەستپێكردن.. لێكجیا دەبێتەوە؟!
هەڵبەتە ئەو پرسیارە لە نەشتەری توێکاری (ئەندریاس ڤیسالیوس) و نەشتەری گومانەكانی (دێکارت)ییەوەوە دەست پێدەكات و لەوێوە چرکەساتی لەدایکبوونی «سوبێکتی مۆدێرن» ڕادەگەیەنن و دواتر گۆڕانكارییە ڕیشەییەكانی بۆ مرۆڤ، بۆ جەستە، ڕوخسار و لەوێشەوە بە ئاڕاستەكردن و جیاوازی دەگەین.. هەڵبەتە سەرەتایی هەموو ئەوانە لە باڵادەستیی (بینین) و گومانەكانی «من بیر دەکەمەوە، کەواتە هەم» دێتە بەرهەم!
بەمجۆرە نەشتەری توێكاری، جەستە لە تەمومژی میتافیزیایی دادەماڵرێت و وەك واقیعێکی فیزیکی و جێگەی تاقیکردنەوە و کایەیەکی ئەزموونگەری (جیاواز) مامەڵەی لەگەڵدا دەكات؛ بەڵام دیسپلینی دێکارتی، جەستە و ڕوخسار لە پیرۆزی (ئاراستەكردن) دادەماڵێت و دەیانکاتە ئامێرێکی میکانیکی کە لە دەرەوەی «من»ی بیرکەرەوەدا شیاوی کۆنترۆڵکردن، بەئەندازەکردن و پشکنین بێت.
كەواتە سوبێکتی نوێ لەڕێگای نەشتەرگەریی جوانکاری، فلتەرەکان، و ئەندازیاریی جەستەوە، بە تەواوی لە ناو ڕەوتی «جەستە وەک ئامێر»ی دێکارتی و «توێکاریی» ڤیسالیوسیدا دەژی؛ لێرەوە ڕوخسار و جەستە بۆ کەرەستەیەکی پلاستیکی یان دیجیتاڵی دەگۆڕێت، کە قابیلی دەستکاری كردن بێت، چاک بکرێتەوە و لە نوێوە دابڕێژرێتەوە.
(دیمەن/ وێنە)
لە دەستپێكی کتێبی “کۆمەڵگەی نمایش” لە نووسینی (گی دیبۆر 1994–1931) تیۆریستی مارکسی، فەیلەسوف، دەرهێنەر و بیرمەندی ڕادیکاڵی فەرەنساییدا هاتووە: “لەو کۆمەڵگایانەی کە مەرجە مۆدێرنەکانی بەرهەمهێنان تیایاندا باڵادەستە، تەواوی ژیان وەک کۆبوونەوەیەکی گەورە لە نمایشەکان خۆی پیشان دەدات” لێرەدا چەمکی «نمایش- دیمەن»، تەنیا کۆمەڵێک وێنەی ڕیزکراو نییە، بەڵكە پەیوەندییەکی کۆمەڵایەتییە لەنێوان مرۆڤەکاندا کە لەڕێگای وێنەکانەوە بە ئامانج دەگیرێن؛ كەواتە دیمەن یان نمایش دەبێتە دەسەڵاتێکی تۆتالیتار کە جیهان کۆنترۆڵ دەکات و لەوێشەوە وێنەكان جیاوازی بیركردنەوە دەنوێنن! بەو مانایەش “دیمەن” مرۆڤ لە واقیعی ڕاستەقینە، لە جەستەی خۆی و لە ئەزموونی ڕەسەنی ژیان جیا دەکاتەوە؛ بەڵام هەمیشە “وێنە” بیركردنەوەی جیاواز دەخاتەوە! دیمەن هەڵگری دەسەڵاتێكی تۆتالیتارییە، بۆیە کاتێک واقیع بۆ دیمەنێک یان بۆ نمایشكردنێكـ دەگۆڕێت، ئیتر مرۆڤی بەکاربەر دەبێتە تەماشاکەرێکی ناچالاک و واقیعیش دەبێتە چرکەساتێکی درۆیینە؛ بەو مانایە دیمەنی ژیان پێش خودی وێنەی ژیان دەكەوێت! بە مانایەكی ڕوونتر تۆتالیتارییەت، جیاوازییەكان دەخنكێنێت.
گی دیبۆر پێیوایە: ئەگەرچی سوبێکتی مۆدێرن لە «بوون»ـەوە بەرەو «خاوەندارێتی» و بەرەو (ئەوەی هەتە) هەنگاوە بەراییەكانی ناوە، بەڵام لەمڕۆی کۆمەڵگەی نمایشدا، خاوەندارێتیش گۆڕاوە بۆ «دەرکەوتن» ئەوەی نیشانی دەدەیت؛ بەو مانایەش لە سایەی شۆڕشی تەکنەلۆژیادا مرۆڤ چیتر لە ناو کۆڵانەکان و لە ناو دیمەن و نمایشەكاندا بە هەستپێكردنەكانییەوە، بە جیاوازییەوە ناژی، بەڵكە تەنها تەماشاكەرە، سەیری دیمەنی کۆڵانەکان، دیمەنەكان، نمایشەكان لەسەر شاشەدا دەکات؛ لێرەدا (دیمەن، نمایش) هێزێکی دابڕێنەرە، دیوارێکی ئەستورە لە نێوان “من” و “جیهان”، بە شێوەیەک کە تەنها ئەو شتە بوونی هەیە کە “پیشان دەدرێت” بەو مانایە ژیان دەبێتە ئەزموونێکی ناڕاستەوخۆ و ناچالاک.
ئەگەر دیمەن چوارچێوەیەکی گشتی و دەسەڵاتی کۆمەڵایەتی بێت، هەڵبەتە «وێنە» ئەو یەکەیە یان ئەو کەرەستەیەیە کە جیاوازی دیمەنەکەی پێكهێناوە؛ دەمەوێ بڵێم دەردەکەوتنی وێنە تەنیا ڕووداوێکی بینراو نییە، بەڵكە ستراتیژیەتی ئاڕاستەکردنی جیاواز و گومانەكانی دێكارتی هەڵگرتووە! بەڵام لە سەردەمی نوێدا دەرکەوتنی دیمەن، هۆشیاریی ئێمە ئاڕاستەی مانا و دەلالەتێکی دیاریکراوی درۆیینە دەکات؛ ئەمڕۆ دیمەنەكان پێمان دەڵێن چۆن بیر بکەینەوە، حەز لە چی بکەین، و لە چی بترسین.. بە مانایەكی دیكە لەمڕۆی تەكنەلۆژیادا دەرکەوتنی دیمەنی جیاوازی ساختە هەیە، كە پرۆسەی ئاڕاستەکردن و مۆنۆپۆڵی مانامان نیشان دەدات؛ بەڵام لە بەرانبەر وێنەی ساختەی تەكنەلۆژیادا وێنەی بینراو “هەستپێكراوی مرۆیی” مانایەکی سەربەخۆ و گوتارێکی شاراوەی لەخۆدا هەڵگرتووە؛ لەو هەسپێكردنەوە دەتوانین واقیع لەڕێگای ئاڕاستەکردنی وێنەوە بخوێنینەوە، چونكە دیمەن دەسەڵاتێکی سیستمییە کە مرۆڤ لە چالاکی دادەبڕێت و جیهان دەکاتە سەکۆیەکی گەورەی نمایشكردن؛ بەڵام لەبەرانبەردا وێنە هێزی جیاوازی خۆی و بەرپرسیارێتی ئەخلاقیی هەیە!
کاتێک دەسەڵاتی تەکنەلۆژی هێزی (دیمەن و وێنە) یەکدەخات، ئیتر چیدی جیهان وەكـ شوێنێکی فیزیکی نامێننەوە کە تێیدا پیاسە بکەین یان بەرپرسیارێتی ئەخلاقیی ڕوخسارەکان تاقی بکەینەوە؛ بەڵكە ئەو یەكخستنە دەبێتە (فۆرمێکی جوانکاریی چۆڵکراو) لە خود، لە مانا ڕەسەنەکەی.. ئیتر دیمەن جەستەمان لە کۆڵانە چۆلەکە جیا دەکاتەوە، و دەرکەوتنی ئەو وێنەیەی دەسەڵاتی تەکنەلۆژی دەیكێشێ، زەینمان ئاڕاستەی ناو فەزایەکی وەهمی و مەجازی دەکات! دەمەوێ بڵێم مەترسییە گەورەکەی سوبێكتی مۆدێرن لە نێوان چەکوشەکانی « دیمەنی گشتی» و «ئاڕاستەکردنی وێنەی ساختە»دا، لەنێوان نەشتەری توێکاری و نەشتەری گومانەكاندا ئەوەیە کە فەزای وەهمی بەرەو فەزای مەجازی دەكاتەوە (لە ئێستادا فەزای مەجازی ” Virtual” تەنیا چەمکێکی تەکنەلۆژیی ڕووت نییە، بەڵکو گۆڕاوە بۆ ژینگەیەکی فرەڕەهەند کە کاریگەریی قووڵی لەسەر تەواوی جومگەکانی ژیانی مرۆڤ، کۆمەڵناسی، و بگرە فەلسەفەی بوونیش داناوە.)
لە فەزای وەهمییەوە بۆ فەزای مەجازی
لە سوبێكتی مۆدێرندا پرسیارکردن لە جەستە، ڕوخسار پرسیارکردن نییە لە پێکهاتەیەکی بایۆلۆژیی جێگیر، بەڵكە گەڕانە بەدوای تاقیگەیەکی مێژووییدا کە تێیدا گوتارەکانی دەسەڵات، تەکنەلۆژیا و فەلسەفە خۆیان دەنووسنەوە؛ بەو مانایە پەڕینەوە لە جەستەیەک کە بەهۆی قورسیی مادی و دیسپلینی فیزیکییەوە دەیناڵاند، بۆ جەستەیەک کە لە نێو شلۆقیی کۆد، ئاڤاتار و نیشانە دیجیتاڵییەکاندایە، جۆرێکە لە کاڵبوونەوە و نەمانی جەستە، ئەوەش لە تێڕوانینی گومانەكانەوە بۆ جەستە وەک «ئامێرێکی میکانیکی» و جەستە وەكـ “واقیعێکی فیزیکی” شەرعییەتی تەواوی وەرگرت، بەو مانایەش جەستە وەكـ درێژکراوەی مەکینە گەورەکانی واقیعی فیزیكی چیتر خاوەن کات و جووڵەی سەربەخۆی خۆی نییە، بەڵكە لەخۆی نامۆیە!
(کارڵ مارکس) لەبارەی چەمکی «نامۆبوون»ەوە دەڵێت: کرێکار لە پڕۆسەی کاردا لە خۆی نامۆ دەبێت؛ چونکە کارەکە ناچێتە ناو سروشتی مرۆڤەوە، بەڵكە بە فیڕۆدانی هێزی جەستەیە و ڕۆحی لەڕێگای دیسپلینی دەرەکی، دیوارەکانی کارگە، کاتژمێری كاری هیلاككەر و چاودێریی فیزیکیی جەستەوە بریندار دەکات.. بە دیوەكەی دیكە لە فەزای مەجازییدا چیتر ڕوخسار ئەو سیمایە نییە کە ماندوێتی، چینایەتی و پێگەی کۆمەڵایەتیی مرۆڤەکەی بە ڕوونی دەربخات، بەڵكە دەکەوێتە ناو تەڵەیەکی نوێوە: تەڵەی بوون بە «داتا»؛ ئیتر سوبێكتی نوێ چیتر پێویستی بە هێزی بازوو بۆ بەرهەمهێنان نییە، بەڵكە کارەکەی بۆ لێدانی کلیکێک یان چاوتروکانێک لە پشت شاشەکانەوە کورت بووەتەوە.. هەڵبەتە گی دیبۆر پێش نیو سەدە ئەم کورتە تیۆرییەی نووسی، کاتێک نە ئینتەرنێت هەبوو نە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان! هەروەها دەربارەی نامۆبوونی مرۆڤی نوێ دەڵێت: مرۆڤ لە بکەرێکی ڕاستەقینەی ژیانەوە دەبێتە تەماشاچییەکی (بێدەنگ و ناچالاک)؛ ئەمڕۆ خەڵک ژیانی ڕاستەقینەی خۆیان فەرامۆش دەکەن بۆ ئەوەی “نمایش” بکەن، بۆ ئەوەی دیمەنێكی گشتی بنوێنن — لێرەوە ئەوە دەبینین تیۆرییەکەی دیبۆر ئێستا لە هەموو کاتێک ڕاستتر و زیندووترە.
(داڤید لۆ برۆتۆن) لە كتێبی ئەنپرۆپۆلۆژیای جەستەدا ئاماژە بەوە دەکات کە لەم سەردەمەدا جەستە وەک «کۆسپێک» لەبەردەم خێرایی گواستنەوەی زانیارییەکاندا دەبینرێت؛ بۆیە مرۆڤی دیجیتاڵی دەیەوێت جەستەی ڕاستەقینەی خۆی فەرامۆش بکات و لەڕێگای ئاڤاتار و ناسنامە مەجازییەکانەوە پانتاییەکی نوێ تاقی بکاتەوە.. هەڵبەتە مەترسیدارترین وەرچەرخان لەم گۆڕانکارییە مێژووییەدا لە چەمکی «ڕوخسار»دا دەردەكەوێت، ئیتر ڕوخسار لە ڕوخساری ئەخلاقییەوە بۆ ڕوخساری شل (فلتەربوو)، بۆ «وێنەیەکی سێڵفی» یان کۆمەڵێک داتا لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەگۆڕێت؛ ڕوخساری دیجیتاڵی ڕوخسارێکی «شل» و گۆڕاوە، ئیتر ڕوخساری گۆشت و خوێنی بەرانبەرەکەمان نابینین، بەڵكە تەماشای دەمامکێکی دیجیتاڵی دەکەین کە بە ویستی خود دەستکاری کراوە؛ لێرەوە (بیۆنگ- چوول هان) دەڵێت: مرۆڤ خۆی، خۆی دیسپلین دەکات.. واتە ئێمە خۆبەخشانە جەستە و ڕوخسارمان بۆ کاڵایەکی میدیایی دەگۆڕین، بۆ ئەوەی لە بازاڕی “لایک” و “فۆڵۆو”دا جێگەمان ببێتەوە.
جەستە (وەك ئەزموون)، ڕوخسار (وەك ئەزموونگەری)
کاتێک لە دیدێکی فەلسەفی و دیاردەناسییەوە قسە لە پێوەندی نێوان «جەستە وەک ئەزموون» و «ڕوخسار وەک ئەزموونگەری» دەكەین، دەمانەوێ بچینە قووڵایی ئەو کایانەی کە تێیدا جەستە و دەق، یان خود و ئەویتر لە زماندا خۆیان دەبینەوە؛ ئەو تێكەڵبوونە لە كتێبی ئەنترۆپۆلۆژیای جەستە (داڤید لۆ برۆتۆن) و فەلسەفەی هاوچەرخدا قسەی زۆری لێكراوە.
بێگومان زمان تەنیا ئامرازێکی میکانیکی بۆ گواستنەوەی زانیارییەكان نییە، بەڵكە ڕووداوێکی بوونناسیی، جەستەناسی و دەقناسییە؛ بەو مانایەش کاتێک زمان دەبێتە «ئەزموون»، واتە ئێمە لەڕێگای زمانەوە جیهان تاقی دەکەینەوە، لەڕێگای زمانەوە مانا بە برین، عەشق، نامۆیی و مەرگ دەدەین؛ لێرەوە (مارتن هایدیگەر) دەڵێت: زمان ماڵی بوونە، ئێمە لە ناو زماندا نیشتەجێین؛ کاتێک شاعیرێک یان شانۆکارێک زمان بەکار دەهێنێت، ئەو تەنیا وشە ڕیز ناکات، بەڵكە ئەزموونێکی ناوەکی و فیکریی قووڵ دەخوڵقێنێت کە پێشتر بوونی نەبووە؛ بەمجۆرە لە زماندا سنوورەکانی بوونی (ئەزموون- جەستە) دەدۆزینەوە و لە داهێناندا ناسنامەی (ئەزموونگەری- ڕوخسار) بەرجەستە دەكەین.
كەواتە ڕوخسار وەكـ ناسنامە، جێگەی دەرکەوتنی گوتار و یەکەمین سەکۆی ڕووبەڕووبوونەوەیە لەگەڵ جیهاندا؛ بەڵام کاتێک دەڵێین ڕوخسار وەک “ئەزموونگەری”، مەبەستمان گۆڕانی ڕوخسارە بۆ تاقیگەیەک لە مانا، نواندن و یاخیبوون.. هەر بەمجۆرەش ڕوخسار لای (ئیمانۆیل لیڤیناس) ڕەهەندێکی ئەخلاقی وەردەگرێت، كە ناتوانرێت بە تەواوی کۆنترۆڵ یان “مۆنۆپۆڵ” بکرێت؛ هەمیشە ڕوخسار وەك (داهێنان- ئەزموونگەری) لە حاڵەتی تاقیکردنەوە و خۆنوێکردنەوەدایە؛ كەواتە کاتێک زمان دەبێتە جەستە و داهێنان دەبێتە ڕوخسار، ئیتر ئەزموون دەبێتە ئەزموونگەریی و جارێكی دیكە ئەزموونگەریش دەبێتەوە ئەزموون! وەكـ چۆن جارێكی دیكە ڕوخسار خۆی دەبێتەوە زمان؛ بەو مانایەش هەر چرچولۆچێک، تێڕامانێک یان بێدەنگییەک لەسەر سیمای مرۆڤ، دێڕێکی دەقییە کە پێویستی بە خوێندنەوەیەكی بەردەوام جیاواز هەیە.
زمان بۆ ئەوەی لە تەنیا فۆرمێکی مۆدێرنیستی یان پێکهاتەخوازی وشک ڕزگاری بێت، پێویستە لە كێشەی داهێنانەوە ڕەنگبداتەوە، پێویستی بەوەیە لەسەر “ڕوخسار” و جەستەی ئەکتەر یان سوبێکتدا بەردەوام نوێ ببێتەوە؛ لێرەوە زمان کاتێک دەبێتە ئەزموونێکی ڕاستەقینە کە لە كێشەی داهێنانی بەردەوامدا خۆی تاقی دەكاتەوە، بەردەوام لەسەر سیمای مرۆڤ وەک کێشە، حەز یان ئازار ڕەنگ دەداتەوە.
دواجار (جەستە/ئەزموون) و (ڕوخسار/ئەزموونگەری) پێکەوە بەردەوام بازنەیەکی نوێی داینامیکی دروست دەکەن، بازنەیەكـ كە خودی جەستە مانا بە ئەزموونەکان دەبەخشێت، و ڕوخساریش وەک کایەیەکی ئەزموونگەری، سنووری ئەزموونەکان تاقی دەکاتەوە و بەردەوام فراوانتری دەکاتەوە.
هەولێر 3/7/2026