رۆژنامەی ھەولێر

هۆکار و نیشانەکان، کزداگەڕانی کاتیی بینایی لە چاوەڕوانیی کۆرپەدا

ئەژین عەبدوڵڵا – هەولێر

قۆناغی دووگیانی ژمارەیەک گۆڕانکاریی فیسیۆلۆجی و هۆرمۆنیی جیاواز لە جەستەی دایکاندا دروست دەکات، کە هەندێک جار کاریگەری ڕاستەوخۆیان لەسەر توانای بینین دەبێت. گۆڕانکاری لە بینین لەم قۆناغەدا تاڕادەیەک باو و ئاساییە، بەڵام پێویستی بە ناسینەوەی هۆکارەکان هەیە بۆ جیاکردنەوەی حاڵەتە کاتییەکان لە کێشە تەندروستییە مەترسیدارەکان.

د. کانی عەلی عومەر، پسپۆڕی نەشتەرگەری و نەخۆشییەکانی چاو، تیشک دەخاتە سەر ئەم بابەتە و دیارترین ئەو هۆکارانە ڕوون دەکاتەوە کە دەبنە هۆی کەمبوونەوە یان گۆڕانی بینین لە کاتی دووگیانیدا:
١. گۆڕانکاریی هۆرمۆنەکان: نوسانی ئاستی هۆرمۆنەکان، بەتایبەتی ئیسترۆجین و پرۆجسترۆن لە ماوەی دووگیانیدا، کاریگەریی ڕاستەوخۆیان لەسەر تیژیی بینایی دەبێت و دەبنە هۆی دروستبوونی ناڕوونیی کاتی.
٢. وشکبوونەوەی چاو: هەر بەهۆی گۆڕانکاریی هۆرمۆنەکانەوە، پرۆسەی بەرهەمهێنانی فرمێسک لە چاودا تووشی ناڕێکی دەبێت. ئەمەش دەبێتە هۆی وشکبوونەوەی چاو، کە دەرەنجامەکەی کزداگەڕانی کاتیی بینین و هەستکردن بە سوتانەوەی چاوە.
٣. گۆڕانی پلەی چاو: هەندێک لە خانمان لەم قۆناغەدا تێبینی گۆڕانکاری لە پلەی چاویلکە یان هاوێنە (عەدەسە)کەیاندا دەکەن، چونکە دووگیانی دەکرێت بە شێوەیەکی کاتی ئاستی نزیکبینی یان دووربینی بگۆڕێت.
٤. ژەهراویبوونی دووگیانی: لە حاڵەتە دەگمەن بەڵام مەترسیدارەکاندا، گۆڕانی بینین نیشانەیەکە بۆ “پێش ئیکلەمپسیا” (Pre-eclampsia) کە ئاڵۆزییەکی توندی دووگیانییە و بە بەرزیی پەستانی خوێن دەناسرێتەوە. ئەم حاڵەتە دەبێتە هۆی کاڵبوونەوەی کوتوپڕی بینین یان بینینی پەڵەی ڕەش و تاریك لەبەردەم چاودا.
٥. شەکرەی دووگیانی: توشبوون بە نەخۆشیی شەکرە لە ماوەی دووگیانیدا، یەکێکی ترە لەو هۆکارە سەرەکیانەی کە کاریگەریی نەرێنی لەسەر تۆڕی چاو دروست دەکات و دەبێتە هۆی تێکچوونی بینایی.
٦. کۆبوونەوەی شلە لە جەستەدا: ڕاگرتن یان زیادبوونی ڕێژەی شلە لە جەستەی ژنی دووگیاندا، دەکرێت پەستان بخاتە سەر گلێنە و هاوێنەی چاو و شێوەکەی بگۆڕێت، ئەمەش بە شێوەیەکی کاتی بینین تەڵخ دەکات.
٧. سەرئاسێ یاخود سەرئێشەی توند (شەقیقە): سەرئاسێی دووگیانی کە زۆرجار لەگەڵ گۆڕانکارییە دەروونی و جەستەییەکاندا چڕ دەبێتەوە، هاوشان لەگەڵ ئازارەکە، دەبێتە هۆی دروستبوونی تەڵخی و کێشە لە بیناییدا.
لە کۆتاییدا، د. کانی عەلی عومەر دڵنیایی دەداتە دایکان کە لە زۆربەی حاڵەتەکاندا، ئەم گۆڕانکارییانە تەواو کاتین و دوای زەیسانی (منداڵبوون) و گەڕانەوەی هۆرمۆنەکان بۆ دۆخی سروشتی، بینایی دەگەڕێتەوە سەر بارە ئاساییەکەی خۆی.