رۆژنامەی ھەولێر

ڕامانێک بەدیار “نامە بۆ دایکم”ـی خوان خێلمەن-ـەوە

ئارام كۆشكی – سلێمانی

هەندێکجار دەقێکی شیعریی دەخوێمەوە و ئیدی بۆ ماوەیەکی زۆر لەگەڵیدا دەژیم، هەندێک دەقیش هەیە بۆ هەمیشەیی لەبیرمدا دەمێننەوە، بەپێچەوانەشەوە هەندێک دەق هەیە دوای یەکەم خوێندنەوە بیرم دەچنەوە، چونکە هیچی نەداومەتێ و نەیتوانیوە ئاوێتەم بێت. هەمیشە کە دەقێکی شیعریی دەخوێنمەوە هەوڵی ئەوە دەدەم لەگەڵیدا ئاوێتە بم، بەڵام هەندێک دەق هێندە بێڕۆحن ئەو توانایەیان نییە، هەندێکی تریان سەختگیرن و بە یەکجار خوێندنەوە خۆ بەدەستەوە نادەن هەر زوو درکی ئەمانە دەکەم، هەندێکی دیکە زوو ئاوێتە دەبن و ئیدی بۆ هەمیشەیی دڵنشینن.

وێرانە خاک-ی ئیلیۆت لەو دەقانەیە، کە بە یەکجار خوێندنەوە خۆی بەدەستەوە نادات و لە دەقە سەختگیرەکانە. گۆڕستانی دەریایی پۆڵ ڤالێری-یش بە هەمان شێوەیە. دیواربەند-ی مەحمود دەروێش و “گۆڕێک بۆ نیویۆرک”ی ئەدۆنیس ئاسان دێنە لات و بۆ هەمیشەیی دەمێننەوە. دەربەندی پەپوولە-ی شێرکۆ بێکەس و قەسیدەی نیشتمان-ی بەختیار عەلی ئەگەرچی زوو سنگیان دەکەنەوە، بەڵام ئاسان خۆیان بەدەستەوە نادەن، چونکە دوو دەقی کۆدڕێژکراون. لێرەوە دەتوانم بڵێم ئاستەکانی گەیشتن بە دەقی شیعریی یەکئاست و یەک مەودا نییە، بەڵکو هەر دەقێک تایبەتمەندییەکی خۆی هەیە و خوێنەر دەبێت ئەو کۆد و شفرانە بدۆزێتەوە تا بە دەقەکان بگات.
“نامە بۆ دایکم” دەقێکی شیعریی خوان خێلمەن-ـە، کە ژیار هۆمەر لە ئیسپانییەوە کردوویەتی بە کوردی و کتێبخانەی ڕۆمان بەچاپی گەیاندووە. ئەم دەقە لە چەشنی ئەو دەقانەیە خوێنەر وا هەست دەکات زوو خۆی دەدات بەدەستەوە، بەڵام لە دەقە کۆدڕێژکراوەکانە و کۆدەکانی پێویستیان بە کردنەوە هەیە ئەوسا خوێنەر دەتوانێت لێیان تێبگات و ئاوێتەی بێت.
وەرگێڕ چ لە هەڵبژاردنی ئەم دەقە بۆ کوردی و چ لە وەرگێڕانەکەدا هەست بەوە دەکرێت بەشێوەیەکی سەرکەوتوو کارەکەی ئەنجام داوە، خوێنەر کاتێک بەر دەقەکە دەکەوێت هەست بە نامۆیی زمان و داڕشتن ناکات، بەڵکو هەست بە ئاشنایی لەگەڵ دەقەکە و زمانەکەی دەکات، واتە هەست بە وەرگێڕانێکی وشە بە وشە، یان ئۆتۆماتیکیانە ناکەین، بەڵکو هەست بە جۆرێک لە سروشتیبوون و زاڵی دەسەڵاتی وەرگێڕ دەکرێت بەسەر دەقەکەدا، کە ئەمە خاڵی بەهێزی ئەم وەرگێڕانەیە.
خوان خێلمەن؛ بۆ ئێمە دەنگێکی نەناسراو بوو، بەڵام یەکێکە لە شاعیرە گرنگ و بایەخدارەکانی ئەرجەنتینییە و ئەو لە 1930 لە دایکبووە و لە 2014 کۆچی دوایی کردووە، هەر لە منداڵییەوە واتە لە سێ ساڵیدا فێری خوێندنەوە بووە و بەشێکی زۆری تەمەنی منداڵی بە خوێندنەوە و یاری تۆپی پێ بەسەر بردووە. لە تەمەنێکی زۆر بچووکدا حەزی بۆ شیعر پەرەی سەندووە، لە ژێر کاریگەری بۆریسی برایدا بووە، کە چەند شیعرێکی بە زمانی ڕووسی بۆ خوێندەوە، زمانێک کە کوڕەکە نەیدەزانی. ئەزموونی خوێندنەوەی کتێبی (سووک و ڕیسواکان)ی فیۆدۆر دۆستۆیڤسکی لە تەمەنی هەشت ساڵیدا کاریگەرییەکی قووڵی لەسەر دروستکرد.
لە تەمەنی گەنجیدا ئەندامی چەندین گروپی ئەدەبی دیار بووە و دواتر بووەتە ڕۆژنامەنووسێکی گرنگ. هەروەها لە نەتەوە یەکگرتووەکان وەرگێڕانی کردووە. هەمیشە چالاکوانێکی سیاسی بەئەمەک بووە. لە ماوەی درێژخایەنی دەربەدەریدا تا ساڵی ١٩٨٨ لە ئەوروپا ژیاوە، پاشان لە ئەمریکا و دواتر لە مەکسیک ژیانی بەسەر بردووە.
ئەم شاعیرە لە ساڵی ١٩٩٧ خەڵاتی شیعری نیشتمانی ئەرجەنتینی وەرگرت، وەک ڕێزلێنانێک بۆ کارەکانی ژیانی، لە ساڵی ٢٠٠٧ خەڵاتی سێرڤانتێس، کە گرنگترین خەڵاتی نووسەرانی زمانی ئیسپانی بوو. هەروەها کارێکی درێژخایەن و درەوشاوەی وەک ڕۆژنامەنووس هەبووە، تا مردنی بۆ ڕۆژنامەی پاجینا/١٢ی ئەرجەنتینی نووسیویەتی.
“نامە بۆ دیکم” لەو دەقە کاریگەر و گرنگانەی ئەم شاعیرەیە، کە شایستەی نەک جارێک خوێندنەوە، بەڵکو چەندینجار خوێندنەوەیە. دەقەکە جگە لەوەی نامەیەک بێت بۆ دایکێک، وەکو مانیفێستی مرۆڤبوون وەهایە و لە جێگەیەکدا دەڵێت “بەرگەی خەم و خەفەتی تۆم نەگرت/ هەر بۆیە جاروبارە حەزم دەکرد بمرم.” یان لە جێگەیەکی دیکەدا دەڵێت “خۆرت دەکوژاندەوە تا بمخەوێنیت.” لە شوێنێکی دیکەدا دەڵێت “وشە خۆڵەمێشی پێکەوەبوونمانە.”
نووسەران و شاعیران دوای ئەوەی ئازیزێک لەدەست دەدەن چیان هەیە گوزارشت لەو ئازارە بکەن جگە لە وشە بۆیە ئەو وشەیە دەبێتە خۆڵەمێشێک بۆ پێکەوەبوون و دەریایەک بۆ زیندوو مانەوە و ئاسمانێک بۆ فڕین. ئەم قەسیدەیە دەکرێت زۆر زیاتری لەبارەیەوە بڵێین، بەڵام زۆرجار ڕامانی قووڵ بەدیار وشەکانی دەقەکەوە دەشێ باشترین گوزارشت بێت بەدیار قەسیدەیەکەوە، چونکە زۆر دەقی شیعرییم خۆش دەوێت، بەڵام توانای ئەوەم نەبووە هیچی ئەوتۆ لەبارەیانەوە بڵێم و ساڵانێکی زۆرە هەر بە دیاریانەوە لە ڕاماندام و ئەم دەقەش لەو دەقانەیە حەز دەکەم زیاتر بەدیارییەوە ڕابمێنم تا زیاتری لەبارەوە بڵێم. دەستخۆشی بۆ وەرگێڕ و کتێبخانەی رۆمان و چاپکردنی ئەم بەرهەمە.