ماكوان عيززهت – هەولێر
لەگەڵ بەرزبوونەوەی لەڕادەبەدەری پلەی گەرما و هاتنەوەی شەپۆلە توندەکانی هاوین، جەستەی مرۆڤ ڕووبەڕووی شەڕێکی سەخت دەبێتەوە بۆ پاراستنی هاوسەنگییە ناوخۆییەکەی خۆی. گەرمای بەتین نەک تەنیا دەبێتە هۆی بێهێزی، بەڵکو زیانی گەورە بە ئەندامە سەرەکییەکانی جەستە و لە سەرووشیانەوە بە گورچیلەکان دەگەیەنێت.
د. گۆران فریاد، پسپۆڕی نەشتەرگەریی گورچیلە، میزڵدان و پرۆستات، ئاماژە بەوە دەکات کە لە وەرزی هاوین و شەپۆلە گەرم و وشکەکاندا، پێویستە گرنگییەکی تایبەت بە گورچیلەکان بدرێت. ئەو دەڵێت: “پێویستە گورچیلەیشمان لە گەرما بپارێزین، وەکچۆن پێست و چاومان لە تیشکی خۆر و گەرماکەی دەپارێزین.”
ئەم پسپۆڕە جەخت دەکاتەوە کە پەیڕەکردنی ڕێنماییە تەندروستییەکان بۆ هەموو تەمەنێک پێویستە، بەڵام بۆ چەند گروپێک دەبێتە هێڵی سوور و دەبێت زیاتر وریابن، لەوانەش:
* منداڵان و بەساڵاچووان
* ئەو کەسانەی بەدەست سستیی گورچیلە یان بەردی گورچیلەوە دەناڵێنن.
میکانیزمی جەڵتەی گەرما و کاریگەری لەسەر دڵ و گورچیلە
لێکۆڵینەوە پزیشکییەکان نیشانیدەدەن کاتێک پلەی گەرمی ژینگە بە شێوەیەکی مەترسیدار بەرز دەبێتەوە، خوێن بە خێراییەکی زۆر بەرەو پێست ئاراستە دەکرێت بە مەبەستی فێنککردنەوەی جەستە. ئەم پرۆسەیە دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی خوێن و ئۆکسجین لە ئەندامە ناوخۆییەکانی وەک مێشک و گورچیلەکان، هاوکات فشارێکی ئێجگار زۆر لەسەر دڵ دروست دەکات کە زۆرجار بەو هۆیەوە دڵ لە کار دەکەوێت.
کەمبوونەوەی ئاوی جەستە (وشکبوونەوە) هۆکاری سەرەکیی وەستانی هێواشی گورچیلەکانە. بەهۆی ئەم مەترسییە شاراوەیەوە، گەرما لە ناوەندە پزیشکییەکاندا بە “کوشندەی بێدەنگ” ناوزەد دەکرێت، چونکە بەبێ ئاگاداریی پێشوەختە دەبێتە هۆی لەدەستدانی توانای بیرکردنەوە و وەستانی مێشک.
پێنج ڕێنمایی زێڕین بۆ خۆپاراستن و فریاگوزاریی خێرا
بۆ ڕێگریگرتن لەم مەترسییانە، پزیشکان و شارەزایان کۆکن لەسەر چەند هەنگاوێکی بنەڕەتی:
١. خۆپاراستن لە تیشکی ڕاستەوخۆ: دوورکەوتنەوە لە بەرکەوتنی ڕاستەوخۆی تیشکی خۆر لە کاتژمێر (١٠:٠٠)ی بەیانی تا (٠٦:٠٠)ی ئێوارە، و نەمانەوە بۆ ماوەی درێژ لە شوێنە گەرمەکاندا.
٢. خواردنەوەی بەردەوامی شلەمەنییەکان: زیادکردنی بڕی ئاوخواردنەوە و کەمکردنەوەی خواردنەوە گەرمەکان (وەک چای و قاوە) کە دەبنە هۆی زیاتر میزکردن و وشکبوونەوە.
٣. چاودێریکردنی ڕەنگی میز: ڕەنگی میزی تۆخ، نیشانەیەکی ڕوون و توندی وشکبوونەوەی جەستەیە و پێویستە دەستبەجێ بڕی ئاوخواردنەوە زیاد بکرێت.
٤. چۆنیەتی فریاگوزاریی سەرەتایی: ئەگەر کەسێک تووشی خۆربردن بوو، یەکەمین و گرنگترین چارەسەر بریتییە لە ساردکردنەوەی خێرای جەستەی نەخۆشەکە بۆ ماوەی ٣٠ خولەک، بە بەکارهێنانی خاولیی تەڕ و فێنككردنەوەی.
سەرەڕای هەموو هۆشدارییە بەردەوامەکان، هێشتا ساڵانە ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتیان بەهۆی پابەند نەبوون بە ڕێنماییەکانەوە دەبنە قوربانیی شەپۆلی گەرما.

