رۆژنامەی ھەولێر

پزیشکان هۆشداری لە گرنگیی پشکنینی پێشوەختە بۆ جگەرەکێشەکان دەدەن

ماكوان عيززه‌‌ت-هەولێر

 

شێرپەنجەی سیپەلاک، کە بریتییە لە تووشبوونی ڕێڕەوی هەناسە و سیپەلاک بە خانە شێرپەنجەیییەکان، بە یەکێک لە کوشندەترین و باوترین جۆرەکانی شێرپەنجە لە جیهاندا دادەنرێت. ئەم نەخۆشییە لە ئێستادا وەک یەکەمین هۆکاری مردن بە شێرپەنجە لە سەرانسەری جیهاندا تۆمارکراوە. پزیشکان و شارەزایانی تەندروستی جەخت دەکەنەوە کە دەستنیشانکردنی پێشوەختە لە ڕێگەی پشکنینی سکرینینگ (Screening)، تاکە ڕێگایە بۆ ڕێگریکردن لە تەشەنەسەندنی نەخۆشەکە و کەمکردنەوەی ڕێژەی مردن.

د. هیوا خالید گەردی، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی هەناو و کۆئەندامی هەناسە، سەبارەت بە هۆکارەکانی ئەم نەخۆشییە ئاماژە بەوە دەکات کە جگەرەکێشان هۆکاری سەرەکییە؛ بە جۆرێک 85%ی ئەوانەی تووشی شێرپەنجەی سیپەلاک دەبن، لە ئێستادا جگەرەکێشن یان لە ڕابردوودا جگەرەیان کێشاوە. جگە لەوەش، هۆکاری تری وەک پیسداگەڕانی ژینگە و فاکتەری بۆماوەیی ڕۆڵیان هەیە لە دروستبوونی نەخۆشییەکەدا.
د. هیوا خالید ڕوونی دەکاتەوە کە ئەم پشکنینە بریتییە لە بەکارهێنانی تیشکی سی تی سکانی سیپەلاک (Low-Dose CT Scan)، کە مەبەست لێی دۆزینەوە و دەستنیشانکردنی شێرپەنجەکەیە لە قۆناغە سەرەتاییەکاندا، پێش ئەوەی هیچ نیشانەیەکی کلینیکی لەسەر نەخۆشەکە دەرکەوێت. لەم قۆناغەدا، دەکرێت چارەسەری بنبڕی بۆ بکرێت، چونکە زۆربەی حاڵەتەکان کاتێک نیشانەکانیان لێ بەدەر دەکەوێت، دەگەنە پزیشک کە نەخۆشییەکە گەیشتووەتە قۆناغەکانی کۆتایی و کۆنترۆڵکردنی ئەستەم بووە.

کێ پێویستە ئەم پشکنینە بکات؟
د. هیوا جەخت دەکاتەوە ئەگەر ئەم سێ خاڵەی خوارەوەت تێدا بێت، پێویستە پشکنینەکە بکەیت تەنانەت ئەگەر هیچ نیشانەیەکت نەبێت:
1. تەمەن لە نێوان پەنجا بۆ هەشتا ساڵاندا بێت.
2. ئێستاکە جگەرەکێش بیت، یان وازی لێ هێنابێت بەڵام ماوەی وازهێنانەکە ١٥ ساڵ یان کەمتر بێت.
3. بۆ ماوەی ٢٠ ساڵ یان زیاتر، ڕۆژانە لانی کەم یەک پاکەت جگەرەی کێشابێت.
لەلایەکی دیکەوە، د. فەهمی حسێن کاکەمەد، پسپۆڕی نەشتەرگەری سنگ، دڵ و بۆرییەکانی خوێن، سەبارەت بە ڕێگاکانی خۆپاراستن ڕایگەیاند: “باشترین ڕێگای خۆپارێزی ئەوەیە کە لە هۆکارەکانی تووشبوون دوور بکەوینەوە. بەڵام بەشێک لە خەڵکی ناتوانن کۆنتڕۆڵی خۆیان بکەن و واز لە جگەرەکێشان بهێنن.”
د. فەهمی بەداخەوە ئاماژە بەوە دەکات کە لە کۆمەڵگەی ئێمەدا پشکنینی پێشوەختە نەبووەتە کلتور کە خەڵک پێش دەرکەوتنی نیشانەکان سەردانی پزیشک بکەن. ئەو پێشنیار دەکات کە پێویستە جگەرەکێشەکان ساڵانە لانی کەم جارێک پشکنین ئەنجام بدەن، بەڵام بەپێی وتەی ئەو، مەرج نییە هەموو جگەرەکێشێک بیگرێتەوە، بەڵکو مەرجی تایبەت هەیە.
د. فەهمی حسێن دەڵێت: “هەر جگەرەکێشێک تەمەنی لە ٥٥ ساڵ تێپەڕی بێت، زیاتر لە ٣٠ ساڵ بێت جگەرە بکێشێت، و ڕۆژانەش لە پاکەتێک زیاتر بەکار بهێنێت، پێویستە ساڵانە پشکنینی پێشوەختە بکات. ئەمە باشترین کارە بیکات، چونکە پشکنینێکی سادەی تەندروستی دەتوانێت لە بوونی سەرەتای شێرپەنجە ئاگاداری بکاتەوە و پرۆسەی چارەسەرکردنی زۆر ئاسانتر بکات.”