رۆژنامەی ھەولێر

دووگیانی؛ دەرفەتێک بۆ وازهێنان لە جگەرەکێشان

ئەژین عەبدوڵڵا – هەولێر

 

دووگیانی کاتێکی گونجاوە بۆ وازهێنان لە جگەرەکێشان، چونکە ئەم هەنگاوە مەترسییەکانی تووشبوون بە کێشە تەندروستییەکانی داهاتوو (وەک نەخۆشییەکانی دڵ، شێرپەنجە و نەخۆشییەکانی سییەکان) کەمدەکاتەوە.

ڕاستییەکان دەربارەی جگەرەکێشان لە کاتی دووگیانیدا
کاتێک ژنی دووگیان جگەرە دەکێشێت، ژەهرەکانی ناو جگەرە (وەک نیکۆتین، قوڕقوشم، زرنیخ و کاربۆن مۆنۆکساید) دەچنە ناو کڕێ (پلاسیەنتا) کە ئەو شانەیەیە کۆرپەلە بە دایکەوە دەبەستێتەوە. ئەم ژەهرانە ڕێگری لە گەیشتنی ئۆکسجین و ماددە خۆراکییە پێویستەکان بە کۆرپەلە دەکەن، کە ئەمەش کاریگەریی مەترسیداری دەبێت:
• مەترسییەکانی سەر کۆرپەلە: دەبێتە هۆی کەمکێشی کۆرپەلە لە کاتی لەدایکبووندا، لەدایکبوونی پێشوەختە، و زیادبوونی ئەگەری مردنی کۆرپەلە.
• جگەرەکێشانی ناڕاستەوخۆ: کاریگەریی خراپی لەسەر کۆرپەلە هەیە.
• کێشە تەندروستییە درێژخایەنەکان: دەبێتە هۆی لاوازیی بەرگریی منداڵەکە بەرامبەر سەرمابوون، تووشبوون بە کێشەکانی سییەکان، گرفتی فێربوون و کێشەی گەشەی جەستەیی.
• دوای لەدایکبوون: ئەگەر دایکەکە بەردەوام بێت لە جگەرەکێشان، منداڵەکە زیاتر تووشی سەرمابوون، کۆکە و هەوکردنی گوێی ناوەڕاست دەبێت. بەهۆی ئەوەی سییەکانی منداڵ بچووکن، هەڵمژینی دووکەڵی جگەرە هەناسەدانی بۆ زەحمەت دەکات و ئەگەری تووشبوونی بە هەوکردنی بۆرییەکانی هەوا و هەوکردنی سییەکان زیاد دەکات.

جگەرەکێشانی ناڕاستەوخۆ
تەنانەت ئەگەر ڕاستەوخۆ جگەرە نەکێشیت، ئەو ژەهرانەی لە دووکەڵی جگەرەدا هەن لەسەر جلوبەرگ، قژ، فەرش، کەلوپەل و پەردەکان دەنیشنەوە. چونکە مێشکی منداڵ و کۆرپەلە لە قۆناغی گەشەکردندایە، زۆر زیاتر لە کەسانی پێگەیشتوو بەرامبەر بەم ژەهرانە هەستیارن. پێویستە ژنانی دووگیان و منداڵان لەو شوێنانە دوور بکەونەوە کە جگەرەی تێدا دەکێشرێت.

پلانی وازهێنان لە جگەرەکێشان
بۆ سەرکەوتن لەم پرۆسەیە، ئەم هەنگاوانە پەیڕەو بکە:
١. لیستی سوودەکان بنووسە:
• بۆ کۆرپەلە: کەمکردنەوەی مەترسیی کەمکێشی و لەدایکبوونی پێشوەختە، گەیشتنی بڕی زیاتری ئۆکسجین، و دڵنیابوون لە تەندروستیی منداڵەکە بۆ ئەوەی دوای لەدایکبوون تەندروست بێت.
• بۆ دایکەکە: کەمکردنەوەی مەترسیی نەخۆشییە درێژخایەنەکان و پاشەکەوتکردنی پارە بۆ پێداویستییەکانی منداڵ.
٢. گۆڕینی ڕەفتارە ڕۆژانەکان:
• ئەگەر دوای نانخواردن حەزت بۆ جگەرە چوو، بە پیاسەکردن یان خوێندنەوەی کتێبێک سەرقاڵ ببە.
• کاتێک حەزت بۆ جگەرە دەچێت، شەربەت یان خواردنێکی تەندروست و سووک بخۆ.
٣. بەدەستهێنانی پشتگیری:
• قسەکردن لەگەڵ هاوڕێ یان ئەندامانی خێزان بۆ پشتگیرییکردنت.
• دوورکەوتنەوە لەو کەسانەی کە جگەرە دەکێشن.
• ڕاوێژکردن بە پزیشک یان کارمەندی تەندروستی بۆ دۆزینەوەی باشترین بەرنامەی وازهێنان.
٤. دیاریکردنی “ڕۆژی بڕیار”: ڕۆژێک دیاری بکە کە لەو ڕۆژەوە بە یەکجاری جگەرە فڕێدەدەیت و بە تەواوی وازی لێ دەهێنیت.

چەند ئامۆژگارییەکی بەسوود:
• دەست و دەمت بە شتێکەوە سەرقاڵ بکە (وەک جوینی بنێشت).
• کاتێک ئارەزووی جگەرەکێشانت بۆ دروست دەبێت، سەیری ئەو لیستە بکە کە بۆ سوودەکانی وازهێنان نووسیوتە.
• پەیوەندی بە کەسێکی نزیکتەوە بکە کە پشتگیریت دەکات.
• بە هیچ شێوەیەک لەو شوێنانە مەبە کە جگەرەی تێدا دەکێشرێت.