رۆژنامەی ھەولێر

ڕۆڵ و کاریگەرى کۆرتیزۆڵ لەسەر جەستەى مرۆڤدا

مستەفا محمد مستەفا

 

کۆرتیزۆڵ : یەکێکە لە هۆڕمۆنە ستیرۆئیدەکان، لە ڕژێنەکانى ئەدریناڵینى سەرگورچیلەکان دەردەدرێت، ناسراوە بە هۆڕمۆنى فشار(سترێس)، وەک سیستەمیى ئاگادارکردنەوە لە لەشدا کاردەکات، بەڵام کارکردنى بە شێوەیەکی بەردەوام و زۆردەردانى لە ڵایەن ڕژێنەکانى سەرگورچیلە دەبێتە کێشە بۆ تەندروستى لەش، هەرچەندە لە زانستى پزیشکیدا ناوى هۆڕمۆنەکانى ستیرۆئید بە باش نەڕۆیشتووە، چوونكه زۆردەردانى ئەم هۆڕمۆنە پەیوەندیەکى ڕاستەخۆى هەیە بە فشارو هەڵچوونى دەروونى کاریگەرى نەرێنى دەبێت لەسەر تەندروستى لەش بە گشتى، بەڵام لە هەمان کاتدا زۆر گرنگ و پێویستە، ڕۆڵێکى گرنگ دەبینێت لە زیندە چاڵاکییەکانى گلوگۆز، لە ڕێگەى زیادکردنى ڕێژەى گلوکۆز لە خوێندا، هەروەها ووزە دەبەخشێت بە لەش لەکاتى فشاردا .

کارى کۆرتیزۆڵ لە بارى ئاساییدا: کۆرتیزۆڵ بە شێوەیەکى سرووشتى لەکاتى ڕێکخستنى بەرنامەى سووڕى خەوتن (Circadian) لە شەواندا کەم دەبێتەوە بەڵام لە ڕۆژدا ئاستى ئەم هۆڕمۆنە بە پێى کات و ساتەکان کەم و زیاد دەبێت.
بەیانیان لەکاتى ڕۆژهەڵاتندا، پێش کاتژمێر ٨ – ٩ ئاستى ئەم هۆڕمۆنە زیاد دەبێت، بۆ ئەوەى لە خەو هەڵبستین و بە ئاگابێنەوە، هەروەها ووزە بەخشە، بەڵام لەکاتى شەواندا ئاستى ئەم هۆڕمۆنە کەم دەبێتەوە بۆخەوتنێکى قووڵ و ئاسوودە .

ئەرکە سەرەکییەکانى هۆڕمۆنى کۆرتیزۆڵ .
• ڕێکخستنى سووڕى خەو بەخێرایى .
• ڕێکخستنى پەستانى خوێن : ئەمەش لە ڕێگەى پاراستنى دڵ و دەمارەکان .
• کاریگەرى هەیە لەسەر سیستەمى بەرگرى لەش، بە شێوەیەکى ئاسایى هۆڕمۆنەکان و هەوکردن کەم دەکاتەوە .
• یارمەتى ڕێکخستنى زیندەچاڵایەکانى خۆراک دەدات، لە گۆڕینى چەورى وپرۆتین و کاربۆهێدرات بۆ ووزە ى لەش .
کاتێک ڕووبەڕووى مەترسى یان سترێس دەبینەوە بۆ نموونە : تاقى کرنەوەیەکى قورس یان ترسێکى لە ناکاودا، مێشک ڕێنمایى دەکات بۆ بەرزبوونەوەى ئاستى کۆرتیزۆڵ لە لەشدا، لەم کاتەدا چەندین گۆڕانکارى دروستدەکات وەکو خێراکردنى لێدانى دڵ و بەرزبوونەوەى پەستانى خوین و زیادبوونى ڕێژەى شەکر لە خوێندا .

کاتێک کۆرتیزۆڵ دەبێتە کێشە بۆ تەندروستى لەش .
کێشە کە دەست پێدەکات ئەگەر فشارى دەروونى (سترێس) درێژخایەن بێت، لەم دۆخەدا بە شێوەیەکى نا ئاسایى ئاستى کۆرتیزۆڵ بەرزدەبێتەوە دەبێتە کێشە بۆ خەوتن و هەڵچوونى دەروونى .

نیشانەکانى زیادبوونى کۆرتیزۆڵ لە جەستەدا .
کێشەکان لەم کاتەدا دەستپێدەکات کە فشار درێژخایەن بێت، لەم دۆخەدا ئاستى کۆرتیزۆڵ بە شێوەیەکى ئاسایى بەرزدەبێتەوە لە خوێندا :
• کێشەى خەو : کاتێک ئاستى کۆرتیزۆل بەرزدەبێتەوە ڕێگرى لە خەوتن دەکات .
• بەرزبوونەوەى پەستانى خوێن و دەرکەوتنى زیپکە لە ڕووخسار .
• هەستکردن بە ماندبوونى زۆر و دڵە ڕاوکێ .
• سستبوونى ماسوولکەکان .
• شین و مۆربوونى پێست بە ئاسانى بە هەربەرکەوتنێکى سادە .
• زیادبوونى کێشى لەش ( قەڵەوى ) : کاتێک ئاستى کۆرتیزۆڵ بەرزدەبێتەوە، حەزو ئارەزووکردنى خواردنى شیرینى و خواردنى نا تەندروست و چەورى کێشى لەش زیادەکات .
• ڵاوازبوونى سیستەمى بەرگرى لەش : وا دەکات زووتر تووشى نەخۆشى ببیت .
• کێشە لە یادگا و تەرکیزکردن : کاریگەرى نەرێنى دەبێت لەسەر یادگاى مێشک و بیرکردنەوە.
• ترس و خەمۆکى و نیگەرانى : ناهاوسەنگى کۆرتیزۆڵ لە لەشدا پەیوەندى ڕاستەوخۆى هەیە بە نەخۆشییە دەروونییەکان .

ئامۆژگارى و چەند ڕێنمایەک بۆ کۆنترۆڵکردنى هۆرمۆنى کۆرتیزۆڵ و فشارى دەروونى ( سترێس) .
بۆ پاراستنى تەندروستى لەش پێویستە فێرى کەم کردنەوەى ئاستى کۆرتیزۆڵ ببین :
باشترین ڕێگە بۆ تەندروستى لەش و کەمکردنەوەى ئاستى کۆرتیزۆڵ و سترێس لە شەواندا .
• ڕێکخستنى بەرنامەى خەوتن: هەموو شەوێک پێویستە ٧- ٨ کاتژمێر بخەویت .
• وەرزشکردن : جووڵانەوە و ڕۆیشتن بە پێ ڕۆژانە بۆماوەیەک زۆر گرنگ و پێویستە .
• تەکنیکیەکانى ئارام کەرەوە وخاوبوونەوەى سروشتى وەک تێڕامان (Meditation) وەرزشى یۆگا هەناسەدانێکى قووڵ لە بەیانیان دەتوانن ئاستى کۆرتیزۆڵ کەم بکرێتەوە .
• خۆراکى باش : خواردنى خۆراکى پر لە ڤیتامین سى و مگەنیسیۆم و ترشە چەورییەکانى ئۆمێگا سێ وەکو و ماسى و چەرەزات و چاى سەوز و پرتقال یارمەتى کەمکردنەوەى کۆرتیزۆڵ دەدەن .
• پێداچوونەوە بە ستایلى ژیان : کەمکردنەوەى خواردنى کافائین ( چایە و قاوە ) و پەیوەندى کۆمەڵایەتى باش و سنووردانان بۆکارکردنى ڕۆژانە .

نیشانەکانى کەمبوونەوەى کۆرتیزۆڵ لە جەستەدا :
• هەستکردن بە ماندبوونێکى زۆر و بەردەوام .
• ووشکبوونەوەى لەش بەتایبەتى پێست .
• کەمبوونەوەى پەستانى خوێن .
• ڕشانەوە .
• بێهێزبوونى لەش .

ئەوهۆکارانەى دەبنە هۆى بەرزبوونەوەى کۆرتیزۆڵ :
– کێشە دەروونییەکان .
– بەدخۆراکى .
– زەبرى دەروونى .
– زۆرخواردنى ماددە کحوولییەکان و کافاین و شیرناتى .
– کەم خەوى .
– زەبرى سۆزدارى .
– دڵتوندى و هەڵچوونى دەروونى (سترێس) .
– بیستنى هەواڵى ناخۆش لە ڕاگەیاندنەکاندا
– کەش و هەوا و ژینگەى پیس .