رۆژنامەی ھەولێر

هەمیشە گەلان لە ڕێگەی وەرگێڕانەوە، توانیویانە ئاشنای یەکتری بن و بە کاروانی پێشکەوتنی جیهان بگەن

ئارام كۆشكی – سلێمانی

 

ئەردەڵان عەبدوڵڵا؛ یەکێک لە پڕکارترین نووسەر و وەرگێڕەکانی کوردستانە و لە ساڵی 1975 لە سلێمانی لەدایکبووە و تا ئێستا خاوەنی 28 کتێبی چاپکراوە، کە لە زمانەکانی ئەڵمانیی و عەرەبیدا، کردوونی بە کوردی و نووسیونی. ئەو ساڵانێک لە ئەڵمانیا بووە و ئێستا لە سلێمانی نیشتەجێیە. ئەردەڵان پێیوایە هەمیشە گەلان لە ڕێگەی وەرگێڕانەوە، توانیویانە ئاشنای یەکتری بن و بە کاروانی پێشکەوتنی جیهان بگەن، هاوکات باس لەوەش دەکات کە ئەگەر ئێمە بمانەوێت لە هەموو ڕوویەکەوە پێشبکەوین، ئەوا پێویستیمان بە پڕۆسەیەکی وەرگێرانی فراوان هەیە، بۆئەوەی ئاشنای فیکر و ئەدەبیات و زانست و تەکنۆلۆژیای نوێی جیهان بین. ئەم وەرگێڕە سەبارەت بە کاریگەریی (ئەی ئای) لەسەر پرۆسەی وەرگێڕان دەڵێت: هیچ کاتێک لەو باوەڕەدا نیم کە (ئەی ئای) جێگەی وەرگێڕ بگرێتەوە، چونکە ناتوانێت بە تەواوەتی هەست و نەستی مرۆڤەکان بۆ یەکتری بگوازێتەوە و وەرگێڕان تەنها پرۆسەیەکی ئامێریی نییە.

لەم دیدارەدا لەگەڵ ڕۆژنامەی “هەولێر” تیشک دەخاتە سەر چەند پرسێکی دیکەی سەبارەت بە وەرگێڕان…

* ماوەی چەند ساڵێکە سەرقاڵی وەرگێڕانن لە بەرهەمی گەورە نووسەرانی جیهان، چۆن خولیای وەرگێڕان بوون؟
وەڵام: من سەرەتا خوێنەر بووم بەتایبەتی کتێبە فیکریی و ئەدەبییە جیهانییەکان، زۆر سەرسام بووم بە فیکر و فەلسەفەی چەپ، پاشان لە ڕێگەی فیکری چەپەوە، چوومە ناو مێژووی فیکر و فەلسەفەی جیهان و دەستمکرد بە خوێندنەوەی کتێبە فەلسەفییەکان، دواتر دەستمکرد بە خوێندنەوەی ئەدەبیاتی جیهانی، زۆر سەرسام بووم بە ئەدەبیاتی ڕووسی و فەرەنسی بەتایبەت بەرهەمەکانی (دۆستۆیڤسکی و ئێمیل زۆلا)، هەموو ئەمانەش هانیاندام، بەشێک لەو کتێبانەی خوێندوومنەتەوە وەریانبگێڕمە سەر زمانی کوردی، چونکە حەزم دەکرد هەموو کەسێک ئاشنای ئەدەبیات و فیکر و فەلسەفەی جیهان بێت. لێرەوە تێکەڵی جیهانی وەرگێڕان بووم، دواتر لەپەنا نووسیندا، عیشقی وەرگێڕان لە لام دروست بوو، هەتاوەکو ئێستاش لەو بوارەدا بەردەوامم، هیوادارم خزمەتێکی بچووکی کتێبخانەی کوردیم کردبێت.

* لە پڕۆسەی وەرگێڕاندا چ ئاستەنگێک ڕووبەڕووتان بووەتەوە لە کاتێکدا ئێوە لە هەردوو زمانی عەرەبی و ئەڵمانییەوە وەرگێڕان دەکەن؟
وەڵام: وەرگێڕان پرۆسەیەکی ئاڵۆزە و بەبێ ئاستەنگ نابێت، بۆیە زۆرجار تووشی ئاستەنگی جۆراوجۆربوومەتەوە لە هەردوو زمانەکەوە: بۆ نموونە لە ڕووی گراماتیک و فۆنەتیک و ئیدیۆم و نووسین و گۆکردنەوە، هەردوو زمانی عەرەبی و ئەڵمانی زۆر نامۆن بە زمانی کوردی. زۆرجار زەحمەتە هەندێک وشە و دەستەواژەی ئەو دوو زمانە، هاوتا کوردییەکەی بدۆزیتەوە، جاران لە وەرگێڕاندا هەندێک دەستەواژە و وشەی عەرەبیمان بەکاردەهێنا، بەڵام نازانم لەم چەند ساڵەی دواییدا، جۆرە هەستیارییەک بەرامبەر بە وشەی عەرەبی پەیدابوو، هەرچەندە بەلامەوە ئاساییە، ئەگەر وشەی عەرەبی، یان فارسی، یان لاتینی بەکاربهێنین. هیچ زمانێکی جیهانی نییە، وشەی بێگانەی تێدا نەبێت، هەموو زمانەکان وشەی بیانی دەخەنە ناو زمانەکەیانەوە بە ئاساییش وەردەگیرێت، بەڵام نازام لای خۆمان جۆرە هەستیارییە بۆچی بەرامبەر بە وشەی بیانی پەیدابووە، بەتایبەتی عەرەبی. زۆرجار ئەمەش دەبێتە ڕێگرێکی گەورە، چونکە گەڕان و پشکنین و دۆزینەوەی وشەی هاوواتای کوردی، بۆ وشە بیانییەکان، کاتی زۆرت لێدەگرێت، هەندێکجاریش ناچارین خۆمان وشەی نوێ دابتاشین، ئەمەش ئاساییە لە زۆربەی زمانە جیهانییەکان وشەی داتاشراو، یان لێکدراو هەیە و من ئەو کێشانە بەو جۆرە چارەسەر دەکەم.

* هەموو وەرگێڕێک کاتێک کتێبێک وەردەگێڕێت ئامانجێکی هەیە، لای ئێوە ئامانجی وەرگێڕان بە گشتی چییە؟
وەڵام: ئامانجی سەرەکی من خزمەتکردنی کتێبخانەی کوردییە، خۆشبەختانە لەم چەند ساڵەی دواییدا پڕۆسەیەکی گەورەی وەرگێڕان دەستیپێکردووە، ئەمەش لەلایەکەوە خزمەتی دەوڵەمەندی کتێبخانەی کوردی دەکات، لەلایەکی تریشەوە خزمەتی خوێنەری کوردی دەکات، چونکە بەداخەوە بەشێکی نەوەی نوێ جگە لە زمانی کوردی، زمانی بیانی نازانن، ڕاستە ئێستا زمانی ئینگلیزی پێشکەوتنی گەورەی لەناو کۆمەڵگەی کوردییدا کردووە، بەڵام هێشتا خوێنەری کوردی زیاترە تا ئینگلیزی. هەمیشە گەلان لە ڕێگەی وەرگێڕانەوە، توانیویانە ئاشنای یەکتری بن و بە کاروانی پێشکەوتنی جیهان بگەن، ئەگەر ئێمە بمانەوێت لە هەموو ڕوویەکەوە پێشبکەوین، ئەوا پێویستیمان بە پڕۆسەیەکی وەرگێرانی فراوان هەیە، بۆئەوەی ئاشنای فیکر و ئەدەبیات و تەکنۆلۆژیای نوێی جیهان بین.

* ئاستەنگی وەرگێڕان لەم سەرجەمی هەژموونی ژیریی دەستکرد (ئەی ئای)دا چۆن دەبینن؟ ئایا پێتوایە وەرگێڕانی ئەدەبیات جێگرەوەی بۆ پەیدا دەبێت؟
وەڵام: هیچ کاتێک ژیریی دەستکرد (ئەی ئای) ناتوانێت جێگەی وەرگێڕانی مرۆیی بگرێتەوە، چونکە زۆر ئیدیۆم و دەستەواژە هەیە، (ئەی ئای) ناتوانێت بە تەواوەتی وەریبگێڕێت، زمان پێش هەموو شتێک، گوزارشت لە عەقڵ و ناخ و دەروونی مرۆڤ دەکات، تەنیا مرۆڤیشە دەتوانێت هەست و نەست و فیکری کەسێک بگوازێتەوە بۆ کەسێکی تر.
بە بڕوای من (ئەی ئای) دەتوانێت پەیوەندیی نێوان مرۆڤەکان بەهێزبکات و یارمەتی دوو کەس بدات، کە لە زمانی یەکتری ناگەن، بەتایبەتی لە بواری گەشتیارییدا، (ئەی ئای) دەتوانێت یارمەتیدەر بێت، بەڵام لە بواری مەعریفە و وەرگێڕانی ئەدەبیاتدا، بەکارهێنانی (ئەی ئای) سەرکەوتوو نابێت، چونکە ئەگەر دەقێک بە (ئەی ئای) وەرگێڕدرابێت، دەقێکی کرچوکاڵە و زوو خوێنەری زیرەک، دەزانێت کە ئەم دەقە تەواو نییە و وەرگێڕانێکی ئۆتۆماتیکییە، لەبەرئەوە من هیچ کاتێک لەو باوەڕەدا نیم کە (ئەی ئای) جێگەی وەرگێڕ بگرێتەوە، چونکە وەکو پێشتر وتم ناتوانێت بە تەواوەتی هەست و نەستی مرۆڤەکان بۆ یەکتری بگوازێتەوە. وەرگێڕان تەنها پرۆسەیەکی ئۆتۆماتیکی نییە، بەڵکو پرۆسەی خولقاندنەوەی تێکستە لە زمانێکی نوێدا و دووبارە لەداکیبوونەوەیەتی.

* لە پاڵ وەرگێڕاندا نووسین و توێژینەوەشتان هەیە؟ زیاتر ئارەزووی کامیان دەکەن، نووسین، یان وەرگێڕان؟
وەڵام: من سەرەتا بە نووسین دەستمپێکرد، بەڵام دواتر حەزی وەرگێڕان لە لام دروستبوو، ئێستا هەردووکیان وەکو یەک لام شیرینن. هەندێک بابەت هەیە خۆم حەز دەکەم لەبارەیانەوە بنووسم، بەڵام جاری واهەیە دەبینم کەسێک لەو بابەتەی کە من دەمویست لەبارەیەوە بنووسم، باشتر نووسیویەتی، بۆیە بڕیارەکەی خۆم دەگۆڕم و دەستدەکەم بە وەرگێڕانی نووسینەکەی ئەو. لە بواری ئەدەبیشدا من خۆم پێشتر چەند هەوڵێکم هەبووە لە بواری کورتە چیرۆک و ڕۆماندا، بەڵام کاتێک ڕۆمانێکی جوان دەبینم، حەز دەکەم وەریبگێڕمە سەر زمانی کوردی. هەندێکجاریش دۆست و برادەر، یان دەزگاکان داوام لێدەکەن کە کتێبێکی دیارییکراویان بۆ وەربگڕم، ئەمەش وەکو هاندانێک وایە، کە دەستبکەم بە وەرگێڕان.

* ئێستا سەرقاڵی وەرگێڕانی بەرهەمی چ نووسەرێکن؟
وەڵام: لە ئێستادا خەریکی وەرگێڕانی ڕۆمانێکی نووسەری ئەڵمانیم، هیوادارم هەتاوەکو کۆتایی ئەمساڵ بتوانم تەواوی بکەم. جگە لەوەش خەریکی کتێبێکم کە تایبەتە بە کۆمەڵێک چەمکی فیکری، بەشێکی زۆریان پێشتر وەرمگێڕاون، ئێستا دووبارە پێداچوونەوەیان بۆ دەکەم، هیوادارم لەمساڵدا بتوانم ئەویش تەواو بکەم.