رۆژنامەی ھەولێر

هۆکارەکان و ئەو نیشانانەی نابێت پشتگوێ بخرێن

ئەژین عەبدوڵڵا-هەولێر

 

ناڕێککەوتنی سووڕی مانگانە یەکێکە لەو گرفتە تەندروستییە باوانەی کە زۆربەی خانمان لە قۆناغە جیاوازەکانی تەمەندا ڕووبەڕووی دەبنەوە. بە شێوەیەکی ئاسایی، ماوەی نێوان هەر سووڕێکی مانگانە لە نێوان ٢٦ بۆ ٢٨ ڕۆژدایە، بەڵام هەندێک جار بەهۆی چەندین فاکتەری جەستەیی و دەروونییەوە، ئەم کاتە پێش دەکەوێت یان دوا دەکەوێت.

دیارترین هۆکارەکانی تێکچوونی سووڕی مانگانە
پزیشکانی پسپۆڕ ئاماژە بە چەند هۆکارێکی سەرەکی دەکەن کە دەبنە سەرچاوەی ئەم ناڕێکییە، لەوانە:
• گۆڕانکارییە هۆرمۆنییەکان: بەتایبەت لە تەمەنی هەرزەکاری و قۆناغی پێش نەشۆران و لێچوونەوە (تەمەنی نائومێدی).
• کێشە تەندروستییەکان: وەک تێکچوونی فەرمانی غودەی دەرەقی، بەرزبوونەوە یان دابەزینی توندی شەکرەی خوێن و، کەمیی چالاکیی غودەی نوخامی.
• گرفتەکانی کۆئەندامی زاوزێ: هەوکردنی بەردەوامی هێلکەدان، هەوکردنی کەناڵی “فالوپ” (ڕێڕەوی هێلکەدان)، دروستبوونی گرێ لە هێلکەداندا، یان حاڵەتەکانی لەبارچوونی بەردەوام.
• شێوازی ژیان: پەیڕەوکردنی سیستمی خۆراکی ناتەندروست، جگەرەکێشان، دوورکەوتنەوە لە وەرزش و تێکچوونی باری دەروونی و دڵەڕاوکێ.
• ڕێگری لە دووگیانی: بەکارهێنان یان وەستان لە خواردنی حەبی ڕێگری لە منداڵبوون (مەنع) و بەکارهێنانی لەولەبی هۆرمۆنی.

کەی پێویستە سەردانی پزیشک بکرێت؟
پسپۆڕان جەخت دەکەنەوە کە ناڕێکیی سووڕی مانگانە تەنها گۆڕانی کات نییە، بەڵکو هەندێک جار نیشانەیە بۆ گرفتێکی قووڵتر. پێویستە خانمان بە زووترین کات سەردانی پزیشکی پسپۆڕ بکەن ئەگەر ئەم نیشانانەیان تێدا دەرکەوت:
1. گۆڕانکاریی توند و خێرا لە کێشی جەستەدا (دابەزین یان هەڵکشان).
2. هەستکردن بە ئازارێکی زۆر لە بنسکدا.
3. خوێنەچۆڕەی نائاسایی لە دەرەوەی کاتی سووڕی مانگانەدا.
4. زیادبوونی مووی نەخوازراو لە شوێنەکانی وەک ژێر چەناگە و سنگ.

چارەسەر
چارەسەرکردنی ئەم حاڵەتە بە پلەی یەکەم پەیوەستە بە دەستنیشانکردنی هۆکارە سەرەکییەکە. دوای ئەنجامدانی پشکنینە پێویستەکان، پزیشک دەتوانێت لە ڕێگەی ڕێکخستنەوەی هۆرمۆنەکان یان گۆڕینی شێوازی ژیان، ئەم گرفتە چارەسەر بکات. پشتگوێخستنی ناڕێکیی سووڕی مانگانە، ڕەنگە لە داهاتوودا کاریگەری نەرێنی لەسەر توانای منداڵبوون و تەندروستیی گشتیی خانمان هەبێت.