رۆژنامەی ھەولێر

نابێ کەمیی ڤیتامین (B12) لە جەستەدا پشتگوێ بخرێت؛ بۆ؟

مستەفا محەمەد مستەفا

 

ئەم ڤیتامینە لە زۆر خۆراکدا هەیە، یەکێکە لەو ڤیتامینانەی زۆری لێ نازانین. ناوە زانستییەکەی ناسراوە بە کۆبالامین (Cobalamin) کە لە ئاودا دەتوێتەوە. وا بێنە بەرچاو وەک پاترییەکی زۆر ورد و بچکۆلەیە و، بەچاو نابینرێت، ڕۆڵێکی گرنگ و بەرچاو دەبینێت لە هەموو زیندەچالاکییەکانی لەشدا. هەر لە ئاستی وزەوە تاکو دەگاتە بیرکردنەوەیەکی ژیرانە.

ڤیتامین (ب١٢) یەکێکە لە باوترین ڤیتامینانەی لەش؛ کەمداگەڕانی ئەم ڤیتامینە دەبێتە هۆی: بێهێزی و شەکەتییەکی بەردەوام، کەمخوێنی و فشاری دەروونی و دڵتەنگی (Depression). گرنگیدان و زانیاری لەسەر ئەم ڤیتامینە زۆر گرنگ و پێویستە.
پاڵەوانە نادیارەکەی کۆئەندامی دەمار:
ڤیتامین (ب١٢) هەم دەرمانە و هەم پێکهاتەیەکی بنەڕەتییە بۆ بایلۆجی لەش.
دوو ڕۆڵی سەرەکیی هەیە:
پاراستنی تەندروستیی دەمارەخانەکان و لە دروستکردنی (DNA) و خڕۆکە سوورەکانی خوێندا هاوکارە.
ڤیتامین (ب١٢) لە دروستکردنی بەرگە مایلینەکەی دەوری دەمارەخانەکاندا هاوکارە؛ بەبێ بەرگی مایلین، سیگناڵی هەستەوەری بە شێوەیەکی ڕێکوپێک لە مێشکەوە بۆ بەشەکانی تری لەش ناگوازرێتەوە. بۆ دروستکردنی خڕۆکە سوورەکانی خوێنش پێویستە، کە ئۆکسجین دەگوازنەوە بۆ هەموو ئەندامەکانی لەش.
کاتێک ڤیتامین (ب١٢) بە ڕێژیەکی باش لە لەشدا هەبێت ئەنجامەکەی وزەیەکی باش و چالاکی بیرکردنەوە و زیندەچالاکییەکانی لەش بەڕێکی کار دەکەن. بەڵام کاتێک ڤیتامین (ب١٢) لە لەشدا کەم دەکا، تێکڕای کردارەکانی لەش، قوفڵ دەبێت. ڤیتامین (ب١٢) ئەرکی زۆرە و هەر یەک ئەرکی نییە.
یەک لە هۆکارەکانی نەزانیینەوەی کەمیی ڤیتامین (ب١٢) ئەوەیە زۆربەی کات نیشانەی کەمبوونەکە وردەوردە دەردەکەوێ. کە دەشێت بە هەڵە لێکدانەوەی بۆ بکرێت و، لەگەڵ نەخۆشییەکانی تر لێمان تێکەڵ ببێت.

نیشانە باوەکانی کەمیی ڤیتامین (ب١٢)بریتین لە:
١ – بێهێزیی بەردەوام و هەستکردن بە ماندوویەتی:
بەبێ ڕێژیەکی تەواوی ڤیتامین (ب١٢) جەستە ناتوانێت خڕۆکەسووری تەندروست دروست بکات ئەمەش لە ئەنجامدا دەبێتە هۆی نەخۆشی کەمخوێنی جۆری میگالۆپلاستیک(Megaloblastic anemia)، کە تیایدا خڕۆکە سوورەکانی خوێن قەبارەیان گەورە دەبێت و ناسک دەبن و بە ڕیژەیەکی کەمتر ئۆکسجین دەگوازنەوە. لە ئەنجامدا کەسە نەخۆشەکە تووشی بێهێزییەکی بەردەوام دەبێت.
٢ – شڵەژانی کۆئەندامی دەمار:
ئەمەش دەشێت دەست پێ بکات بە سڕبوون و مێروولە کردنی دەست و پێ (Peripheral Neuropathy) تاکو دەگاتە کێشەی هاوسەنگی لەش و لاوازبوونی بیروهۆش.
٣ – تێکچوونی میزاج:
کەمیی ئەم ڤیتامینە لە جەستەدا دەبێتە هۆی دڵتوندی و هەڵچوونی دەروونی و تەنانەت شێتی. ئەمانەش بە هۆی ئەم ڕۆڵە گرنگەی کە دەبینێت لە دروستکردنی گەیەنەرە دەمارییەکان ((Neurotransmitter
٤ – برینداربوون و کولبوونی زمان و ناودەم:
دەشێت دەرکەوتنی ئەم نیشانەیە سەرەتاییترین نیشانە بێت بۆ نەخۆشیی کەمیی ڤیتامین (ب١٢) کە بریتییە لە ئەستووربوون و هەوکردن و سووربوونەوەی زمان.
شارەزایانی تەندروستی ئاگاداری دەدەن ئەگەرهاتو رێژەی ڤیتامین (ب١٢)ـی لەش کەم بکات و زوو چارەسەر نەکرێت ئەوا تێکچوونی کۆئەندامی دەماری لێ دەکەوێتەوە.
ئەگەر هۆکارەکەی کێشەی کەمخوێنی بوو ئەگەری چارەسەرکردنی هەیە لە هەموو کاتێکدا. بەڵام تێکچوونی دەمارەکان دەشێت هەمیشەیی بێت بە هۆی کەمیی ڤیتامین (ب١٢).

کێ مەترسیی ئەم نەخۆشییەی لێ دەکرێت؟
هەرچەندە هەموو کەس ئەگەری کەمیی ڤیتامین (ب١٢) هەیە، بەڵام هەندێک کەس بە شێوەیەکی بەرچاو ئامادەیییان تێدا هەیە بۆ ئەم نەخۆشییە وەکو:
* بەتەمەنەکان:
لەگەڵ بەساڵاچووندا گەدە توانای کەمتر دەبێت بۆ دروستکردنی ترشی هایدرۆکلۆریک، کە پێویستە بۆ جیاکردنەوەی ڤیتامین (ب١٢) لە پرۆتینی ناو خۆراکدا.
لێکۆلینەوە زانستییەکان لەم سەردەمەی ئێستادا سەلماندوویانە کەوا نزیکەی بە ڕێژەی لە 20 % لە مرۆڤە بەتەمەنەکاندا دەشێت هەوکردنی گەدەیان هەبێت، کە دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی هەڵمژینی ڤیتامین (ب١٢).
* ئەم کەسانەی کە تەنها ڕووەک دەخۆن:
ئەمانە تاکە گرووپن کە ترسی کەمیی ڤیتامین ((ب١٢))یان لێ دەکرێت. چونکە ئەم ڤیتامینە بە ڕێژەیەکی کەم لە ڕووەکدا هەیە، ڤیتامین (ب١٢)، بەکتریای ناو خاک و ڕیخۆلەی ئاژەڵان دروستی دەکات. ئەو مرۆڤانەی تەنها ڕووەک دەخۆن و گۆشت و بەروبوومە ئاژەڵییەکان ناخۆن، پێویستە ڤیتامین (ب١٢) وەرگرن وەکو شیرە ڕووەکییەکان و خەمیرە خۆراکییەکان یان وەرگرتنی لە ڕێگەی دەرمانەوە.
* ئەو کەسانەی کێشەی کۆئەندامی هەرسیان هەیە:
وەکو نەخۆشی کرۆن و سیلیاک (Celiac disease)، ئەو کەسانەی نەشتەرگەری لابردنی گەدەیان بۆ کراوە.
ئەو نەخۆشیانەی کار دەکەنە سەر ڕیخۆلەباریکە، ئەو بەشەی کە بەرپرسیارە لە هەڵهەڵمژینی ڤیتامین (ب١٢) ناسراوە بە ئیلیەم (Eleum)
* بەکارهێنانی دەرمانەکانی کەمکردنەوەی ترشی گەدە بۆ ماوەیەکی زۆر:
ئەو دەرمانانەی کە ناسراون بە (Proton pump inhibitors: PPi) وەکو: ئۆمیپرازۆڵ ولانسوپرازۆڵ و دیزلانسۆپرازۆڵ و ڕامی پرازۆڵ و پرۆتۆپرازۆڵ. بۆمەبەستی چارەسەرکردنی سووتانەوەی گەدە بۆماوەیەکی درێژخایەن، دەتوانن بەشێوەیەکی بەرچاو ترشی گەدە کەم بکەنەوە، کە ئەمەش دەبێتە هۆی کەم کردنەوەی هەڵمژینی ڤیتامین ب ١٢ لەخۆراکدا.
پێرنیشیەس ئەنیمیا (Pernicious anemia): ئەمەش نەخۆشییەکە لە ئەنجامی هێرشی کۆئەندامی بەرگری لەش کە دەبێتە هۆی ئەوەی کە لەش ناتوانێت Intrinsic factor دروست بکات کە جۆرە پرۆتینێکە دروست دەبێت لە گەدە کە زۆر پێویستە بۆ هەڵمژینی ڤیتامین (ب١٢).
پێرنیشیەس ئەنیمیا یەکێکە لە باوترین دەرکەوتەکانی کەمیی ڤیتامین (ب١٢).
خۆراک یاخود دەرمان؟
ئەو کەسانەی توانستی هەڵمژینی ڤیتامین (ب١٢)یان هەیە بە شێوەیەکی سروشتی، دەتوانن ڤیتامین (ب١٢)یان دەست بکەوێت لە سەرچاوە خۆراکییە گیانەوەرییەکان کە دەوڵەمەندن بەم ڤیتامینە.
خواردنی ژەمێک خۆراک لە جگەری گۆلک دەتوانێت بە رێژەیەکی بەرچاو ڤیتامین (ب١٢) ببەخشیت بە لەش.
سەرچاوە خۆراکییەکان کە دەولەمەندن بە ڤیتامین (ب١٢) بریتین لە:
ماسی جۆری سەلەموون و سەردین و توونە و گۆشتی ئاژە ل و پەلەوەر و هێلکە و شیر و بەروبوومەکانی.
پێویستی ڕۆژانە ڤیتامین (ب١٢) بۆ مرۆڤێکی پێگەیشتوو بڕی 2.4 مایکرۆگرامی پێویستە.
هەرچەندە ئەو کەسانەی کە تەمەنیان گەورەیە توانایی هەڵمژینی ڤیتامین (ب١٢) یان کەم بووەتەوە و ناتوانن پشت ببەستن بە سەرچاوە خۆراکییەکان. لەم دۆخەدا وەرگرتنی ڤیتامین (ب١٢) لە ڕێگەی دەرمان زۆر سوودبەخش و پێویستە.
ئەو کەسانەی کە تەمەنیان گەورەیە یاخود ئەو کەسانەی تووشی نەخۆشینی (Pernicious anemia) بوونە پێویستیان بە ژەمێکی باشی وەرگرتنی ڤیتامین (ب١٢) هەیە لە ڕێگەی دەرمانەوە.
وەرگرتنی لە ڕێگەی لێدانی دەرزی لەم حالەتەدا پێویستیمان بە کۆئەندامی هەرس نامێنێت. بەڵکو بە شێوەی راستەوخۆ ژەمی پێویست دەدات بە سووڕی خوێن.