ماكوان عێزهت – هەولێر
لە هەنگاوێکی زانستی و پیشەییانەدا، پزیشکێکی کورد، بەشداری لە یەکێک لە گرنگترین و دەگمەنترین کۆنفرانسە پزیشکییەکانی جیهان کرد لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، کە تایبەت بوو بە نەخۆشییە زگماکییەکانی (لێو، مەڵاشوو، شێواوییەکانی دەموچاو).
لە شاری بۆستنی ویلایەتی ماساچوستس، کۆنفرانسی ساڵانەی کۆمەڵەی ئەمریکی بۆ نەخۆشییە زگماکییەکانی لێو و مەڵاشوو بۆ ماوەی پێنج ڕۆژ بەڕێوە چوو. لە نێوان زیاتر لە هەزار پسپۆڕی جیهانی، دکتۆر زانا حسێن عەزیز، پزیشکی ڕاوێژکاری ڕاستکردنەوەی ددان و شەویلگە لە شاری سلێمانی، وەک یەکەم کورد و عێراقی لە مێژووی ئەم کۆنفرانسەدا بە وتارێکی زانستی بەشداری کرد.
پێش دەستپێکی کۆنفرانسەکە، دکتۆر زانا بۆ ماوەی مانگێک لە دوو نەخۆشخانەی پێشەنگ لە شارەکانی کۆڵەمبس (ئۆهایۆ) و ئۆرەنج کاونتی (کالیفۆرنیا) خولێکی چڕی ئەزموونی بینیوە. تیشکی خستە سەر نوێترین “پرۆتۆکۆڵی چارەسەری سەردەمیانە” بۆ ئەو نەخۆشانەی بەدەست شێواوی زگماکی دەموچاوەوە دەناڵێنن، کە ئەمەش وەک ئەزموونێکی دەوڵەمەند لە کۆنفرانسەکەدا خرایە ڕوو. لە کۆتا ڕۆژی کۆنفرانسەکەدا، لەلایەن پڕۆفیسۆر ستیفن گاودی، سەرۆکی کۆمەڵەکە، خەڵاتی ڕێزلێنانی تایبەت بەخشرا بە دکتۆر زانا لە پای پێشکەشکردنی بابەتەکەی و سەرکەوتنی لە خولە زانستییەکاندا.
د. زانا حسێن عەزیز لەو بارەیەوە ڕوونی كردەوە كە لە پەراوێزی کۆنفرانسەکەدا، زنجیرەیەک دیداری گرنگی لەگەڵ پڕۆفیسۆر و ناوەندە تەندروستییەکانی ئەمریکا ئەنجام داوە بە ئامانجی:
• پتەوکردنی پەیوەندیی زانستی: دروستکردنی پردێکی پەیوەندی لە نێوان نەخۆشخانەکانی ئەمریکا و هەرێمی کوردستاندا.
• هاوکاریی مرۆیی: وتووێژ لەگەڵ چەند ڕێکخراوێکی ئەمریکی بۆ دابینکردنی هاوکاری و چارەسەری بۆ ئەو نەخۆشانەی لە کوردستان دوچاری ئەم حاڵەتە دەگمەنانەن.
• پێشخستنی کەرتی تەندروستی: گواستنەوەی تەکنەلۆژیا و زانستی سەردەم بۆ ناوخۆی وڵات.
پاشخانە زانستییەکەی دکتۆر زانا:
جێی ئاماژەیە، دکتۆر زانا حسێن خاوەنی چەندین پلە و ناسناوی زانستی نێودەوڵەتییە، لەوانە:
1. هاوەڵی (Fellow) کۆلێژی دداپزیشکە نێودەوڵەتییەکان لە ئەمریکا.
2. سەرۆکی بەشی هەرێمی کوردستانی ئەکادیمیا ددانپزیشکییەکەی پیێرفۆچاردی ئەمریکا.
3. ئەندامی کارای کۆمەڵەی ئەمریکی بۆ نەخۆشییە زگماکییەکانی لێو و مەڵاشوو.
4. ئەندامی نێودەوڵەتیی کۆمەڵەی ئۆرتۆدۆنتیستەکانی ئەمریکا.
هاوكات پسپۆڕی ورد لە ڕاستکردنەوەی ددان و شەویلگە بۆ نەخۆشییە زگماکییەکان، یەکێکە لە پسپۆڕییە هەرە دەگمەن و گرنگەکان لەسەر ئاستی جیهان، کە ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوە دەگێڕێت لە گەڕاندنەوەی هیوا و جوانی بۆ ئەو منداڵانەی بە شێوانێکی زگماکییەوە لەدایک دەبن.

