لە مانگی ڕەمەزاندا چۆن بتوانین وەرزش ئەنجامبدەین؟

دکتۆر ڕەهێڵ موسا پزیشكێكی پسپۆڕە، باس لەو كاتانە دەكات كە لە مانگی رەمەزاندا بۆ وەرزشكردن گونجاون و دەڵێ:” لەم بابەتە تەندروستییەدا ئاماژە بە چەند رێنماییەكی پزیشكی گرنگ دەدەین بۆ وەرزشكردن لەم مانگەدا و پسپۆڕەكان كۆكن لەسەر ‌ئەوەی باشترین كات بۆ وەرزش لە مانگی رەمەزان بریتین لەمانە وەکو یەك كاتژمێر بۆ كاتژمێرونیوێك پێش بەربانگ، باشترین كاتە بۆ دابەزینی كێش، چونكە رێژەی شەكرەی خوێن لە كەمترین ئاستدایە و ماوەیەكی زۆر كەم ماوە بۆ قەربووكردنەوەی جەسته.
دەشڵێت” بەڵام لەكاتی وەرزشكردن پێش بەربانگ پێویستە ئەم خاڵانەش بەرچاو بگیرێن وەکو، ماوەی وەرزش لە یەك كاژێر زیاتر نەبێت. ناگوونجێت بۆ كەسانی بە ساڵاچوو، بەتایبەت ئەوانەی نەخۆشی درێژخایەنی وەك شەكرە، بەرزی پەستانی خوێن و نەخۆشییەكانی دڵیان هەیە. شوێنی وەرزشەكە دەبێ گوونجاو بێت لەڕووی پلەی گەرمی و شێوە، چونكە نابێ پلەی گەرما بەرز بێت بۆ ئەوەی لەش‌ تووشی وشكبوونەوە نەبێت. وەرزشی سووك یا مامناوەند هەڵبژێرە، وەك روویشتن بە پێ، راهێنانی سویدی، پاسكیل سواری، بە كارهێنانی ئامێری وەرزشی كە خێرایی و قورسییەكەی سادە یا مامناوەندە. باشترە هەر ئەو وەرزشانە بكەیت كە پێشتر كردووتە و وەرزشی تازە تاقی نەكەیتەوە لە مانگی رەمەزاندا. ئەم پزیشكە زیتر ئاماژەی پێدا و دەڵێ: كە وەرزشكردن پێش بەربانگ چەند سوودێكی گرنگی هەیە لەوانەش وەکو، پاككردنەوەی جەستە لە ماددە ژەهراوییەكان. كاتێكی نموونەییە بۆ دابەزاندنی كێش. یارمەتی هێور بوونەوە و كەمكردنەوەی تووڕەیی دەدات. ناكرێت راستەوخۆ دوای رۆژوو شكاندن وەرزش ئەنجام بدرێت لەبەر دڵەكزی و زوو هیلاكبوون و شەكەتی، بۆیە باشترین كات بۆ وەرزشكردن دوای بەربانگ دوو كاتژمێرونیو بۆ چوار كاتژمێرە و گونجاوە بۆ ئەو كەسانەی پێش بەربانگ ناتوانن وەرزش‌ بكەن بەهۆی نەبوونی كات یا كێشەی تەندروستی یاخود بەساڵاچووان، هەروەها ئەوانەی دەیانەوێت ماسوولكە دروست بكەن دەتوانن بە ئارەزووی خۆیان بۆ چەند كاتژمێرێك ئەنجامی بدەن، هەروەها دوای بەربانگیش چەند سوودێكی هەیە لەوانە وەکو، سووتاندنی وزەی زیاتر لە پێویستی جەستە دوای خواردن. بەرزكردنەوی رێژەی سووتاندنی چەوری و بنیاتنانی ماسوولكەكان.
ئەو پزیشکە ئامۆژگاری وەرزشووانان لەمانگی ڕەمەزان دەکات و دەڵێ” چەند ئامۆژگارییەك هەن كە دەبێت لەبەرچاوی بگرین كاتێك دەمانەوێت لە مانگی ڕەمەزاندا وەرزشبكەین وەکو، دەبێت نانی پارشێو لە نزیكترین كاتی خۆرهەڵهاندا بخورێت، چونكە گەر لەدوای پارشێو وەرزش بكەیت ئەوا پێویستت بە كاربۆهیدرات و شەكرەكان دەبێت. خواردنی ئەو پڕۆتینانە كە درەنگ هەزمدەبن، كە ترشە ئەمینییەكان دابیندەكەن بۆ جەستەت و بەدرێژایی ڕۆژ وزەت پێدەبەخشن.
گەر بتەوێت لەمانگی ڕەمەزاندا وەرزشبكەیت،، ئەوا دەبێت لە ئێواراندا ئەو خواردنانە بخۆیت كە كاربۆهیدراتیان تێدایە.
پێویستە لەكاتی بەربانگكردنەوەدا ڕێژەی پێویست لە ئاو بخۆیتەوە بۆ قەرەبووكردنەوەی ئەو ئاوەی لەدەستتداوە لەڕێگەی ئارەقكردنەوە. دەبێت لەكاتی به ڕۆژووبووندا بەشێوەیەكی كەم و لەسەرخۆ وەرزشبكەین، گەر نا ئەوا جەستەت زۆر هیلاك دەبێت و پێوستت بە پشوودانی زیاتر دەبێ.

ھەواڵی زیاتر