هۆکارەکانی هەوکردنی جیوب و چۆنیەتی چارەسەرکردنی

هەوکردنی جیوب بریتییە لە ئەستوربوونی پەردەکانی ناوەوەی جیوبەکان. جیوبەکان بریتین لەو بۆشاییانەی ئێسکەکانی دەمووچاو کە دەکەونە نێوان چاوەکان و پشت ڕوومەتەکان و نێوچەوانی کەلەی سەر. فەرمانی جیوبەکان بەرهەمهێنان و دەردانی ماددەی لینجە بۆ هێشتنەوەی ناوەوەی کونە لووتەکان بە تەڕی کە یارمەتیدەر دەبێت بۆ بەرگریکردن لە ماددەی نامۆ و تۆز و خۆڵی ناو هەوا. جیوب بە شێوەیەکی تەندروست، بۆشاییەکە کە تەنیا هەوای تێدایە. بەڵام لە کاتی هەوکردنی، جیوبەکان پڕ دەبن لە ماددەی لینج و شل کە دەبنە هۆی گیران و گەشەکردنی میکرۆب تێیدا.

دکتۆر ناسر سلێمان، باس لە هۆکارەکانی هەوکردنی جیوب دەکات و دەڵێ: ئەو هۆکارانەی کە دەبنە هۆی گیرانی جیوبەکان بریتین لە هەڵامەت. لاربوونی ئێسکی ناوەڕاستی لووت. کەمبوونی بەرگری لەش بە هۆی دەرمان یان نەخۆشی. هەستیاری. دووکەڵ.
ئەو دکتۆرە باس لە نیشانە باوەکانی ئەو نەخۆشییە دەکات و دەڵێ: نیشانە باوەکانی هەوکردنی جیوبەکان بریتین لە ئازار و پەستانێکی زۆر لەسەر دەمووچاو بە تایبەتی لە کاتی سەر شۆڕ کردنەوە)، لووتگیران، ئاوکردنی لووت، نەمانی هەستی بۆنکردن، کۆخە. هەروەها لەوانەیە ببێتە هۆی تالێهاتن و بێتاقەتی و ئازاری ددان و بۆنی ناخۆشی دەم.
دکتۆر ناسر باس لە چارەسەرکردنی هەوکردنی جیوب دەکات و دەڵێ: چۆنیەتی چارەسەرکردنی هەوکردنی جیوب وەکو، ئەگەر هەوکردنێکی سووکی جیوبەکانت هەبێت ئەوا دەتوانیت تەنیا دەرمانی نەهێشتنی گیرانی لووت بەکاربهێنیت، بەڵام نابێت بۆ ماوەی ٣ ڕۆژ زیاتر بەکاربهێنرێن، یاخود بەکارهێنانی خێواوک بۆ پاککردنەوەی کونەکانی لووت.
دەرمانی دژە بەکتریا بەکارمەهێنە بەبێ ڕاوێژی دکتۆر. پێویستە خۆت بە دوور بگری لەو ماددە هەستیارانەی کە ئەگەریان هەیە هۆکاری هەوکردنەکەت بووبن، ئەگەر دەزانیت بەهۆی هەستیاریەوە تووشی هەوکردنەکە بوویت، پرس بە دکتۆرەکەت بکە بۆ وەرگرتنی دەرمانی دژە هەستیاری، ئاگاداربە نابێت بۆ ماوەیەکی درێژخایەن بەکاربێن. هەڵمژینی هەڵمی ئاوی گەرم لەوانەیە سوودی هەبێت بۆ کردنەوەی جیوبەکان، ئاگاداربە کە ئاوەکە زۆر گەرم نەبێت. خۆ بە دوور گرتن لە جگەرەکێشان و دووکەڵی جگەرەی خەڵکانی تر.
ئەگەر کێشەی هەوکردنی جیوبەکانت هەر بەردەوام بوون و بێزاریان کردی، دەتوانی ڕاوێژ بە پزیشکی پسپۆڕ بکەیت بۆ ئەنجامدانی نەشتەرگەری جیوبەکان. هەوکردنی جیوبەکانی لووت دەبێتە هۆی سەرئێشە، ماندووبوون، سووربوونەوەی چاوەکان و تەنگە نەفەسی کە دەتوانرێت لەنێو ماڵەکەی خۆتدا لەڕیگەی بەکارهێنانی چەند بابەتێکی سروشتییەوە چارەسەری بکەیت. چارەسەرەکان خۆی دەبینێتەوە لە بەکارهێنانی: سرکەی سێو کە کەوچکێک سرکەی سێو دەکڕێتە ناو پەرداخێک ئاوەوە و دەخورێتەوە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی سرکەتی سێو بڕێکی باش پۆتاسیۆمی تێدایە و یارمەتی کەمکردنەوەی هەوکردنی جیوبەکانی لووت دەدات. زەیت،
چەند دڵۆپێک ڕۆنی ئیکالیپتوس و ڕۆنی لاڤێندەر و ڕۆنی لیمۆ تێکەڵ بکە، دواتر تێکەڵەکە بەکاربهێنە بۆ شێلانی دەموچاو و پێشەوە و سەر جیوبەکان و پشتەوەی مل ئەمەش جۆرەکانی بەکتریا لەناو دەبات کە دەبن بەهۆی هەوکردنی لووت کە لە زەیتەکاندا هەن. زەنجەفیل، کەمێک زەنجەفیل لەگەڵ ئاوی گەرم تێکەڵ بکە و بۆماوەی ١٠ خولەک بەجێی بهێڵە و دواتر بیخۆرەوە، ئەم گیراوەیە دژە ئۆکسان و دژە هەوکردنە کە لە زەنجەفیلدا دۆزراوەتەوە و هەوکردنی جیوبەکان کەمدەکاتەوە. هەنگوین، کەوچکێکی گەورە هەنگوین و دوو کەوچکی بچووک ئاوی لیمۆ تێکەڵبکە و ڕۆژانە دوو جار بیخۆرەوە ئەم پێکهاتەیە کاریگەرییەکی باشی لەسەر کەمکردنەوەی هەوکردن بەگشتی و هەوکردنی جیوبەکن بەتایبەتی دەبێت، چونکە دژە میکرۆب و لەناوبەری بەکتریایە. هەڵم، لە دەفرێکدا هەندێک ئاو هەتا ڕادەی بەهەڵمبوون بکوڵێنە و سەرت بە خاولی یان پارچە قوماشێک بەسەر دەفرەکەدا داپۆشە و بۆماوەی ١٠ خولەک بەردەوامبە، ئەمەش یارمەتیدەرێکی باشە بۆ کەمکردنەوەی هەوکردنی جیوبەکانی لووت، ئەم چارەسەرە دەتوانرێت ڕۆژانە دوو بۆ سێ جار دووبارە بکرێتەوە.

ھەواڵی زیاتر