رۆژنامەی ھەولێر

سەردەمێکی نوێی ڕاگەیاندن و کاریگەریی سۆشیال میدیا لە کاری ڕێکخراوەییدا

زەنوێر ئەحمەد محەمەد

 

لە سەردەمی تەکنەلۆژیا و گەشەسەندنی پەیوەندییە دیجیتاڵییەکاندا، شێوازی ڕاگەیاندن و گەیاندنی زانیاری گۆڕانکارییەکی بنەڕەتیی بەسەردا هاتووە. سۆشیال میدیا وەک ئامرازێکی نوێی ڕاگەیاندن، بووەتە هۆکارێکی سەرەکی بۆ پەیوەندیکردن لەگەڵ جەماوەر و گەیاندنی پەیامەکان بە شێوەیەکی خێرا و کاریگەر. ئەم گۆڕانکارییە کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر کار و چالاکییەکانی ڕێکخراوەکان دروست کردووە.

سۆشیال میدیا ڕێکخراوەکانی توانادار کردووە کە بەبێ سنووری جوگرافی، پەیام و ئامانجەکانیان بگەیەننە ژمارەیەکی زۆر لە خەڵک. لە ڕێگەی ئەم تۆڕانەوە، ڕێکخراوەکان دەتوانن چالاکی و پڕۆژەکانیان بناسێنن، ڕاپۆرت و هەواڵەکانیان بڵاو بکەنەوە و پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆ لەگەڵ جەماوەر دروست بکەن. یەکێک لە گرنگترین سوودەکانی سۆشیال میدیا بۆ ڕێکخراوەکان، خێرایی لە بڵاوکردنەوەی زانیاریدایە؛ ئەگەر لە ڕابردوودا گەیاندنی پەیامێک پێویستی بە کاتێکی زۆر هەبووبێت، ئێستا لە چەند چرکەیەکدا هەزاران کەس ئاگادار دەکرێنەوە. هەروەها سۆشیال میدیا یارمەتیدەرە لە زیادکردنی هۆشیاریی کۆمەڵگە دەربارەی کێشە مرۆیی، ژینگەیی، تەندروستی و بابەتە بایەخدارەکانی دیکە.

ئەژین غەفار: سۆشیال میدیا تێچووی کەم کردووەتەوە و کاریگەریی زیاد کردووە
ئەژین غەفار، ڕۆژنامەنووس و ڕاگەیاندکار، دەرچووی بەشی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، بۆ (هێلین) دەڵێت: “لە چەند ساڵی ڕابردوودا، جیهان گۆڕانکارییەکی خێرای لە بواری تەکنەلۆژیا و پەیوەندییەکاندا بەخۆیەوە بینیوە. سۆشیال میدیاکانی وەک فەیسبووک، ئینستاگرام، ئێکس (تویتەری پێشوو)، تیکتۆک و تێلێگرام بوونەتە بەشێکی گرنگ لە ژیانی ڕۆژانەی خەڵک. ئەم گۆڕانکارییە تەنیا کاریگەریی لەسەر تاکەکان نەبووە، بەڵکوو شێوازی کاری ڕێکخراو و دامەزراوەکانیشی گۆڕیوە.”
ئەژین ئاماژە بەوەش دەکات کە لە سەردەمی نوێی ڕاگەیاندندا، ڕێکخراوەکان بۆ گەیاندنی پەیام و ئامانجەکانیان پێویستیان بە ئامرازێکی خێرا و کاریگەر هەیە، سۆشیال میدیایش ئەم دەرفەتەی بۆ ڕەخساندوون کە بە کەمترین تێچوو و لە ماوەیەکی کورتدا بگەنە ملیۆنان کەس. هەروەها دەڵێت: “بڵاوکردنەوەی هەواڵ، ناساندنی پڕۆژەکان، ڕاکێشانی هاوکاری و پشتیوانی، هەروەها دروستکردنی هۆشیاریی کۆمەڵایەتی، هەمووی لە ڕێگەی سۆشیال میدیاوە ئاسانتر بووە.”
یەکێک لە گرنگترین قازانجەکانی سۆشیال میدیا بۆ ڕێکخراوەکان، پەیوەندیی ڕاستەوخۆیە لەگەڵ جەماوەر. ئەژین دەڵێت: “لە ڕابردوودا زۆرجار ڕێکخراوەکان پێویستیان بە ناوەندەکانی ڕاگەیاندن هەبوو بۆ گەیاندنی پەیامەکانیان، بەڵام ئێستا دەتوانن ڕاستەوخۆ لەگەڵ خەڵک گفتوگۆ بکەن، بۆچوونەکانیان بزانن و وەڵامی پرسیارەکانیان بدەنەوە. هەروەها سۆشیال میدیا ڕۆڵێکی گرنگ دەبینێت لە ڕێکخستنی چالاکی و هەڵمەتە مرۆییەکاندا، چونکە پلاتفۆرمێکە بۆ بانگهێشتکردنی خەڵک بۆ کاری خێرخوازی و ژینگەپارێزی.”
لەگەڵ ئەوەشدا، ئەژین جەخت لە بەرپرسیارێتیی دەکاتەوە و دەڵێت: “بڵاوکردنەوەی زانیاریی ڕاست، پاراستنی ناسنامەی کەسیی تاکەکان و ڕووبەڕووبوونەوەی هەواڵی ساختە، پێویستیان بە پلان و بەڕێوەبردنێکی باش هەیە. ئەگەر ڕێکخراوێک بە شێوەیەکی دروست سوود لە سۆشیال میدیا وەربگرێت، دەتوانێت کاریگەرییەکی گەورە لەسەر کۆمەڵگە دروست بکات.”

نورەدین بەکر: سۆشیال میدیا مۆنۆپۆڵکردنی زانیاریی تێکشکاندووە
نورەدین بەکر، دەرچووی بەشی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، بۆ (هێلین) دەڵێت: “چەمکی ڕاگەیاندن گۆڕانکارییەکی گەورەی بەسەردا هاتووە. ئێمە لە سەردەمێکدا دەژین کە میدیا تەنیا شاشەی تەلەفزیۆن و لاپەڕەی ڕۆژنامە نییە، بەڵکوو جیهانێکە لە داتای خێرا و پەیوەندیی دیجیتاڵی. ئەم ‘میدیا نوێیە’ تەواوی هاوکێشە کلاسیکییەکانی گەیاندنی زانیاری گۆڕیوە.”
نورەدین پێی وایە سەردەمی نوێی میدیا، سنوورەکانی نێوان نێردەر و وەرگری سڕیوەتەوە و دەڵێت: “ئێستا هەر تاک و دامەزراوەیەک خاوەنی سەکۆ و دەنگی تایبەتی خۆیەتی. لە ڕابردوودا ڕێکخراوەکان بۆ گەیاندنی پەیامەکانیان پەیوەست بوون بە دەزگا گەورەکانی ڕاگەیاندنەوە، بەڵام ئەمڕۆ سۆشیال میدیا مۆنۆپۆڵکردنی زانیاریی تێکشکاندووە. ئێستا هەر ڕێکخراوێک وەک دەزگایەکی ڕاگەیاندنی سەربەخۆ کار دەکات، ئەمەش دەرفەتێکی زێڕینە بۆ بەزاندنی سانسۆر و گەیاندنی دەنگە جیاوازەکان بە کەمترین تێچوو.”
نورەدین ئاماژە بەوەش دەکات کە ئەم شەفافیەتە نوێیە ڕێکخراوەکانی ناچار کردووە بەرپرسیارتر و وردتر بن، چونکە متمانەی جەماوەر لەسەر بنەمای کارلێکی ڕاستەوخۆ دروست دەبێت. وتیشی: “سۆشیال میدیا هێزێکی زۆری بەخشیوە بە ڕێکخراوەکان بۆ داکۆکیکردن لە مافەکانیان و فشارخستنە سەر ناوەندەکانی بڕیار. ئەم جۆرە لە ‘لۆبیکردنی دیجیتاڵی’ بووەتە ئامرازێکی کاریگەر بۆ گۆڕینی یاساکان و ئاراستەکردنی ڕای گشتی.”
لە لایەکی دیکەوە، نورەدین تیشک دەخاتە سەر لایەنە مەترسیدارەکان و دەڵێت: “بڵاوبوونەوەی هەواڵی چەواشە و دەنگۆی ناڕاست دەتوانێت لە ماوەی چەند خولەکێکدا ناوبانگی چەندین ساڵەی ڕێکخراوێک لەکەدار بکات؛ بۆیە وشیاریی میدیایی دەبێتە پێویستییەکی سەرەکی.”
لە کۆتاییدا، نورەدین جەخت دەکاتەوە کە سەرکەوتنی هەر ڕێکخراوێک لەم سەردەمەدا، بەندە بە توانای خۆگونجاندنی لەگەڵ جیهانی دیجیتاڵیدا. ئەو ڕێکخراوانەی بە زمانێکی سەردەمیانە و وشیارانە سوود لەم هێزە وەردەگرن، دەبنە پێشەنگی گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکان.