رۆژنامەی ھەولێر

ئەو گیتارژەنەی گیتاری نــــــییە!

 

 

ئارام کۆشکی

بەهرەمەند کێیە؟ بەهرەکان چۆن دەردەخرێن؟ ئەمە دوو پرسیاری جەوهەری هەر کولتوورێکی زیندووە. گوتەیەکی بەنرخ هەیە دەڵێت “هیچ مرۆڤێکی بێ بەهرە نییە.” بەڵام لەگەڵ ئەم گوتەیەدا بەهرەکان پێویستیان بە پەروەردەکردن و دۆزینەوە و کەشفکردن هەیە. ئەوەی زۆرجار کەسێک لە چەند بوارێکی جیاوازدا هەوڵی خۆی دەخاتەگەڕ و دواجار لەو بوارانەدا لە هیچیاندا سەرکەوتوو نابێت ئەوە بەهرەکەی خۆی نەدۆزیوەتەوە، یان کەس نەبووە هاوکاربێت لە دۆزینەوەیدا، بەڵام کەسێک کە هەموو تەمەنی بە یەک بوار دەبەخشێت و دەزانێت لەوێدا حەز و خەونەکانی دێتە دی ئیدی سەرکەوتوو دەبێت. لێرەوە دەتوانین بڵیین مرۆڤە داهێنەرەکان ئەوانەن، کە زوو بەهرەی خۆیان دۆزیوەتەوە و بە هاوکاری کەسانی شارەزا (مامۆستا) یان کەسانی دیکە بەهرەکەیان پەروەردە دەکەن، بۆیە بوونەتە داهێنەر.
داهێنان هیچ نییە، جگە لە ئاوێتەکردنی عەشق بۆ ئەو خولیا و حەزی مرۆڤێک بۆی دەژی، لەوێوەیە داهێنان دەڕسکێت. مرۆڤە داهێنەرەکان عەشقەکەیان بۆ ئەو بوارە چڕ دەکەنەوە، کە دەیانەوێت بۆی بژین. بوارەکە دەبێتە بەشێکی دانەبڕاو لە ژیان. نەک ژیانێکی ناچارانە لەگەڵ ئەو بوارەدا. ئەوەی لە فەزای ڕۆشنبیری کوردیدا داهێنانی کوشتووە، یان داهێنەران دەگمەنن هۆکەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کە تاک توانای دۆزینەوە تواناکەی خۆی نییە لەو بوارەی حەزی پێیەتی، خۆ ئەگەر خۆیشی بیدۆزێتەوە لە ڕێگەی جۆراوجۆرەوە دادەمرکێنرێتەوە، یان ناتوانرێت پەروەردە بکرێت. لە هەندێک کاتیشدا عەشقەکە کاڵترە لە پێویستی بوارەکە، یان عەشقەکە کاتییە، بۆیە داهێنانەکە بەردەوام نابێت. ئەوەی ئاوی بەردەوامی داهێنان دەدات تەنها و تەنها عەشقی بەردەوامە. بەبێ ئەوە مرۆڤ ناتوانێت داهێنانەکانی بەردەوام بکات، با کاری بەردەوامیشی هەبێت خاڵییە لە داهێنان.
لێرەدا نامەوێت زیاتر سەبارەت بەم بابەتە بدوێم، چونکە ئەمە بابەتێکی گەلێک گرنگ و چڕ و بایەخدارە، ئەمە تەنها وەکو دەسپێکێک ویست بۆ ئەوەی باسی بەهرەیەکی نوێ بکەم، کە عەشقی ئاوێتەی بەهرەکەی کردووە و ئەمەش کردوویەتی بە گیتارژەنێکی بەتوانا، گیتارژەنێک کە توانای ژەنینی شاکارە جیهانییەکانی هەبێت.
سەرەتای هەفتەی ڕابردوو سولی فلامێنکۆ لە گەلەری ئارام لە شاری سلێمانی ڕێسیتالێکی بۆ گیتارژەنی بەتوانا “سورێن سامان” ساز کرد. لەو ئێوارەیەدا لەنێو ئەو گەلەرییەی کە تژییە لە ڕەنگ و جوانی، سورێن هەشت پارچە موزیکی جیهانی پێشکەشی ئامادەبوان کرد. ئەو گەنجێکی کەرکوکییە لە عەشقی گیتارژەنین بۆ ماوەی سێ ساڵ زیاترە هەموو هەفتەیەک لە کەرکوکەوە دێتە سلێمانی بۆ فێرگەی “سولی فلامێنکۆ” و لای مامۆستا “سامان کەریم” وانە دەخوێنێت. ئەم هەفتەیە دوای سێ ساڵ، یەکەم ڕێسیتالی تایبەتی پێشکەش کرد (ئەگەرچی پێشتر لە چەند ڕێسیتالێکی گشتیدا بەشداری کردووە)، بەڵام ئەمجارە بە تەنها شاکارەکانی موزیکی جیهانی پێشکەش کرد. سورێن ئەگەرچی گیتارژەنە و لەو ئێوارە موزیکییەدا توانی هەشت پارچە موزیکی موزیسیانە جیهانییەکان بژەنێت، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنج و دەستخۆشییە ئەوەیە کە ئەم گیتارژەنە تا ئێستا گیتاری نییە، بەڵکو بەگیتاری مامۆستاکەی و فێرگە بووەتە گیتارژەنێک، کە بتوانێت شاکارە جیهانییەکان بژەنێت.
وانەیەک کە لە چیرۆکی “سورێن”ـەوە فێری دەبین ئەوەیە، کە هەر کارێک مرۆڤ بە عەشقەوە ئەنجامی بدات بەرهەمی دەبێت. مەرج نییە کەرەستەی زۆرمان لەبەردەست بێت تا ببینە داهێنەر، یان کەسێکی بەتوانا. مەرج نییە خاوەنی ئامێرێکی موزیکی بین بۆ ئەوەی بتوانین بیژەنین، بەڵکو دەکرێت لە فێرگەیەک لەڕێگەی ئامێرێکەوە عەشقمان ئاوێتەی بکەین و بتوانین بەرەو پێشەوە بچین، چەشنی ئەوەس ئەم گیتارەژەنە کردی. ئەم گیتارژەنە نموونەیەکە دژ بە هەموو ئەو بڕوایانەی لایانوایە ئەم نەوە نوێیە بێبەهرەیە، بۆیە هیچ بەرهەم ناهێنێت. چیرۆکی ئەم گیتارژەنە دەیسەلمێنێت کە زەمینەڕەخساندن بۆ هەر تاکێک دەکرێت بەهرەکەی بەدەربخات. بەڵام لە کۆمەڵگەیەکدا کە کار لەسەر کوشتنی حەز و توانا و بەهرەکان دەکات ئیدی داهێنان دەبێتە خاڵێکی پەراوێزخراو و داهێنەرانیش لەنێو ئەو پەراوێزخستنانەدا ئەگەر پێستیان ئەستوور نەبێت ون دەبن.
سورێن گیتارەکەی دەژەنێت، چونکە عەشقی ئەو بۆ گیتارژەنین بەردەوامە. من چاوەڕوانی ڕێسیتالێکی تری ئەم گەنجە بەهرەمەندە و گەنجە بەهرەمەندەکانی تری سولی فلامێنکۆ دەکەم، چونکە دەزانم یەک سوورێن لەوێ نییە، بەڵکو چەندین سوورێنی تر لەوێ گیتاردەژنن و بەهرەکانیان لای مامۆستایەک پەروەردە دەکرێت، کە بەعەشقەوە وانەکان دەڵێتەوە تا میوزیک ئاوێتەی ڕۆحی نەوەیەک بکات، کە لە هەموو شوێنێکی کۆمەڵگەکەیدا موزیکی لێ دەتۆرێنرێت.