رۆژنامەی ھەولێر

من چۆن دەنووسم؟! (سوزان کەین). ئەو ژنەنووسەرەی لە کافتریاکـــــــــــان کتێبەکانی دەنووسێت

 

وەرگێڕان: شۆڕش غەفووری – هەولێر

 

(سوزان کەین ـ Susan Cain)، نووسەری کتێبی (بێدەنگ – Quiet) هاوار دەکات ئەی گۆشەگیرانی جیهان یەکبگرن! سوزان کەین، لەم گفتوگۆیەیدا باس لە وتارەکانی (تێد – TED)، (مالکۆم گڵادوێڵ – Malcolm) و هۆکاری نووسینی لە کافتریاکان دەکات.

ـ تۆ پارێزەری کۆمپانیا بوویت، کە دوورە لە نووسینی کتێبی پڕفرۆش و پێشکەشکردنی وانەی پڕ جۆش و خرۆش. چۆن ئەو بازەت دا، و ئەگەر پرسیارێکی سەیر نەبێت، ئایا هیچ شتێک بکەیت لە دونیای پارێزەریی کۆمپانیاکاندا هەیە کە پڕبەدڵ بیری بکەیت؟
سوزان کەین: ڕەنگە باوەڕکردنی بۆت قورس بێت، بەڵام من بەقەدرا ئەوکاتەی کە پارێزەری کۆمپانیا بووم، پێنەکەنیوم. کە بۆ چەندین مانگ، ڕۆژانە ١٦ سەعات کار دەکەیت، تووشی جۆرە شێتی و ماندووییەکی گاڵتەئامێزانە دەبیت. هەموو شتێک و هەموو کەسێکت بەلاوە پێکەنیناوی دەبێت، بەڵام لە ڕاستیدا، هەرگیز بیرم لەوە نەکردبووەوە و پێم وابوو من دواکەسم لەسەر زەوی کە ببمە پارێزەر. هەست بە بەختەوەرییەکی بێوێنە دەکەم کە ئێستا ئەم کارە دەکەم. لە تەمەنی ٤ ساڵییەوە ویستوومە ببمە نووسەر.

ـ وتارەکانی (تێد) بوونەتە سەکۆیەکی ڕاستەقینە بۆ کورتکردنەوەی بیرۆکە زانستییەکان و گۆڕینیان بۆ قالبێکی سادە و خۆش، ڕێک وەک کتێبەکەت. تۆش قسەکەرێکی بەناوبانگی (تێد) بوویت. ئەزموونی (تێد) چۆن یارمەتی دایت و کاریگەری لەسەرت هەبوو؟ دەتوانیت باسی ئەزموونی خۆت بکەیت وەک قسەکەرێک لە چالاکییە سەرەکییەکەی (تێد)؟
سوزان کەین: ئۆه، من تۆقیوم. هەمیشە لە قسەکردن لەبەردەم جەماوەر ترساوم، بۆیە وەستان لەسەر سەکۆی (تێد) پێویستی بە کوشتنی ئەژدیها و دێوەزمەیەکی شەخسی گەورە هەبوو، بەڵام خۆ دەزانیت کە کاری ئەژدیهاکان پارێزگاریکردنە لە سندووقی گەنجینەکان. خەڵاتەکەی من گەیاندنی بیرۆکەکانم بوو بە ملیۆنان کەس لە ڕێگەی ماڵپەڕی (تێد)ەوە، لە ڕێگەی هونەری دێرینی حیکایەتخوانیی زارەکییەوە. لەو کاتەوەی وازم لە (تێد) هناوە، هەلی ئەوەم بۆ ڕەخساوە لە هەموو جیهاندا وانە بڵێمەوە و تەنانەت هەست بە ترسیش ناکەم! ساڵێک لەمەوبەر ئەمە مەحاڵ بوو. یەکێک لە پڕۆژەکانی داهاتووم دروستکردنی کۆرسێکی ئۆنلاینە لەسەر قسەکردنی گشتی بۆ کەسە گۆشەگیرەکان. دەمەوێت ئەو کەسانەی حەزیان لە ناوخەڵک و سەرنج نییە تێبگەن کە پێویست ناکات قسەکەرێکی باش و زهماکی بن، تەنها پێویستە شتێکیان هەبێت بۆ وتن و فێری چەند تەکنیکێک بن بۆ گەیاندنی ئەو شتە. جیهان پێویستی بەوەیە گوێ لە گۆشەگیرەکان بگرێت.

ـ خوویەکی جیاواز یان شێوازێکی تایبەتی خۆت هەیە؟
سوزان کەین: هیچ ڕۆژێک بەبێ خواردنی شۆکۆلاتەی تاڵ بەڕێ ناکەم.

ـ پۆشاکی دڵخوازت چییە؟
سوزان کەین: ئەو ملوانکە زیوییەی کە لە کاتی وتارەکەی (تێد) لە ملم بوو. هاوڕێکەم (هیتۆمی – Hitomi) لە وڵاتی (لائۆس – Laos)ەوە بۆی هێنابووم. مەدالیایەکی پێوە بوو کە لە خانوو دەچوو، بۆ من نیشانەی ژیان و بەختەوەری بوو. بەداخەوە وەک زەمەنی ڕابردوو باسی ئەم ملوانکەیە دەکەم، چونکە بۆ گەشتی ناساندنی کتێبەکەم لە لەندەن، لە فڕۆکەخانەی (هیسرۆ – Heathrow) ونم کرد. پێموایە بۆ هەمیشە لە ڤیدیۆکەی (تێد)دا دەمێنێتەوە.

ـ بۆچوونت چییە لەسەر شێوازی (مالکۆم گڵادوێڵ) لە نووسینی زانستیدا؟
سوزان کەین: من کتێبەکانی گڵادوێڵ و ئەو ژانرەی کە دایهێناوەم خۆش دەوێت، و بێزار دەبم بەوەی ئێستا بووەتە مۆدێل کە ڕەخنەی لێ بگرن بەوەی تەنها شتەکان جوان دەکات و ڕۆشنبیرێکی ڕاستەقینە نییە. پێموایە نووسەرانی وەک گڵادوێڵ ڕێک لەبەر ئەوەی ئەکادیمی نین، خزمەتێکی گەورە دەکەن. ئەوان زۆر لە لێکۆڵینەوە نزیک نین، بۆیە بۆیان ئاسانترە درک بەوە بکەن بابەتەکە چەند سەرنجڕاکێشە. کاتێک دەستم بە لێکۆڵینەوە کرد بۆ کتێبی (بێدەنگ)، شتی زۆر سەرسوڕهێنەرم دۆزییەوە کە بۆ دەروونناسان زۆر ئاسایین، بەڵام بۆ خەڵکی ئاسایی تەواو نەزانراون. ئەکادیمییەکان، لە کاتی خوێندنەوەی ئەم شتانە، هەرگیز ناتوانن ببینن چەندە نایابن. لە ڕاستیدا، هەرچی زیاتر دەچوومە ناو بابەتەکەمەوە، بۆ منیش دەبووە شتێکی ئاسایی. دەبوو بگەڕێمەوە و ئەو هەستی سەرسامییە بەبیر خۆم بهێنمەوە کە بۆ یەکەمجار لام دروست ببوو. پێموایە لە پێنج یان دە ساڵی ڕابردوودا بە لای نووسەرانەوە جۆرە مەیلێک هەبوو بۆ بەکارهێنانی زانستی (دەمارزانی – Neuroscience)، وەک ئەوەی تەنها ڕێگە یان باشترین ڕێگە بێت بۆ تێگەیشتن لە سروشتی مرۆڤ. هەستیان دەکرد کە لەبارەی مێشکەوە زۆر دەزانن، لە کاتێکدا و نییە. ئێستا وا خەڵک خەریکە خۆیان ئەمە ڕاست دەکەنەوە، بۆیە گرنگە لەمە تێبگەین.

ـ چی دەتخاتە گریان؟
سوزان کەین: ئۆه، هەموو شتێک. ناتوانم بەرگەی ئەوە بگرم کە دایک و باوکێک منداڵەکەیان ون کردووە، یان بە پێچەوانەوە. لەم چەند ڕۆژەی ڕابردوو گوێم لە گۆرانییەکی عیبری گرت بە ناوی (تۆ جوانی – Hinach Yafah) هی پڕۆژەی (عیدان ڕایخل – Idan Raichel)، و لەگەڵی گریام چونکە دڵنیا بووم کە جۆرە دیمەنێکی خوداییم بینیوە. یان لانیکەم ئەو پەرۆشییە قووڵەی بۆی هەیە، کە پێموایە هەمان شتە. تاقی بکەرەوە، تێدەگەیت مەبەستم چییە.

ـ ئایا ساتێکی دیاریکراو هەبووە کە هەستت کردبێت نووسەرێکی سەرکەوتوو بوویت؟
سوزان کەین: بەڵێ. کاتێک تێگەیشتم کە گرووپێکی دڵسۆزم لە خوێنەران هەیە، ڕۆحیان هاوشێوەی منە و دەتوانم شتەکانیان لەگەڵ بەش بکەم. هەر کاتێک شتێک دەخوێنمەوە یان دەبیستم و خۆشم دەوێت، جۆرە پاڵنەرێکی ناچاریم هەیە وام لێدەکات بۆ ئەو کەسانەی بگێڕمەوە کە دەیانناسم. کاتێک گوێم لەو گۆرانییە بوو، دەستبەجێ لە فەیسبووک و تویتەر پۆستم کرد، و ئەو کەسانەی هەرگیز بە جەستە نەمبینیون نامەیان بۆ نووسیم کە چەندە کاریگەری لەسەر ئەوانیش هەبووە. ئەوەم خۆش دەوێت!

ـ چۆن هەست دەکەیت کە ڕۆژێکی بەرهەمدارت هەبووە لە ڕووی نووسینەوە؟
سوزان کەین: تێبینی ئەوە دەکەم زۆربەی نووسەران ژمارەیەک وشەی دیاریکراو دەکەنە پێوەر بۆ ڕۆژەکەیان. حەسوودی بەم شێوازە دەبەم، چونکە زۆر ڕێکوپێک دیارە، بەڵام هەرگیز بۆ من ئەوە نەڕەخساوە. من زۆرجار هەموو ڕۆژەکە بە دەستکاریکردن پێداچوونەوە، دووبارە ڕێکخستنەوەی گێڕانەوەیەک، یان لێکۆڵینەوە بەسەر دەبەم. هیچ وشەیەکی نوێ ناخەمە سەر کاغەزەکەم، بەڵام هێشتا پێموایە ئەمە پێشکەوتنە. ڕەنگە ئەمە تەنها ڕێگەیەکی زۆر ئاڵۆز بێت بۆ کاتکوشتن و دواخستنی کارەکان.

ـ چ ئامۆژگارییەکت بۆ نووسەرە لاوەکان هەیە؟
سوزان کەین: پێیان دەڵێم: تۆ ڕەنگە بتەوێت ببیتە نووسەر، چونکە کتێب و وشەکان سەرچاوەی سەرسامی و جادوون بۆت. دڵنیا ببەوە کە ئەوە لات بمێنێتەوە. نووسین مەکەرە بزنس یان ئەرکێکی ناچاری. ڕاستە کارێکی قورسە، بەڵێ، بەڵام دەبێت هێشتا ئەو شتە بێت کە هەموو ڕۆژێک بە پەرۆش بیت بۆی. کاتێک لە تەمەنی ٣٣ ساڵی وازم لە پارێزەری هێنا و دەستم بە نووسین کرد، بە خۆمم گوت ئاساییە ئەگەر تا تەمەنی ٧٥ ساڵی هیچ شتێک بڵاو نەکەمەوە. ئەوەش پەستانەکەی لەسەر لادام. کۆمپانیایەکی بچووکی ڕاوێژکاریم دانا بۆ بژێوی ژیان و باقی کاتەکانم لە کافتریای جیاواز بەسەر دەبرد و خەریکی خولیاکەی خۆم بووم. لە ڕاستیشدا کە دەچووم بۆ کافتریاکان دڵنیا نەبووم لەوەی بنووسم، بەڵام چوونە کافتریاکان بۆ نووسین خۆشترین چالاکی بوو لای من. زۆربەی کتێبی (بێدەنگی)م لە کافتریایەکی (گرینویچ ڤیلەیج – Greenwich Village) نووسی کە نووسەرانی هەموو نیویۆرکی بۆ لای خۆی ڕادەکێشا و بەداخەوە ئێستا داخراوە.

تێبینی:
ئەم چاوپێکەوتنە کورت و دەستکاری کراوە.