رۆژنامەی ھەولێر

یانە كوردستانییەكان عەرشی یانە گەورەكانی عێراقیان هەژاندووە ئەمڕۆ و سبەی گەڕێكی دیكەی ئاگرین بەڕێوە دەچێت

ئەسعەد ئیسماعیل – هەولێر

 

یانە كوردستانییەكان لە قۆناغی دووەمی خولی ئەستێرەكانی عێراق، زۆرترین خاڵیان لە یانە گەورەكانی بەغدا وەرگرتووە، شورتە بە ناچاری پێش ئەوەی رووبەڕووی نەورۆز بێتەوە موئمین سەلمانی راهێنەری میسری یانەكەی دوورخستەوە، بڕیاریشە ئەمڕۆ و سبەی گەڕێكی دیكەی ئاگرین لە خولی ئەستێرەكانی عێراق بەڕێوە بچێت.

هەولێر لە بلیتێكی چامپیۆنزلیگی كەنداو نزیك دەبێتەوە
یانەی هەولێر دوای بردنەوەی لە یانەی كەرخی شاری بەغدا لە یەكلاییكردنەوەی بەدەستهێنانی بلیتێكی بەشداریكردن لە پاڵەوانێتییەكانی دەرەوەی عێراق نزیك دەبێتەوە.
هەولێر سبەی چوارشەممە لە نێو یاریگەی فرەنسۆ هەریری لە گەڕی 32ـی خولی ئەستێرەكانی عێراق لە كاتژمێر 05:30ـی ئێوارە میوانداریی كارەبا دەكات، هەولێر پێش ئەم یارییە بە كۆكردنەوەی 66 خاڵ لە ریزبەندی سێیەمی خولی ئەستێرەكانی عێراق دێت و بە جیاوازی 8 خاڵ لە یانەی قوە جەوییەی پێشەنگ دوورە.
یانەی هەولێر لە دوایین 14 یاری، لە هەشت یاری تۆڕی گۆڵەكەی بە خاوێنی هێشتووە و 9 سەركەوتنی بەدەستهێناوە و هیچ یارییەكی نەدۆڕاندووە.
هەولێر 78 رۆژە لە خولی ئەستێرەكانی عێراق نەدۆڕاوە، دوایین دۆڕانیشی بەرامبەر یانەی زاخۆ بووە.

نەورۆز گەورەترین خزمەتی بە هەولێری پایتەخت كرد
ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە نەورۆز لە یارییەكی دیكەی لوتكەدا میوانداریی شورتەی بەغدا دەكات، نەورۆز لە ئەركێكی قورس دایە، بەڵام كوڕانی وەلی كەریم لە قۆناغی دووەم هەموو عێراقیان شۆك كردووە و یانەكە تا دێت بەرەو پلەكانی سەرەوەی ریزبەندی هەڵدەكشێت.
نەورۆز لە دوایین 3 یاریی بەرامبەر یانەكانی قوە جەوییە، تەڵەبە و گەرمە هیچ یارییەكی نەدۆڕاند، رۆژی هەینیش لەنێو پارێزگای ئەنبار شكستی بە گەرمە هێنا و بە 3 خاڵی یارییەكە گەڕایەوە شارە حەیاتەكەی سلێمانی.
نەورۆز لە دوایین یاریی بەرامبەر یانەكانی قوە جەوییە و تەڵەبە یەكسان بوو، ئەمەش خزمەتێكی گەورەی بە یانەی هەولێر كرد، بەوپێیەی ئامانجی هەولێر بەدەستهێنانی پلەی سێیەمی ریزبەندی خولی ئەستێرەكانی عێراقە بۆ ئەوەی بتوانێت بەشداریی لە چامپیۆنزلیگی كەنداو بكات، جگە لەوەش هەولێر دەرفەتی ركابەریكردنی پاڵەوانبوونیشی هەیە.
نەورۆز دوای یارییەكەی ئەمڕۆ لە دژی شورتە، گەشتی بەغدا دەكات و رۆژی دووشەممەی داهاتوو دەبێتە میوانی كارەبا.
نەورۆز بە كۆكردنەوەی 47 خاڵ لە ریزبەندی نۆیەمی خولی ئەستێرەكانی عێراق دێت. لە بەرامبەردا شورتە بە 67 خاڵ پلەی دووەمی ریزبەندی گرتووە.

دهۆك دەیەوێت نەفتی میسان بستووتێنێت
یانەی دهۆك ئێوارەی ئەمڕۆ لە كاتژمێر 05:30ـی ئێوارە میوانداریی نەفتی میسان دەكات، ئەم دوو یانەیە ئەم وەرزە هیچ ئامانجێكی گەورەیان نەماوە، دهۆك تەنیا دەیەوێت پلەیەكی شایستە بەدەستبهێنێت و لانیكەم لە ناوەراستی ریزبەندی كۆتایی بەم وەرزە بهێنێت، یانەی نەفتی میسانیش شەڕی مانەوە لە خولی ئەستێرەكانی عێراق دەكات.
دهۆك لە دوایین 10 یاری، دوو راهێنەری گۆڕیوە و تەنیا 2 یاریی بردووەتەوە و 5 یاریی دۆڕاندووە و لە 3 یارییش یەكسانبووە.
دهۆك لە دوایین یاریی لە نێو جەرگەی بەغدا ئاستێكی بەرزی لە دژی زەورا پێشكەش كرد و نزیك بوو لە سەركەوتن، بەڵام بە گۆڵێكی گوماناوی گۆڵی یەكسانبوونی لێكرا و یارییەكە بە 2 گۆڵ بۆ هەرلایەكیان كۆتایی هات.
یانەی دهۆك دوایی یارییەكەی ئەمڕۆ لە دژی نەفتی میسان، هەر لە نێو یاریگەی خۆی رۆژی یەكشەممەی داهاتوو میوانداریی یانەی قاسم دەكات.
دهۆك بە كۆكردنەوەی 42 خاڵ لە ریزبەندی یازدەیەمی خولی ئەستێرەكانی عێراق دێت، بەڵام نەفتی میسان بە كۆكردنەوەی 30 خاڵ لە پلەی شازدەیەم دێت.

زاخۆ بۆ ئازاردانی كەرخ لە بەغدایە
ئێوارەی سبەی چوارشەممە، یانەی كەرخ لە یاریگەی شەڕاڕ حەیدەر لە بەغدا میوانداریی زاخۆ دەكات، یارییەكەش لە كاتژمێر 08:00ـی ئەمشەو دەكرێت، دوای ئەم یارییەش زاخۆ دەگەڕێتەوە بادینان و خۆی بۆ میوانداریكردنی یاریی دووشەممەی داهاتوو بەرامبەر دیالا ئامادە دەكات.
زاخۆ بەهۆی بەشداریكردنی لە چامپیۆنزلیگی كەنداو تاڕادەیەك لە خولی ئەستێرەكانی عێراق باجی دا، بە جۆرێك لە دوایین 10 یاری، تەنیا 3 بردنەوەی بەدەستهێنا لە چوار یارییش دۆڕا.
زاخۆ لە دوایین یاریی بەرامبەر نەفتی میسان گەڕایەوە سەركەوتنەكان، ئەگەرچی سەرەتا بە گۆڵێك دواكەوت، بەڵام دواتر 3 گۆڵی تۆمار كرد و 3 خاڵی بەدەستهێنا و ئاسۆ رۆستەمیش هاتریكی لە ئەسیست كرد.
زاخۆ یارییەكی دواخراوی بەرامبەر مینا هەیە و بە كۆكردنەوەی 54 خاڵ لە ریزبەندی شەشەمی خولی ئەستێرەكانی عێراق دەكات.