رۆژنامەی ھەولێر

خەیاڵ و ناخەیاڵ لە وەهمی نووسینەوە بۆ لۆژیکی ئەدەبی

بژار حەکیم

خەیاڵ و ناخەیاڵ Fiction- Nonfiction))، ئەگەر خەیاڵ بەشێکە لە پراکتیکی دەوڵەمەند و هەمەچەشنی کولتووری، ئەوا نابێ باسکردنی خەیاڵ تەنیا لە چوارچێوەی میتافیزیکیدا قەتیس بکریێت. بەڵکوو دەبێت درێژببێتەوە بۆ ئەوەی ئەو چوارچێوە کۆمەڵایەتی و مێژووییانە بگرێتەوە کە ئەم خەیاڵە لەناویاندا لە قاڵب دەدرێت و بەرهەم دەهێنرێت و بەکاردەهێنرێتەوە. لەوەش گرنگتر، دەبێت تێگەیشتنێکی هۆشیارانەمان هەبێت لە پەرەسەندنی خەیاڵ، لە پێوەندی لەگەڵ بەستێنەکەی و کارلێککردنی لەگەڵ دەورووبەرەکەیدا. بابەتێکی لەو جۆرە وامان لێدەکات لە ڕوانگەی تێڕامانەوە بیر لە سروشتی خەیاڵ بکەینەوە، ڕوانگەیەک کە ڕێگەمان پێدەدات لەو پرسیارانە تێبگەین کە دەیکەین و بۆچی دەیانخەینەڕوو. تەنیا ئەو کاتە دەتوانین ڕوونتربین لە تێگەیشتن لەوەی کە چی لە مەترسیدایە کاتێک تیۆریزە لەسەر خەیاڵ دەکەین. خەیاڵ تەنیا خەونێک نییە کە لە خەوەوە وەرگیرابێت، هەروەها دیدێکی ناڕوون نییە کە خاڵی بێت لە پەیوەندی بە ژیانی هەستەوە، هەرکەسێک پێی وایە خەیاڵ جیایە لە واقیع یان تەنیا خەونێکە هەڵەیە. خەیاڵ تێگەیشتنە لە هەستیارەکانی شتە نەبینراوەکان.

زۆرجار خەیاڵ وەک پرۆسەیەکی دەروونی ئاڵۆز وێنا دەکرێت کە یادەوەرییەکان و ئەزموونەکانی ڕابردوو و ئەو وێنانەی لێیانەوە وەرگیراون، بۆ دروستکردنی واقیعێکی خەیاڵی، ڕەنگە ئەم واقیعە نوێنەرایەتی داهاتوویەک بکات کە ئاواتەکان و پلانەکانی داهاتوو و هەموو ئەو شتانە بەدی بهێنێت کە مرۆڤ ئاواتی بۆ بخوازێت، یانیش خەیاڵ دەتوانێت دووبارە داڕشتنەوەی ڕابردوو بێت بە شێوەیەک کە باشتر لەگەڵ ئارەزووەکانی مرۆڤدا بگونجێت.
ئەدەب وەک ئاوێنەیەک وایە بۆ ژیانی مرۆڤایەتی، بەڵام ئەم ئاوێنەیە بە دوو شێوازی سەرەکی کار دەکات، یاخود لەڕێگەی گێڕانەوەی ڕاستییە بەرجەستەکانەوە دیمەنەکان دەگوازێتەوە، یانیش لەڕێگەی ئافراندن و داڕشتنی جیهانێکی نوێوە کە سەرچاوەکەی هزر و خەیاڵی نووسەر خۆیەتی. ئەم جیاوازییە بنەڕەتییە سنووری نێوان فیکشن و نافیکشن، خەیاڵ و ناخەیاڵ لە ئەدەبیاتدا دیاری دەکات. لە پرۆسەی نووسینی دەقی ئەدەبیدا، ئەم دوو جۆرە ڕێبازە نەک هەر لە ڕووی ناورۆکەوە، بەڵکوو لە ڕووی ئامانج و تەکنیکەوە جیاوازییەکی قووڵیان هەیە.

نێوەڕۆکی دەقی خەیاڵی:
فیکشن یاخود دەقی خەیاڵی، بریتییە لەو بەرهەمە ئەدەبییانەی کە لەسەر بنەمای زەین، ئافراندن، و ڕووداوی نەبوو یان دەستکاریی چڕی واقيع دروست دەکرێن، نووسەر لە دەقی خەیاڵیدا ڕامان و بیرۆکەکانی لە شێوەی کارەکتەر، دیالۆگ، ململانێ، و ژینگەی تایبەتدا بەرجەستە دەکات، ئەگەرچی ڕەنگە ئیلهامیان لە ژیانی ڕاستەقینەوە وەرگرتبێت، بەڵام بەتەواوی دروستکراوی هزری زاتین. لە نووسینی خەیاڵیدا، وەک ڕۆمان، چیرۆک، یان شانۆنامە، نووسەر یاسای تایبەت بۆ جیهانەکەی دادەنێت و ئازادییەکی بەرفراوانی هەیە لە ڕێکخستنی زەمەن و شوێندا. مەبەستی سەرەکی لە دەقی خەیاڵیدا تەنها گواستنەوەی زانیاری یان ڕاستییەکی بەڵگەدار نییە، بەڵکوو دۆزینەوەی ڕاستییە دەروونی و فەلسەفییە قووڵەکانی مرۆڤە لەڕێگەی ئەزموونی وێنەکراوەوە، کەواتە کارەکتەرێک لە ڕۆمانێکدا ڕەنگە لە جیهانی واقیعدا بوونی نەبووبێت، بەڵام هەست و ئازارەکانی ئەوەندە ڕاستەقینە دیاردەبن کە خوێنەر تووشی هاوسۆزی و بیرکردنەوەی قووڵ دەکەن.

نێوەڕۆکی دەقی ناخەیاڵی:
لە بەرامبەردا، نافیکشن یان دەقی ناخەیاڵی، ڕاستەوخۆ پشت بە واقیع، بەڵگەنامە، رووداوە مێژووییەکان، یان ئەزموونە جەستەیی و ڕاستەقینەکانی نووسەر یان کەسانی دیکە دەبەستێت. ئەم جۆرە نووسینانە، وەک ژیننامە، یاداشت، وتاری ئەدەبی، یان بەڵگەنامەیی، پابەندبوونێکی ڕەها یان زۆر بەرز نیشان دەدەن بەرامبەر ڕاستییەکان. نووسەری نافیکشن مافی ئەوەی نییە ڕووداوەکان لەخۆیەوە هەڵبهێنێت یان کارەکتەری نادیار دروست بکات، بەڵکوو دەبێت ئەوەی هەبووە بە ووردبینی و ڕاستگۆییەوە بگێڕێتەوە. لێرەدا توانای نووسەر لە ئافراندنی کارەکتەری خەیاڵیدا دەرناکەوێت، بەڵکوو لە شێوازی شیکردنەوە، داڕشتنی ئەدەبی و ڕوانینی تایبەتی خۆیدا بۆ ڕووداوە ڕاستەقینەکان دەردەکەوێت. نووسینی ناخەیاڵی هەوڵ دەدات تێگەیشتنی خوێنەر بۆ جیهانی واقیعی فراوانتر بکات و زانیاری و ئەزموونی بەرجەستەی پێ ببەخشێت.

جیاوازییەکانی هەردوو شێوازەکە:
یەکێک لە جیاوازییە گرنگەکانی نێوان ئەم دوو شێوازە لە کەرەستەی نووسین و ئامرازی گێڕانەوەدا دەرەکەوێت، لە نووسینی فیکشندا، نووسەر ئامرازی وەک دروستکردنی کەش، دراما و هێڵی چڕی ڕووداوەکان بەکاردێنێت تا خوێنەر بباتە ناو جیهانێک کە خۆی نەیتوانیوە ئەزموونی بکات، بەڵام لە نافیکشندا ئەگەرچی نووسەر دەتوانێت هەمان تەکنیکە ئەدەبییەکانی فیکشن بەکاربهێنێت وەک داڕشتنی وێنەیی و زمانی هونەری، بەڵام سنوردارە بەو چوارچێوە مێژوویی و واقیعییەی کە بابەتەکە دیاری دەکات. لە ڕاستیدا سنووری نێوان ئەم دوو بەشە هەندێک جار دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی جۆری ئەدەبی نوێ کە تێیاندا سنوورەکان ئاوێتە دەبن، وەک ڕۆمانی بەڵگەنامەیی یان یادداشتی هونەری، بەڵام جەوهەری جیاوازییەکە هەمیشە لە نیازی نووسەر و پەیمانی ناڕاستەوخۆی نێوان نووسەر و خوێنەردا دەمێنێتەوە؛ لە فیکشندا خوێنەر دەزانێت جیهانەکە دروستکراوە بەڵام بەدوای ڕاستی مانا و هەستدا دەگەڕێت، لە کاتێکدا لە نافیکشندا خوێنەر بەدوای ڕاستییە ڕووداوکراوەکان و بەڵگەکاندا دەگەڕێت.
لە کۆتاییدا، نووسینی دەق لە ئەدەبدا، چی خەیاڵی بێت یان ناخەیاڵی، ئامانجی دروستکردنی پەیوەندییەکی قووڵە لەگەڵ بەهاکان و تێگەیشتنی مرۆڤ بۆ ژیان. فیکشن لە ڕێگەی بالۆرە و خەیاڵەوە ڕەهەندە شاراوەکانی ناخ و ئەگەرهێنانی جیهانە نەبینراوەکان دەپشکنێت، کاتێک نافیکشن لە ڕێگەی کۆکردنەوە و شیکردنەوەی واقیعەوە مانای قووڵتر بە ڕووداوە بەرجەستەکانی جیهانەکەی ئێمە دەبەخشێت. هەردوو ڕێبازەکە تەواوکەری یەکترن لە دەوڵەمەندکردنی کەلەپووری ئەدەبی و ڕۆشنبیریی مرۆڤایەتیدا و هەر یەکەیان ئامرازێکی بێهەوتا بەدەست نووسەرەوە دەدات بۆ دەربڕینی ڕوانینەکانی.

بنەڕەتی خەیاڵ لەلای ستیفن کینگ:
نووسەر و ڕۆماننووسی دیاری ئەمریکایی ( ستیفن كینگ Stephen King ) پێیوایە کە هەموو خەیاڵێک (فیکشن) لە بنەڕەتدا درۆیەکە، بەڵام درۆیەکە ڕاستی تێدایە، بە باوەڕی کینگ، فیکشن تەنها کۆمەڵێک وشەی خەیاڵی نییە، بەڵکوو ئامرازێکە بۆ دەربڕینی حەقیقەتە دەروونی و شاراوەکانی مرۆڤ، کە زۆر جار واقیعی رۆژانە ناتوانێت بیاندرکێنێت.

تۆماس مان و هەقیقەتی خەیاڵ:
نووسەری ئەڵمان و خاوەنی خەڵاتی نۆبڵ ( تۆماس مان Mann Thomas١٨٧٥-١٩٥٥)، دیدگەیەکی فەلسەفییانەی هەیە و دەڵێت: خەیاڵ (فیکشن) حەقیقەتێکی قووڵترە کە لەڕێگەی ماسک و جلوبەرگی خەیاڵەوە دەردەکەوێت. واتە نووسەری فیکشن ڕاستیی ڕووت پێشکەش ناکات، بەڵکوو لەڕێگەی دروستکردنی جیهانێکی خەیاڵییەوە، ڕاستییەکی گەورەتر دەربارەی ژیان دەخاتەڕوو.

جۆرج ئۆروێڵ و نووسینی ناخەیاڵی:
ڕۆژنامەنووس و ڕۆماننووسی بەریتانی( جۆرج ئۆروێڵ( George Orwel ١٩٠٣-١٩٥٠) لەسەر باوەڕی نافیکشن و نووسینی سیاسی و ڕۆژنامەوانی، جەخت لەسەر ڕاستگۆیی دەکاتەوە، ئۆروێڵ پێیوایە کە نووسینی ناخەیاڵی و وتار نووسین دەبێت چەکی بەرگری بێت دژی درۆ و چەواشەکاری، هەروەها دەشڵێت ئەرکی سەرەکیی نووسینی ناخەیاڵی ئەوەیە کە واقیع وەک خۆی، بەبێ ڕازاندنەوەی فێڵبازانە بە خوێنەر بگەیێنێت.

دەستکاری هەقیقەت لەلای ماری کار:
نووسەر و ئەکتەری ئەمریکایی (ماری جەین کار Mary Karr ١٨٧٤-١٩٧٣) یەکێک لە نووسەرە دیارەکانی بواری یاداشت نووسین کە لقێکی نووسینی نافیکشنە دەڵێت: جیاوازیی نێوان فیکشن و نافیکشن لەوەدایە، کە لە فیکشندا نووسەر دەتوانێت کۆتایی چیرۆکەکە بگۆڕێت، بەڵام لە نافیکشندا تۆ بەستراویتەوە بەو زەوییەی کە پێیدا تێپەڕیووی و ناتوانیت ڕووداوەکان بە ئارەزووی خۆت دەستکاری بکەیت.