وەرگێڕانی شۆڕش غەفووری – هەولێر
(دەیڤید هاندلی – David Handley) لە شاری (یورکشیر – Yorkshire )ی بەریتانیا، پرسیارێکی ئاراستەی ڕۆژنامەی (گاردیەن) کردووە، و دەڵێت: «ستایشێکی زۆری کتێبخوێنە باشەکان دەکرێت. دەمویست بزانم بۆ بوونە خوێنەرێکی پیشەگەر و هەمیشەیی، لانیکەم دەبێت کامە کتێب بخوێنمەوە؟»
لە بەرامبەریشدا (گاردیەن) پرسیارەکەی داوەتە (ڕۆبێرت مەککروم – Robert McCrum)ی نووسەر و سەرنووسەری پێشووی (ئۆبسێرڤەر – the Observer)ی ئەدەبیی.
ئێمەش لێرەدا و ڕۆژانە، وەڵامی ئەو پرسیارانە بلاو دەکەینەوە کە لەبارەی کتێب و ئەدەبیاتەوە ئاراستەی (گاردیەن) دەکرێن. لەم ڕێگەیەوە دەمانەوێت جۆرە (کتێب دەرمانی)یەک بهێنینە ئاراوە و وا لە خوێنەر بکەین کە هەست بکات (کتێب) دەرمانی ڕاستەقینەی مێشک و گەشەسەندنی مرۆڤە.
ئەمەی خوارەوەش وەڵامەکەی ڕۆبێرتە:
لە ساڵی (١٦١٨) و دوو ساڵ دوای مردنی (شکسپیر)، خوێنەرێکی باش، دەیتوانی بە ئاسانی ناوی هەموو ئەو کتێبانە لەسەر کاغەزێک یا کارتێک بنووسێت کە هەیبوون. ئەودەم دەتتوانی زۆر بە ئاسانی بزانی کتێبخانەیەکی باش چ جۆرە کتێبێکی تێدایە و ئەو کتێبە کلاسیکە باشانەی سەردەمی ڕێنیسانست دەست دەکەوتن کە وەرگێڕانێکی زۆر باشیان بۆ کرابوو.
دوای چوار سەدە، پێناسەکردنی خوێنەری باش و پیشەگەر و بابەتی ئەو کتێبانەی کە دەیانخوێنێتەوە، هەم قوورسە و هەمیش ناکرێت زۆر گشتگیرانە قسەیان لەسەر بکرێت. لە لایەکی تریشەوە، چێژی خوێندنەوەی ڕابردوو و بابەتە کلاسیکییەکان زۆر زیاترە لە چێژی خوێندنەوەی کتێبی ئێستا. هەر بەڕاستی، نازانین ئەم کتێبانەی ئێستا بۆ تینوویەتیی خوێنەر ناشکێنن؟!
بەڵام لە شتێک زۆر دڵنیاین: خوێندنەوەی کتێبی باش، پەیوەستە بە حەز و سەرنج و تێهزرینی خۆدی کەسەکەوە. ئەو کتێبانەی کە لای ئێمە باش و سەرەنجڕاکێشن و دەیانخەینە نێو لیستی کتێبە باش و خوێنراوەکانەوە، مەرج نییە بژاردەی کەسێکی دیکەش بن، بەڵام سەرەڕای هەموو ئەوانەش، هەندێک لیستی کتێب هەن کە بەنەرخن بۆ خوێندنەوە و لە لای زۆرێکیشمان ناسراون.
بە ڕای من، سێ پۆل کتێب هەن کە مێشک و ئاوەزی مرۆڤێک دەکەنەوە و وای لێدەکەن کە وەک خوێنەرێکی خەمخۆری کتێب و پیشەگەر بناسرێت:
یەکەم: شاکارە کلاسیکییەکانی یۆنان و ڕۆما:
لە نێو ئەم لیستە کتێبەشدا، دەتوانین بەرهەمەکانی (هۆمیرۆس – Homer)، (ئەفلاتون – Plato)، (ئیسخولوس – Aeschylus)، (ئەرەستۆ – Aristotle)، (ئوریپیدیس – Euripides)، (ڤێرگیل – Vergil)، (پلوتارک – Plutarch)، (ئۆڤید – Ovid)، (ژوونال – Juvenal)، (سافۆ – Sappho) و چەند نووسەرێکی تر ناوبەرین.
دووەم: شاکارە ئەدەبییەکانی سەر بە کلتووری ئەدەبیی بەریتانی – ئەمریکی:
کتێبی نووسەرانی سەر بە کلتووری ئەدەبیی بەریتانی – ئەمریکی، شاکارێکی ئەدەبین کە نابێت خوێنەری باش لێیان غافڵ بێت و دەبێت لە ژیانیدا چەند بەرهەمێکی ئەم نووسەرانە بخوێنێتەوە: (ولیام شکسپیر – William Shakespeare)، (جۆن میلتۆن – John Milton)، (جۆن دان – John Donne)، (لۆرد بايرۆن – Lord Byron)، (جەین ئوستن – Jane Austen)، (جۆن کیەتس – John Keats)، (چارلز دیکنز – Charles Dickens)، (مارک توین – Mark Twain)، (هێنری دەیڤید تۆرۆ – Henry David Thoreau)، (ئیمەیلی دیکنسۆن – Emily Dickinson)، (ناتانائیل هاوتۆرن – Nathaniel Hawthorne)، (هێرمان مەلڤێل – Herman Melville)، (واڵت ویتمان – Walt Whitman)، (جۆرج ئەلیۆت – George Eliot)، (ئێزرا پۆوند – Ezra Pound)، (و. ئۆدن – W. H. Auden)، (ف. سکۆت فیتزجیراڵد – F. Scott Fitzgerald)، (ئێرنست هەمینگوای – Ernest Hemingway)، (موریل سپارک – Muriel Spark)، (ساموئێل بێکێت – Samuel Beckett) و (ڤێرجینیا وۆڵف – Virginia Woolf) و هەندێک نووسەری گەورە هاوچەرخی تری وەک (جەیمس بالدوین – James Baldwin)، (هارۆڵد پێنتەر – Harold Pinter)، (تۆنی مۆریسۆن – Toni Morrison)، (هێنری میلەر – Henry Miller)، (ساڵ بێلۆ – Saul Bellow) و (ڤ. س. نایپڵ – V. S. Naipaul).
سێیەم: شاکاری نووسەرە مشتومڕاوییەکان
پۆلە نووسەرێک هەن لە دونیادا کە جێی مشتومڕن و لە لای هەر کەسەو بە جۆرێک پێناس دەکرێن. هەندێک هەن وەک شاسواری هەموو سەردەمەکان دەیانناسن و هەندێکی دیکەش پێیان وایە نووسەرێکی ئاسایین و ناکرێت هەموو تیۆری و قسەیەکیان بە ڕەهایی لێوەرگیردرێت، وەک نووسینەکانی نووسەران (مارسل پڕۆست – Marcel Proust)، (زیگمۆند فرۆید – Sigmund Freud)، (فڕانتز فانون – Frantz Fanon) و (میخاییل بولگاکۆڤ – Mikhail Bulgakov) تاوەکو (گۆنتەر گراس – Gunter Grass)، (گابریەل گارسیا مارکیز – Gabriel Garcia Marquez)، (میلان کۆنێدرا – Milan Kundera) و (پریمۆ لڤی – Primo Levi).
(ڕۆبێرت مەککرۆم) لە کۆتاییدا و بۆ (دەیڤید هاندلی) دەنووسێت:
«من تەنها ئاماژەم بە گۆشەیەک لە نووسەرە گەورەکان داوە، بەڵام پێم وایە بەرهەمی ئەم نووسەرانە بەشێکی دانەبڕاوە لەو لیستەی کە باشترین کتێبەکانی دونیای لەخۆ گرتووە و بە خوێندنەوەیان خوێنەر دەبێتە کەسێکی پیشەگەر و کتێبخوێن.»
سەرچاوە: گاردیەن
لینکی بابەت:
https://www.theguardian.com/books/2018/may/12/book-clinic-what-constitutes-well-read

