رۆژنامەی ھەولێر

مێژووی كەسایەتییەكانمان لە دووتوتی كتێبێكدا

 

 

(وجوە لها تأریخ) ناوی ئەو كتێبەیە كە برای نووسەر كاك (سلێمان حوسێن عەباس) نووسیویەتی و، لە دووتوێی ٢٣٩ لاپەڕەی قەبارە گەورەدایە؛ بە كورتی مێژووی ژیان و بەرخودانی ئەو كەسایەتیانەمان بۆ دەگێڕێتەوە كە دەستێكی باڵایان لە شۆڕشەكانی كورد و كوردستاندا هەبووە و، هەریەكەیان لە بواری تایبەتمەندی خۆیەوە، شایستەی ئەوەیە كە ناوی بكەوێتە نێو كتێبێكی ئاوادا، كە تەرخان كراوە بۆ ناساندنی هەریەكەیان بەو جۆرەی لە هزری نووسەرەكەیدا پێكەی شایستەی خۆیان هەیە و لەلای خۆیشمان بەهەمانشێوە نەك هەر ناسراون، بەڵكو ڕەنگە زیاتریش ناسراوبن و لەم بارەشەوە كاك سلێمان دەڵی (ئەم كتێبەی من لە بنەڕەتدا بۆ كوردی باشوور نەنووسراوە كە نەك هەر ئەو كەسایەتییانە دەناسن، بەڵكو ڕەنگە لە گەڵیشیاندا ژیابێتن و هەریەكە و چیرۆكێكتان لەگەڵیدا هەبێ، ئەمە لە بنەڕەتدا بۆ كوردانی ڕۆژئاڤای كوردستان نووسراوە. كە كەمترین زانیاریان لە بارەی ئەو كەسایەتییە مەزنانەوە هەیە و لەوەش زیاتر بریتییە لەوەی كە بە زمانی عەرەبیم نووسیوە تا ڕۆشنبیران و خوێنەرانی عەرەبیش بەو كەسایەتیانە ئاشنا بكەم. لەمەیاندا نووسەر توانیەتی مەبەستە سەرەكییەكەی خۆی بپێكی و جۆریك لە ناساندن و ئاشنایەتی لە نێوان پارچە دابڕاوەكانی كوردستان دروست بكات.
لەگەڵ ئەوەی پشكی شێر وەبەر كەسایەتییەكانی باشووری كوردستان كەوتوون، بەڵام كەسایەتییە مەزنەكانی پارچەكانی دیكەی كوردستانیش فەرامۆش نەكراوە و توانیویەتی تێكەڵیەكی شایستەی هەرچوار پارچە لەو كتێبەیدا بەیەكەوە ببەستێتەوە كە لە بنەڕەتدا هەرهەموویان ژیانی خۆیان بە قوربانی ئایندەی كوردستان كردووە.
پیرۆزە و بەهیوای بەرگی زیاتری كتێبەكە، كە وەكو نووسەر پێی ڕاگەیاندین بەنیازە لە ئایندەدا درێژەی پێ بدات و ئەوانیش بەچاپ بگەیەنێت.