خوێندنەوەی: ئاری ئاغۆک
لەماوەی چەند هەزار ساڵێکدا، یان لە سەدان ساڵ و تەنانەت لە دەیان ساڵیش دا، دەشێ ئاڵوگۆڕی زۆر بنەڕەتی سەرنج بدرێ، وەک ئەوەی خەڵکی کە زەوی دەکێڵن، هەموو ساڵێک ئەوەندە گڵ دەگوێزنەوە کە سێ هێندەی ئەو خاکە دەبێ کە بورکانەکان هەر لەو ماوەیەدا لە ژێز زەوییەوە دەیڕێژنە دەرەوە، لەم پێنج سەد ساڵەی دواییدا مرۆڤایەتی نزیکەی پەنجا ملیار تەن کاربۆن و دوو ملیار تەن ئاسنی لە قوڵایی زەوی دەرهێناوە، هەروا لە ماوەی ئەم سەد ساڵەی داوییدا پڕۆژە پیشەسازییەکان نزیکەی سێ سەد و شەست ملیار تەن غازی ئۆکسیدی کاربۆنیان لە هەوادا زیاد کردوە و بەمەش ئاستی بوونی ئەم غازەیان گەیاندۆتە نزیکەی لە سەدا سیانزە، ئەو غازەی ئۆکسیدی کاربۆنەی لە هەوای دەوروپشتدا زیادبووە بەسە بۆ ئەوەی پلەیەک یان پلە و نیوێک ئاستی نێوەندی گەرمایی بەرز بکاتەوە، ئێمەی مرۆڤ ژینگەی خۆمان بەدەستی خۆمان کردووەتە ژانگە.
-ئەم چەند دێرەی کۆتایی کە لە پەڕە ١٣ لە کتێبی قەیرانی ژینگە بەتایتڵی (لەبڕی پێشەکی)، ئاماژە گەلێن بە مەترسییەکی گەورەی ژینگەیی دەتوانین لەم چەند خاڵە کۆی بکەینەوە:
١-ڕۆژ لەدوای ڕۆژ بەهۆی گۆڕانی کەش و هەوا، کێشە ژینگەییەکان ڕوو لە زیاد بوون دەکەن.
٢-لەبەرانبەردا ڕێگە چارە و پارێزگاری لە ژینگە بەشێوەیەکی باش نیەو پێویستی بە زیاتر هەیە.
٣-هۆکاری سەرەکی تێکچوونی ژینگە، هەر خودی مرۆڤەکانی سەر رووی زەمینن، بۆیە دەبێت بەر لە هەموو شتێک لەخۆمانەوە دەست پی بکەین.
کاتی ناوەڕۆکی ئەم کتێبەم خوێندەوە، گەیشتمە ئەو باوەڕەی کە قەیرانی ژینگە، قەیرانە مەترسیدارەکەی جیهانە، وەک زەنگێکی مەترسیدار، نووسەری کتێب، لە ڕوانگەی پەرۆشی و خەمخۆری بۆ ژینگە، بە بەپشت بەستن بەچەندین سەرچاوە، ئەم کتێبەی بۆ ئێستا و ئایندەی خزمەتی مرۆڤایەتی بەچاپ گەیاندوە.
ئێمەش لە ڕوانگەی خەمخۆریمان بۆ ئەم کتێبە گرنگە، بۆ ئەوەی زیاتر ڕوون بێت بۆ خوێنەران، شرۆڤەو خوێندنەوەیەکی بۆ دەکەین.
*پێکهاتەی کتێب
ناوی کتێب؛ قەیرانی ژینگە
نووسەر؛ هەندرێن شێخ راغب
ئەم کتێبە یەکێکە لەو بەرهەمە گرنگ و پڕ زانیارییانەی دەربارەی (ژینگە و ژینگەناسی) نووسەر بە شێوەیەکی ئەکادیمی و زانستی و ئاماژەدان بەسەرچاوەی زانستی و میدیایی، لە دووتوێی ٢٦٨ لاپەڕە لە ڕێگەی شەش بەشەوە چۆتە قوڵایی خەمە ژینگەییەکانی ئێستا و ئایندە، کە بەم شێوەیە پێکهاتوە:
*بەشی یەکەم- تورەگەی ئەم کتێبە.
لەم بە شەدا (١١) بابەت لە نێو تورەگەوە خستیەتیەڕوو ئەمانیش بریتین لەم ناونیشانە، دواتر بۆ هەر بەشێک شیکردنەوە و شرۆڤەی خۆمان دەبێت.
(ژینگە چیە؟، توخم و پێکهاتەی ژینگە، نەوەی سێیەم دەبینین، زەوی، خۆر، ئۆزۆن، زیادبوونی دانیشتوان، دارستانی ئەمازۆن، ئەو هۆکارانەی سەرچاوەی کێشە ژینگەیەکانی جیهانن، قەیرانەکانی ژینگە جێگەی هەڵوەستەی بەرپرسیارانەن، ژیانگەی ئێمە و خەونی بێ سنوری مرۆڤ).
*بەشی دووەم-ئاو قەیرانێکی جیهانی و هەرێمایەتی و ناوخۆیی.
لەم بەشەدا (٥) بابەت بڵاوبۆتەوە، کە هەر بابەتێک لە ڕوانگەیەکی قەیراناوی خۆیان دەدۆزنەوە ئەوانیش بریتین لە: (پەنا بەری ئاو، سیاسەتی ئاو لە ئێران دەرەنجامەکانی کوشندن، ئەرلینگ فولکڤۆر: کێ دەبێیە خاوەنی ڕووبارەکان؟، ٥٠٪ ی ئاوی سازگاری عیراق بە فیڕۆ دەڕوات، هۆشداریەکی گرنگ لە نەتەوە یەکگرتوەکانەوە).
*بەشی سێیەم-گۆڕانی کەش و هەوا.
لەم بەشەدا بە شێوەیەکی زانستی و داتای سەردەمیانە لە ڕێگەی (٨) بابەتەوە نووسەر گۆڕانی کەش و هەوای خستۆتەڕوو ئەوانیش بریتین لە: (سێ بڕیاری گرنگ لەلایەن ئەمریکاوە، گۆڕانی ئاو و هەوا: ١١ شاری گەورەی جیهان ژێر ئاو دەکەون، تێڕوانینێکی گشتی سەبارەت بە گۆڕانی ئاو و هەواو کاریگەرییەکانی، هەوڵی چارەسەریەکان جێگای پشتیوانین، پیسبوونی ژینگە چیە و جۆرەکانی چین؟، نەتەوە یەکگرتووەکان: وڵاتان وەک پێویست نین، منداڵان قوربانی گۆڕانکاری ئاو و هەوان، ڕێکخراوی کەشناسی جیهانی ڕاپۆرتێک بڵاودەکاتەوە).
*بەشی چوارەم-بە بیابان بوون.
ئەم بەشە (٥) بابەت لە خۆدەگرێ ئەوانیش بریتین لە: (بە بیابانبوون لە جیهاندا، وەزارەتی پلاندانان: نیوەی خاکی عیراق بووەتە بیابان، ساڵانە لە جیهاندا سەرووی ١٢ ملیۆن هێکتار زەوی لە سەوزاییەوە دەبێتە بیابان، خۆڵبارین، سعودیە ٥٠ ملیار درەخت دەچێنێت).
*بەشی پێنجەم- دیسان قەیرانی دیکەی ژینگە.
لەم بەشەدا بە ئاماژەدان بە قەیرانە ژینگەییەکان (١٠) بابەت لە خۆدەگرێ ئەوانیش بریتین لە: (کوردستان سەبەتەی خاشاکی ئەلکترۆنی، ١٠ وڵات هۆکارن بۆ زیادبوونی دوانەئۆکسیدی کاربۆن، لەهەر خولەکێکدا ٢٠ تۆن پلاستیک دەکرێتە زەریاکانەوە، نەتەوە یەکگرتووەکان پلانی کەمکردنەوەی پاشماوەی پلاستیک تا ٤٠ ساڵی دیکە دادەڕێژێت، ژمارەی گیانلەبەرانی سەر زەوی بە ڕێژەی ٦٨٪ کەمیانکردووە، بەهۆی گۆڕانکارییەکانی ئاو و هەواوە یەک ملیار منداڵ لە مەترسی دان، ئاسمان ژەهرەکانی مرۆڤ دەگەڕێنێتەوە، چالاکوانان: بۆ پاراستنی ژینگە وەچە خستنەوە بوەستێنن، هەوای پیس مرۆڤ دەکوژێت، زیاتر لە جگەرەکێشان، پاشماوە پزیشکییەکان لە کوردستان مەترسی گەورەی تەندروستی و ژینگەن).
*بەشی شەشەم-دژی نائومێدی.
لە دوا بەش دا (٦) بابەت لەخۆدەگرێ ئەوانیش بریتین لە: (هەوڵە جیاوازەکان، ڕۆژێک بۆ نیشتیمان، ژینگە و منداڵ، ژینگە و مافی مرۆڤ، هۆشداریەکان بەردەوامن، پاکبوونەوەی هەسارەی زەوی پاکبوونەوەی ژیان).
-بەشێوەیەکی گشتی هەر بابەتێکی نێو ئەم کتێبە گوزارشتە لە قەیرانێکی گەورە ئەگەر هۆشیارانە و زیرەکانە ڕووبەڕووی نەبینەوە ئەوا ئەو ووشە جوانەی کە ناوی (ژینگە)یە دەگۆڕدرێت بۆ پڕۆسەیەکی دیکە، ئەویش دەبێتە (ژانگە).
ژانگە دەبێتە ژانێکی گەورەی ژیان و شێرپەنجەیەکی ئەبەدی، ئێش و ئازارەکەی بۆ نەوەی ئێستا و ئایندە دەبێت، بۆیە دەبێت وەک ئەرکێکی مرۆیی، ئاینی، نیشتیمانی هەریەکەمان لە شوێن و پێگەی خۆمان لەسەر ئاستی تاک و خێزان و کۆمەڵگە و دەسەڵات کار لەسەر ئەم پرس و بابەتانە بکەین کە نووسەری کتێب خستۆتیەڕوو، تا ویژدانی ژینگەییمان ئاسودە بێت.
*شرۆڤەو خوێندنەوە:
کاتێ نووسەر کۆمەڵە بابەتێک یا ووتارێک لە دووتوێی کتێبێک بڵاو دەکاتەوە، لای هەر خوێنەرێک بە جۆر و تێڕوانینێک کتێبەکە دەخوێنێتەوە، تا ئەو شوێنەی مەبەستیەتی سود و زانیاری لێ وەردەگرێ، بەندەش وەک خوێنەرێک دوای خوێندنەوەی ئەم کتێبە گرنگە دەربارەی پرسێکی گەورەی جیهانی ئەویش (ژینگە) یە، لە ڕوانگەی پەرۆشیمان بۆ کتێب بەگشتی و کتێبی ژینگەیی بەتایبەتی، بۆ زیاتر بەرچاوڕوونی و ئاشنابوونی خوێنەر بەم کتێبە، ئەوا لە هەر شەش بەش دا، بابەتێک هەڵدەبژێرین و شرۆڤەو خوێندنەوەی خۆمانی بۆ دەکەین:
*چەند ڕاستییەکی تاڵ، بەشی یەکەم – ل٢٦
-بەداخەوە ئەو وڵاتانەی کە ڕووبەڕووی زیادبوونی دانیشتوان دەبنەوە لە وڵاتە هەژارەکانن و توانای زیاتری لە خۆگرتنی دانیشتوانی نیە.
-دارستانەکان بە بڕی ٤٠٠ بلیۆن دۆلار بەشداری ئابووری جیهانی دەکەن، بەڵام نیوەیان ڕووبەڕووی بڕینەوە و سوتان بوونەتەوە، ساڵانە نزیکەی ١٦ ملیۆن هێکتاریان لێ لەناو دەچێت وە داخوازی لەسەر بەرهەمی دارستانەکان زیاترە لە ڕوبەری ئەو دارستانانەی کە هەیە بە ڕێژەی ٢٥٪
-٢٠٪ ی ماسی ئاوە شیرینەکان لە ناوچوون یان ڕووبەڕووی لە ناوچوون دەبنەوە.
-هەر ١٥ ساڵ جارێک ١ ملیار کەس بۆ دانیشتوانی جیهان زیاد دەبێت.
ئەم زانیاریانەی سەرەوە بەناونیشانی (ڕاستیەکی تاڵ)، نووسەری کتێب هەندرێن شێخ راغب، لە بەشی یەکەم ١٩ خاڵی وەک ڕاستیەکی تاڵی مەترسی ژینگەیی جیهانی و ناوچەیی و هەرێمی بە پشت بەستن بەسەرچاوەی میدیایی دەستنیشان کردوەو بەڕوونی ئاماژەی پێداون. لێتان ناشارمەوە کاتێ سەرجەم مەترسییەکانم خوێندەوە، نائومێدی زێترم لادروست بوو بەرانبەر بە ژینگە و ژیان و ئایندەی مرۆڤایەتی، بۆیە وەک تاکێکی کۆمەڵگە هیوادارم ئەو مەترسیانە رێگەی چارەی گونجاو و هەستکردن بە بەرپرسیاریەتی، هەریەکێکمان لە لای خۆمانەوە ئەم دۆخە بگۆڕین بۆ باشتر کردن و گەڕانەوە بۆ سروشتی پاک و جوانەکە.
هەروەک لە خاڵی یەکەم دا ئاماژە بە وڵاتە هەژارەکان کراوە کە زیادبوونی ڕێژەی دانیشتوان جگە لە هۆکارە ئابوریەکە، ئەوا کێشەی ژینگەش دەبێتە هۆکارێک بۆ دانیشتوانە هەژارنشینەکان، ئەمەش مەترسی و ڕاستیە تاڵەکە دەخاتەڕوو، بۆیە دەستنیشانکردنی ئەم کێشەیە پێویستی بەوە هەیە ڕێکخراوە تەندروستی و ژینگەییە نێو دەوڵەتیەکان بەدواداچوونی بۆ بکەن بۆ زیاد نەبوونی ئەم ڕێژەیە.
-لە خاڵێکی دیکەدا باس لە دارستانەکان کراوە، بێگومان هەموومان دەزانین دارستانەکان لە هەر کوێیەکی جیهان دا بێ، ئەوا کاریگەری لەسەر ژینگە و هەناسەی ژیان دەبێت، بەڵام مەترسیە گەورەکە لەوەوە دەست پێ دەکات کە نیوەی ئەو ڕێژەیە ڕووبەڕووی بڕینەوەو سوتانەوە دەبێت، ئەمەش جگە لە زیانە ئابوورییەکە، ئەوا کاریگەری خراپی لەسەر سروشت و ژینگە دەبێت، بەداخەوە ئەم داتاو زانیاریە هەمدیس زەنگێکی مەترسیداری جیهانییە پێویستی بە هەڵوەستەکردن هەیە.
-ماسی لە ناو ئاوی شیرین وەک ژینگە و ژیان، ئەوا پێویستی بە چاودێری بەردەوام هەیە، کە دواجار سود بە تەندروستی مرۆڤ دەگەیەنێت، بەڵام بەداخەوە دیسان لە ڕێگەی ڕاستیەکی تاڵەوە ئەو زانیاریەمان بۆ دەردەخات کە ماسییەکان خەریکە ڕووبەڕووی لە ناوچوونەوە دەبن ئەویش هۆکارە سەرەکیەکەی مرۆڤە، کە پیسکەری ڕووبار و دەریاکانن، کە دواجار کاریگەری لەسەر ڕێژەی تەندروستیش دەبێت.
-یەکێکی تر لەو ١٩ خاڵە مەترسیە ژینگەییەی جیهان کە لەم کتێبەدا ئاماژەی پێ کراوە بریتیە لە زیادبوونی ڕێژەی دانیشتوانی جیهان، ئەوەتا ئامارەکان پێمان دەڵێن ١٥ ساڵ جارێک، یەک ملیار کەس بۆ دانیشتوانی جیهان زیاد دەبێت، لەگەڵ ئەوەی ئەم ڕێژەیە کاریگەری لەسەر گشت سێکتەرەکانی ژیان دەبێت، بەڵام وەک بابەتی دەستنیشانکراو، ئەویش (ژینگە)یە، ئەوا ئاماژەیەکی خراپە، چونکە بە دیوێک سروشت و ژینگەی جیهان بەرەو دۆخێکی خراپ هەنگاو دەنرێت، لەلایەکی دیکەوە ڕێژەی دانیشتوان ڕوو لەزیادبوون دەبێت، بێگومان ئەمەش هاوسەنگیە ژینگەیی و تەندروستیەکە بەرەو تێکچوون دەبات.
٥٠٪ ی ئاوی سازگاری عیراق بە فیڕۆ دەڕوات، ل ١١٦
عیراق لە ناوەوەی خۆیشی ڕەحم بە خۆی ناکات، ئاستی هۆشیاری پاراستنی ڕەگەزەکانی ژینگە لاوازە، هەوڵەکانی بەردەم چارەسەری کێشە ژینگەییەکان جێگای شایستەی خۆیان نەگرتووە، لە لێدوانێکدا وەزیری سەرچاوەکانی ئاو دەڵێت؛ ٥٠٪ ی ئاوی سازگاری عیراق بە فیڕۆ دەڕوات.
ئەم چەند دێرەی سەرەوە ئاماژە گەلێکن بە زەنگە مەترسیدارەکە، کە نووسەر ئاماژەی پێکردوە، بۆیە لێرەدا دەتوانین بلێین:
ئاو بەشێوەیەکی گشتی تەنیا بۆ خواردنەوە بەکارنایەت، بەڵکو سەرچاوەی بەردەوامی و سروشتی مرۆڤایەتی و ژیانە، کە بۆ ژینگە و مرۆڤ تەواوکەری یەکترن، بەڵام ئاوی پاک و سازگار سەرچاوە و بنەمای ژیانێکی تەندروستە، بۆیە پاراستنی ئاوی سازگار و خاوێن، ئەرکێکە لەسەر شانی هاوڵاتی و حکومەت و لایەنی پەیوەندیدار، هەر لایەنەو لە شوێن و پێگەی خۆی دەبێت وەک ئەرکە ئاینی و ئیمانی و مرۆڤایەتیەکە پارێزگاری لێ بکەن، بەداخەوە ئەو بابەتە و زانیاریەی کە نیوەی ئاوی سازگار بەفیرۆ دەروات، لە کاتێکدا ئاینی پیرۆزی ئیسلام پێمان دەڵێت، لەکاتی دەستنوێژ شوشتن و گەر لەسەر دەریاش بێ، موسلمان نابێ ئاو بەفیڕۆ بدات، کەچی بەداخەوە وا خەریکە نیوەی ئەو ئاوە سازگارە لە عیراق بە فیڕۆ دەڕوات، لە کاتێک دا چەندین وڵات بەدەست کەم ئاوی و وشکە ساڵی دەناڵێنن، ئەمەش زەنگێکی مەترسیدارە بۆ داهاتووی مرۆڤایەتی، بۆیە دەبێت لە سەر ئاستێکی باڵا ئەم پرسە کاری لەسەر بکرێت.
*هەوڵی چارەسەریەکان جێگای پشتیوانین، بەشی سێیەم- ل ١٤٢
هەستکردن بە گۆڕانکاریەکانی کەشوهەوا، جموجۆڵی ئەوەشی دروست کردووە کە ڕێگاکانی چارەسەرکردنی ئەم گۆڕانکاریانە درک بکرێت و بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە، لانی کەم ئەگەر سنورداریش بن زۆر باشترە لەوەی هیچ هەولێکی چارەسەر نەبێت، بۆیە لەهەر شوێنێک دڵسۆزی و هەوڵ و بەدواداچونێک هەبێت، جێگای ئەوەیە پشتیوانی لێ بکرێت و هانبدرێت.
ئەم پێشەکیەی سەرەوە ئاماژە گەلێکی نووسەرە بۆ دۆخی گۆرانکاریەکانی کەش و هەوا کە لە ٤ خاڵ دا ڕێگا چارەو جێبەجێکردنی خستۆتەڕوو، لێرەدا ئەگەر باس لە کەش و هەوا بکەین دەبێ لەو پێناسەوە تێیبڕوانین کە گۆڕانی کەش و هەوا تەنیا گۆڕانی پلەی گەرمی و بابەتە پەیوەستدارەکان نیە، بەڵکو وەک پەیوەندیەکی گرنگی نێوان سروشت و ژینگە و مرۆڤ پێوسیتە لە بنەڕەتدا ئەو پەیوەندیە پتەوبێت، دەبێ ئەوەش لەبیر نەکەین ژینگە بەگشتی و کەش و هەوا بەتایبەتی ڕەنگدانەوەی هەڵسوکەوت و ڕەفتاری مرۆڤە، کاتێ ئەو هەڵسوکەوت و رەفتارە جوان بێت، ئەوا داهاتوی ژینگەش دەگۆڕدرێت بۆ باشترکردنی.
*وەزارەتی پلاندانان: نیوەی خاکی عیراق بووەتە بیابان، بەشی چوارەم – ل ١٧٠
بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی پلاندانانی عیراق، ٤٣٪ ی خاکی عیراق بوەتە بیابان و ٩٤ ملیۆن دۆنم زەوی دیکە مەترسی بە بیابانبوونیان لەسەرە، عیراق لە ڕیزبەندی ٣٩ وڵاتە کەمئاوەکان دایە و ئەمە دووەمجارە لەماوەی ٤٠ ساڵی ڕابردوودا، ڕووبەڕووی وشکەساڵی لەوجۆرە ببێتەوە.
ئەمە کورتە زانیاریەکی ئەو بابەتەیە کە خراوەتەڕوو، بۆیە کاتێ زەوی بەهۆی گۆڕانی کەش و هەوا و وشکەساڵی و کەمبوونەوەی ڕێژەی باران بارین و ڕەفتارە نا تەندروستی و ناژینگەییەکانی مرۆڤ دێتە ئاراوە، ئەوا یەکەم گۆڕانکاری بریتیە لە بیابانبوون، کە هاوسەنگی نێوان سروشت و مرۆڤ بەدی دەکرێت، بۆیە زیادبوونی ڕێژەی بیابان لە هەر شوێنێک جێی مەترسیە، ئەوەتا لەم بابەتەدا نووسەر ئاماژەی بەو مەترسیە گەورەی عیراق دەکات کە لەسەر زاری بەرپرسانی وەزارەتی پلاندانان خراوەتەڕوو، ئەم هۆشداریەش زەنگێکی دیکەی مەترسیدارە بۆ عیراق و ناوچەکە بەگشتی، کە هۆکارەکانی زۆرن بەشێکی زۆری دەگەڕێتەوە بۆ خودی مرۆڤ کە سەرچاوەی تێکدانی ژینگە و سروشت و بەبیابانبوونن لەو هۆکارانەش: لەناو بردنی دار و درەخت و دارستانەکان، بەفیرۆدانی ئاو و زیاد بەکارهێنانی، هەروەها کەمبوونی باران و وشکەساڵیش هۆکارێکی دیکەی سروشتین بۆ خاکی بیابان، کەواتە لەلایەک بەفیرۆدانی ئاوی سازگار و لەیەکی دیکەش بە بیابانبوونی خاک، دەمانباتە سەر ئەو چارەنووسەی پێمان دەڵێت، بەداخەوە ووڵاتی عیراق لە مەترسیەکی گەورەی ژینگە دایە.
*پاشماوە پزیشکیەکان لە کوردستان مەترسی گەورەی تەندروستی و ژینگەن،
بەشی پێنجەم- ل ٢٠٨
پاشەڕۆ پزیشکیەکان زۆرن و سوتێنەرەکان توانای کە ناوبردنی پاشەڕۆکانیان نییە، بەو هۆیەوە هەفتانە زیاتر لەسەدان تۆن لە پاشەڕۆی پزیشکی دامەزراوە حکومی و تایبەتەکانی چارەسەرکردنی پزیشکی دەگوازرێتەوە و لەسەر خاک و بەدیاریکراوی لەناو خاکی تانجەڕۆ فڕێدەدرێت، پاش تێپەڕبوونی ماوەیەکی درێژ کە هەندێکجار درێژ دەبێتەوە بۆ زیاتر لە مانگێک لە لایەن ئامێر و تیمەکانی شارەوانییەوە خۆڵی بەسەر دا دەکرێت، یان بۆ هەتا هەتایە بەسەر دانەپۆشراوی دەمێنێتەوە، مرۆڤ و ئاژەڵ دەبن بە بەرکەوتەی ئەو پاشەڕۆیانە.
ئەم زانیاریە ترسناکە سەرنجی منی خوێنەری ڕاکێشا، ڕەنگە وەک هەواڵ لێرەو لەوێ بیستومانە، بەڵام لەدووتوێی ئەم کتێبە و بە ئاماژەدان بە سەرچاوە ڕۆژنامەوانی و زانستی و پزیشکیەکان، ئەوا ئەو هەواڵە جێی مەترسی و هەڵوەستە لەسەرکردنە، ئەو دوو نمونەی پێشتر تایبەت بوو بە خاکی عیراق، بەڵام ئەمجارە تایبەتە بە خاکی پیرۆزی کوردستان، گوناهە، جێی داخ و ئەسەفە ئەم خاک و زەویە بکەیە شێرپەنجەیەکی ترسناک بۆ نەوەی ئێستا و داهاتوو ئەویش بە هۆی پاشەڕۆ پزیشکیەکانەوەیە، ئەم بابەتە پێویستی بە بەدواداچوونی خێرا هەیە، چونکە ئەگەر ئەم پاشماوانە لەهەر شار و شارۆچکە و دەڤەرێک بن، ئەگەر بە شێوەیەکی زانستی کۆنەکرێنەوەو لەناونەبردرێن، ئەوا بەهۆی مادە کیمیایی و دەرمانەکان خاک بەرەو پیسبوونی زیاتر دەچێت و لەئەنجام دا ئاوی سروشتی و سەرچاوەکانی ئاو پیس و مەترسیدار دەبن، درەخت و نەمام و ڕووەکەکان گەشەیان نامێنێت و کاریگەری خراپی لەسەریان دەبێت، ژیانی داهاتووی مرۆڤایەتی و بوونەوەرەکان دەکەوێتە مەترسییەوە.
ڕۆژێک بۆ نیشتیمان، بەشی شەشەم- ل ٢٢٠
ڕۆژی ژینگەی ١٦-٤، ڕۆژێک نیە بۆ دەستە و وەزارەتێک، بۆ نەیەکی وەزاری نیە، چالاکیەکانی ئەم ڕۆژە بۆ یادێکی تراژیدی و بۆنەیەکی غەمگین نیە بەتەنیا، بەڵکو ژینگە بۆ هەموانە و شوناسی مانەوەو تەندروستی تاکەکانی کۆمەڵگەی کوردییە، ڕۆژی ژینگەی کوردستان بۆنەیەکی نیشتیمانی گرنگە.
لە دوا بەش دا نووسەر ئاماژەی بە ڕۆژی ژینگەی نیشتیمان کردوە، بێگومان لە ڕۆژی ژینگەدا ڕۆژی تێڕامانی قوڵە لە خاک، ئاو، هەوا، سروشت،،،،هتد. بۆیە لەم ڕۆژەدا دووپاتکردنەوەیە بۆ پەیمانێکی ڕاستگۆیانە بۆ ژینگەی وڵات، کاتێ هەر ووڵاتێک ڕۆژێکی بۆ ژینگە دیاری کردوە، هۆکارێکی لەپشتە بۆ دەستنیشانکردنی ئەم ڕێکەوتە، هەرێمی کوردستانیش کاتێ ١٦ ی نیسانی دەستنیشان کردوە بۆ ئەم ڕۆژە، دیارە پەیوەستە بەهۆکارێکی ناخۆشی نەتەوەیی، بۆیە وەک نوسەر ئاماژەی پێکردوە نابێ ئێمە وەک بۆنەیەکی تراژیدی لەئاستی وەزارەتێک و یا فەرمانگەیەکی حکومی کۆی بکەینەوە، بەڵکو وێنە گەورەکە ئەوەیە لە هزر و دیدی هەریەکێکمان پیرۆزی خاک بە هەموو ماناکانیەوە، ڕێزگرتن لەسروشت تا ئەوپەڕی ڕێز و خۆشەویستی، دووپاتکردنەوەی ژینگەپارێزی لە هەموو ئاست و چین و توێژەکان ڕەنگبداتەوە، سروشتی ژیانی مرۆڤایەتی لەگەڵ ژینگە و دەوورووبەر مامەڵەیەکی تەندروست و ساغ بێ، بێگومان ئینجا دەتوانین ئەو پەیامە دووبارە بکەینەوە کە ژینگە و نیشتیمان هەمیشە خۆشەویستن لە لامان.
*لە ژانگەوە بۆ ژیان:
دوای خستنەڕوو و گەشتێکی خێرا بە نێو ناوەڕۆکی کتێبی (قەیرانی ژینگە) وێرای دووپاتکردنەوەی دەستخۆشی لە خاوەن کتێب( هەندرێن شێخ راغب)، لێرەدا دەگەینە ئەو ئەنجامەی کە بەراستی ئێمە لە ژینگەیەکی مەترسیدارداین، کە دەڵێم ئێمە مەبەستمان مرۆڤایەتی بەشێوەیەکی گشتی ڕووبەڕوەی کێشەی ژینگە و قەیرانە گەورەکە دەبێتەوە، لەگەڵ ئەوەی زۆربەی زۆری بابەتەکانی ڕۆژ هەمیشە ڕووبەڕووی قەیرانی هەنوکەیی دەبینەوە، بەڵام کاتێ باس لە قەیرانی ژینگە و تەندروستی دەکرێت، ئینجا هەست بەمەترسیە گەورەکەی ئێستا و ئایندە دەکەین، کە بەداخەوە جیهان تووشی چ قەیرانێکی مەترسیدار بۆتەوە، بۆیە کاتی ئەوە هاتوە، ئەو ژانگەیەی ئێستا لەناوی دا گوزەر دەکەین بیگەڕێنینەوە دۆخی ئاسایی خۆی، ئێستاش درەنگ نیە، پێویستە (من، تۆ، ئەو، ئەوان)
بەنیەتێکی پاک، لە بچوکترین خاڵەوە دەست پێ بکەین، تا دوایین وێستگە.

