رۆژنامەی ھەولێر

وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان پشتیوانی بۆ سەرخستنی فیلمی “بەهەشت نابینیت ئەگەر ژن بتکوژێت” دەردەبڕێت

شیڤان شێرزاد – هەولێر

 

ئاریان سەلاحەدین، بریکاری وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا وێڕای پیرۆزبایی لە کاندیدکردنی فیلمی “بەهەشت نابینیت؛ ئەگەر ژن بتکوژێت”ـی دەرهێنەری کورد هەڵکەوت مستەفا بۆ خەڵاتی ئۆسکار، پشتیوانی وەزارەتی بۆ سەرکەوتنی زیاتری فیلمەکە و بەدەستهێنانی خەڵاتی ئۆسکار دەربری.

دەقی پەیامی پشتیوانی بریکاری وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان بۆ دەرهێنەری کورد هەڵکەوت مستەفا:
کاندیدکردنی فیلمی “بەهەشت نابینیت؛ ئەگەر ژن بتکوژێت” بۆ خەڵاتەکانی ئۆسکار پیرۆز بێت
بڕیاری کاندیدکردنی فیلمی ” بەهەشت نابینیت؛ ئەگەر ژن بتکوژێت” – ” No Paradise If You Are Killed By A Woman”ـی دەرهێنەری ناوداری کورد هەڵکەوت مستەفا بۆ لیستی باشترین فیلمە درێژە نێودەوڵەتییەکانی خەڵاتی ئۆسکار پیرۆز بێت. وەک وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان تەواوی پشتیوانی خۆمان بۆ سەرکەوتنی فیلمەکە دووپاتدەکەینەوە.
حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەردەوام پشتیوانێکی بەهێزی هونەر و پیشەسازی فیلمە لە کوردستاندا و بەردەوامیش کار دەکات بۆ سەرکەوتن و سەرخستنی پڕۆژە هونەرییەکانی سینەماکار و فیلمسازانی کوردستان لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات.
لەو سۆنگەیەوە پشتیوانیکردنی دەرهێنەری کورد هەڵکەوت مستەفا و هەوڵەکانی سەرخستنی ئەو بەرهەمە ناوازەیە، بۆ بەدەستهێنانی خەڵاتەکان لە ئۆسکاردا، وەک ئەرک دەبینین و بە هەموو توانامانەوە هاوکار و پشتیوان دەبین.
ئەم فیلمە کوردییە، بەشێک لە چیرۆکی سەرکەوتنی کورد لە شەڕی دژ بە تیرۆری داعش و قارەمانێتی ئافرەتی کورد دەگێڕێتەوە و کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر پێشخستنی پیشەسازی سینەما و بەرهەمهێنانی فیلم لە کوردستان دەبێت، بۆیە هەموو پشتیوانییەکی هەوڵەکانی سەرکەوتنی دەکەین.